٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەزگای بارزانی هاوکاریی ٦٣ خێزانی دیکەی عەفرینی کرد

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- بە هۆی بارودۆخی شاری عەفرین بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی ئاوارە بوون و هەندێک لەو ئاوارانەش توانیویانە خۆیان بگەیەننە هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاری پێشکەش بە ٦٣ خێزانیان دەکات.

 

ئەمڕۆ، ڕێکەوتی ٢٣/٥/٢٠١٨ تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کاروانێک لە هاوکارییەکانی پێشکەش بە ٦٣ خێزانی دیکەی پەنابەری عەفرین لە هیران ستی کرد، کە ئێستا لە شاری هەولێر نیشتەجێن.

 

هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بریتی بوون لە (سێت مەتبەخ، بەتانی، دۆشەک، ڕادیۆ، پێداویستیی خاوێنکەرەوە و پارسێلی خۆراک) کە بە پێی ژمارەی هەر خێزانێک دابەش دەکران.

 

جێگای ئاماژەیە ئەمە دووەم کاروانی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە بۆ پەنابەرانی عەفرین، لە ماوەی ڕابردوودا ئەو دەزگایە هاوکاری گەیاندە ٩ خێزانی عەفرین، کە تازە گەیشتبوونە هەرێمی کوردستان."

 

لە لایەکی دیکەوە، ڕێکەوتی ٢٣/٥/٢٠١٨ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و LDSی ئەمریکی سمینارێکی تایبەتیان بۆ خاوەنپێداویستییانی تایبەت لە کۆیە بە مەبەستی ڕوونکردەوە لەسەر چۆنیەتیی بەکارهێنانی کەلوپەلەکانی خاوەنپێداویستییانی تایبەت و پێدانی ڕێنماییی تەندروستی بەڕێوە برد، کە ٢٧ کەس لە سمینارەکەدا بەشدار بوون. لە کۆتاییی سمینارەکەدا تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ویلچەیر و عەکازە و پێداویستییەکانی دیکەیان بۆ ١٥ خاوەنپێداویستیی تایبەت دابین کرد.

پرۆژەی دابینکردنی ویلچەیر بۆ خاوەنپێداویستییانی تایبەت لە ڕێکەوتی ١٨/٢/٢٠١٥ـەوە لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و LDSی ئەمریکییەوە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و هەتا ئێستا بە شێوازێکی سەردەمییانە لەگەڵ پێشکەشکردنی ڕێنماییی تەندروستی بۆ خاوەنپێداویستییانی تایبەت، پێداویستییەکانی ئەو توێژەی کۆمەڵگا دابین دەکەن.


 

هەواڵی پەیوەندیدار