٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڤەمان فەیسەڵ: "کۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر هەڵبژاردن هیچ ئەنجامی نابێ"

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  ژمارەیەک پەرلەمانتار یادداشتێکیان داوەتەوە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان لەبارەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە دەکەن، ئەندامێکی لیژنەی یاسایی دەڵێ، کۆمسیۆنی بەغدا لە ژێر دەسەڵاتی پەرلەمانی عێراقدایە و کۆبوونەوەی ئێمە ھیچ ئەنجامی نابێت.

 

ڤەمان فەیسەڵ، ئەندامی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "داواکاریی ٤٣ پەرلەمانتاری کوردستان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان لەبارەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقەوە لە جێی خۆیدا نییە، چونکە پرسەکە ھیچ پەیوەندییەکی بە پەرلەمانی کوردستانەوە نییە، تەنیا لەیەک حاڵەتدا پەرلەمانی کوردستان دەیتوانی ھاوکاریی ئەو لایەنەنانە بکات، ئەویش بەرزکردنەوی داواکارییان بۆ پەرلەمانی عێراق لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە."

 

ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی گوتی: "ئەگەر دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆچوونی ئێمە وەک لیژنەی یاسایی وەربگرێت، ئەوە پێمان وایە ھیچ پێویست ناکات پەرلەمان لەبارەی ئەو پرسەوە کۆ ببێتەوە، چونکە ئێمە وەک پەرلەمان چەند کۆبوونەوە بکەین ناگەینە ھیچ ئەنجامێک لەبەر ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە ژێر دەسەڵاتی پەرلەمانی عێراقدایە و پەرلەمانی کوردستان ناتوانێ ھیچ دەستوەردانێک بکات."

 

ڤەمان فەیسەڵ ڕوونی کردەوە: "بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ژمارەی یاساییی پەرلەمانتاران دەتوانن داوای کۆبوونەوە لەبارەی ھەر پرسێکەوە بکەن، بەڵام مەرجیش ئەوەیە کە ئەو بابەتەی پەرلەمان بۆی کۆ دەبێتەوە ئەنجامی ھەبێت، خۆ ناکرێت ھەر کۆ ببینەوە بێ ئەوەی بابەتی کۆبوونەوەکە ھیچی لێ سەوز ببێت."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار