فازڵ میرانی: پشتگیریی ئەو لایەنە دەكەین كە داخوازییەكانی كوردستانیان جێبەجێ بكات

ھەولێر- -KDP.info- شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك سەرەتایەك بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێكھێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق، سەردانی بەغدا دەكات. فازڵ میرانییش كە سەرۆكایەتیی شاندەكە دەكات، دەڵێت: "كەس بە دەنگ داواكارییەكەی پارتییەوە نەھات بۆ پێكھێنانی شاندیكی ھاوپەیمان بۆ بەغدا، بۆیە بڕیارمان دا شاندی پارتی بە تەنیا سەردانی بەغدا بكات، ئێستایش لە بەغدا پشتگیریی ئەو لایەنە دەكەین كە داخوازییەكانی كورد جێبەجێ بكات".
٢٠ی ٥ی ٢٠١٨، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرپەرشتیی "سەرۆك بارزانی" كۆ بووەوە و لە میانی كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا كە شاندێكی باڵا رەوانەی بەغدا بكرێ بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بابەتی پێكھێنانی حكوومەتی ئاییندەی عێراق.
شاندەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و، خەسرۆ گۆران، ئومێد سەباح، شوان محەممەد و بەنگین رێكانییە.
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، فازڵ میرانی، پێش بەڕێكەوتنیان بۆ بەغدا، لە فڕۆكەخانەی ھەولێر و پەیوەست بە كارنامەی سەردانەكەیان، بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن، گوتی: "بڕیار بوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی شاندەكە بێت، بەڵام وا ڕێك كەوت ئێمە بین."
میرانی، گوتیشی: "وەكوو لایەنێكی دیاریكراو پشتگیریی ھیچ كەسێك ناكەین حكوومەت پێك بھێنێت، بەڵكوو پشتگیریی لەو لایەنە دەكەین كە داخوازییەكانی كورد جێبەجێ بكات، بۆ ئەمەیش داوای میكانیزم دەكەین".
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەیشی دا: "كەس بە دەنگ داواكارییەكەی پارتییەوە نەھات بۆ پێكھێنانی شاندێكی ھاوپەیمان بۆ بەغدا، بۆیە بڕیارمان دا شاندی پارتی بە تەنیا سەردانی بەغدا بكات، یەكەم لایەنیش سەردانی بكەین، موقتەدا سەدر دەبێت و پاشان گشت ھێز و لایەنەكانی تری عێراق".
میرانی دەشڵێت: "بە بێ پارتی، حكوومەتی نوێ تەشكیل نابێت و كورد پێگەیەكی بەهێزی ھەیە لە عێراقدا، ئێمە وەك كورد نەتەوەی دووەمین لە عێراقدا و شەریكین لەو وڵاتەدا، وەك پارتییش یەكەم حزبین لە كوردستان و چوارەمین لەسەر ئاستی عێراق و بە بێ پارتییش حكوومەت تەشكیل نابێت، ئێمە دەچین تا ئەو حكوومەتە پێك بھێنین".
فازڵ میرانی، وەبیری خەڵكی كوردستانی ھێناوە كە، پێش ھەڵبژاردن پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەم لایەن بوو ویستی ھەموو لایەنە كوردییەكان بە یەك لیست دابەزن و پێش ھەفتەكیش، سەرۆك بارزانی، بەیاننامەكی بڵاو كردەوە، بەڵام لایەنەكانی تر بە لیستی سەربەخۆ دابەزین.
میرانی، سەبارەت بە وەرگرتنی سەرۆكایەتییەك لەو سێ سەرۆكایەتییەی بەغدا، گوتی: "دەبێت پۆستی سەرۆككۆماری عێراق بۆ كورد بێت، راستە پرۆتۆكۆڵییە، بەڵام سەرۆككۆمار رەمزی عێراقە و بۆ كورد باشە پۆستەكەی لە دەست بێت. ھەروەھا سەرۆكوەزیران نادەنە ئێمە، سەرۆكی پەرلەمانیش ئەگەر فراكسیۆنێكی گەورەی لە پشت نەبێت، وەكو سەرۆككۆمار لاواز دەبێت، بۆیە باشترە كوردێك رەمزی عێراق بێت".
فایزە كۆیی




