شاندی پارتی لەگەڵ بەرپرسانی سوێد، چەند پرسێكیان خستە بەر باسەوە

سوێد-KDP.info- شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی سوێد و سەنتەری نێونەتەوەیی ئۆلۆف پاڵمێ و پارتی سەوزی سوێدی، كۆ بووەوە و چەند پرسێكیان خستە بەر باسەوە.
لە چوارچێوەی ئەو سەردانە فەرمییەی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجامی داوە و لە دووەم وێستگەی سەردانەكەیاندا بۆ وڵاتی شاهانەی سوێد لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لەگەڵ پارتە سیاسییەكانی ئەو وڵاتەدا چەندین دیدار و كۆبوونەوەیان ئەنجام داوە.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) و، ئەمیر عەبدوڵڵا جەرگیس، بەرپرسی دێسكی ئەورووپا لە مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە، لە دووەم ڕۆژی سەردانە فەرمییەكەیان بۆ وڵاتی سوێد، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی سوێدیان كرد و لەلایەن (ئۆلێراند خۆسۆ)، بەرپرسی دێسكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا و تایبەت بە عێراق، پێشوازی كران.
لەو دیدارەدا، هۆشیار سیوەیلی سوپاس و ستاییشی گەل و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتی شاهانەی سوێدی كرد لە گرینگیدانیان بە پێشكەوتنەكانی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوو و بە تایبەتی ئەو هاوكاری و پاڵپشتیانەی لەسەردەمی شەڕی داعش و دوای ڕیفراندۆم پێشكەشی هەرێمی كوردستانیان كردووە.
لە میانەی ئەو دیدارەدا، باس لە ڕووداوەكانی چەند مانگی رابردوو و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و پێگەی گەل و هەرێمی كوردستان بە گشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بە تایبەتی لە عێراقدا كرا. سیوەیلی باسی لەو گۆڕانكاریانە كرد كە لە نەخشەی سیاسیی ئەم وڵاتەدا دێنە ئاراوە و ئەوەی ڕاگەیاند، پێكهێنانی هەر حكوومەتێك بەبێ ڕەزامەندی و بەشداریی گەلی كوردستان، حكوومەتێكی ناتەواوە و عێراق بەرەو هەڵدێر دەبات، لەبەر ئەوەی لە عێراقی نوێدا دەبێ لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە مافی یەكسانی بۆ نەتەوەكان دابین بكرێت و هیچ هەڵبژاردەیەكیش ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی.
بەپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی پارتی، دواپێشهاتەكانی پێكهێنانی هاوپەیمانی بۆ حوكمڕانیی چوار ساڵی داهاتووی عێراق و ماف و داخوازییەكانی گەلی كوردستان لەو چوارچێوەیەدا ڕوون كردەوە، هەروەها هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵدا، خرایە بەر باس و گفتۆگۆوە.
لە درێژەی ئەو سەردانەدا، گفتوگۆ لەسەر چالاكیی ڕەوەندی كوردستانی لە سوێد كرا كە بە یەكێك لە رەوەندە چالاك و سەركەوتووەكانی ئەو وڵاتە دادەنرێت كە بووەتە پردێكی پەیوەندیی بەهێز لە نێوان هەردوو گەلی كوردستان و گەل و دەوڵەتی سوێدی و دامەزراوە گرینگەكانی. دواگۆڕانكارییەكانی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان و پێشكەوتنەكانی هەریمی كوردستان و ئاشتی و سەقامگیری و كولتووری پێكەوەژیان لە كوردستان، بەشێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو.
هەمان ڕۆژ و لە كاتێكی جیاوازدا، شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن خاتوو سانا ئێلیاسۆنەوە لە بەشی سیاسەتی دەرەوەی سەنتەری نێونەتەوەیی ئۆلۆف پاڵمێ پێشوازی كران، كە سەر بە پارتی فەرمانڕەوای سوێدییە و، لەو دانیشتنەدا باس لە بواری پەیوەندییەكان و ئەو پێشكەوتنە بەرچاوە كرا كە كوردستان لە ماوەی رابردوودا بە خۆیەوە بینیوە، بۆ خزمەتی ئاشتی و دیالۆگی ناوخۆیی لە نێوان پارتە سیاسییەكان بۆ چارەكردنی پرسەكانی ناوخۆیی و حوكمڕانییەكی تەندروست لە هەرێمی كوردستان و پارلەمان و دامەزراوەكانی هەرێم. خاتوو سانا ئێلیاسۆن، بە ناوی سەنتەری نێونەتەوەیی ئۆلۆف پاڵمێوە پیرۆزبایی لە پارتی دیمۆكراتی كوردستان كرد بۆ سەركەوتنیان لە هەڵبژاردنەكان و ڕایگەیاند كە، ئەوان هەردەم بە چاوی رێزەوە لە ڕۆڵ و پێگەی پارتی دەڕوانن بۆ چارەكردنی كیشەكان بە دیالۆگ و لێكتێگەیشتن. بەڕێزیان ئامادەیی بەردەوامی خۆیانی پێشان دا بۆ پشتگیری لە بەرەوپێشەوەچوونی ئاشتی و دیالۆگ و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستاندا.
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی كرد و دووپاتی لە گرینگیی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كردەوە و، بانگهێشتی شاندێكی سەنتەری نێونەتەوەیی ئۆلۆف پاڵمێ كرا بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان بۆ ئاشنابوونی زیاتر بە باردۆخی هەرێمی كوردستانی دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر و بۆ ساتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان لە مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵدا كە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچن.
لە دیدارێكی تردا، لە نێو تەلاری پەرلەمان، شاندی پارتی لەلایەن ڤالتێر مۆت، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی سەوزی سوێدییەوە پێشوازی كران و، لەو كوبوونەوەیەدا كۆردۆ باكسی، چالاكوانی سیاسی و ڕۆژنامەوانی ناسراوی كورد، ئامادە بوو.
لە دیدارەكەدا، بەهێزكردنی پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەردوو پارت و دیدار و سەردان بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نیوانیان و ئاڵۆگۆڕی شاند خرایە ڕوو و، ستاییشی ڕۆڵی پارتی سەوزی سوێدی كرا لە پشتگیریی بەردەوامیان لە پرسی كورد لە پەرلەمان و لە ناوەندە گرینگەكانی ئەو وڵاتەدا.
لە تەوەرێكی تری دیدارەكە دا باس لە سەركەوتنی بەرچاوی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی لە عێراق و پێشبینییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی سێپتەمبەردا، كرا.
لە لایەكی دیكەوە، شاندی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە، بەشداریی لە ٢٨ـەمین كۆنگرەی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكانی سوێد كرد لە ستۆكهۆڵمی پایتەخت. لە كۆنگرەكەدا نوێنەرانی پارتە سیاسییەكانی سوێدی و كوردستانی ئامادە بوون و هۆشیار سیوەیلییش گوتارێكی پێشكەش كرد، كە وێڕای پیرۆزبایی سازكردنی كۆنگرەكەیان، خەبات و تێكۆشانی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكانی سوێدی لە ماوەی ٣٧ ساڵی دامەزراندنیدا بەرز نرخاند و، هەموو هاوكاری و پشتگیرییەكی پارتی دیمۆكراتی كوردستانی پێشان دا بۆ سەرخستنی پرۆگرام و ئامانجەكانی فیدراسیۆن كە لە پێناویدا دامەزراوە بۆ خزمەتی دۆزی ڕەوای كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستاندا.
سیوەیلی، لە دانیشتیدا لەگەڵ فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكان لە سوێد، دواپێشهاتەكانی هەرێمی كوردستانی لە ڕوانگەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە خستە ڕوو و ستاییشی ڕۆڵ و پێگەی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكانی لە سوێد كرد.
گوتیشی، فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكان، رۆڵێكی گرینگیان هەبووە لە سازكردنی خۆپێشاندان و بانگەشە و كۆبوونەوە جەماوەرییەكان بۆ ڕەوەندی كوردستانی بۆ پاڵپشتیی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و ڕووداو و گۆڕانكارییەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان و پارچەكانی تری كوردستان.
بەپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی پارتی، هەروەها ستاییشی ئەو رۆڵەی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكانی لە سوێد كرد كە بوونەتە پشتیوانێكی مەزنی ناساندنی پرسی كورد لە وڵاتی شاهانەی سوێد.
هەروا شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان چاویان بە بەختیار بەردمان كەوت، كە نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لە ستۆكهۆڵم و جەخت لە گرینگیی هاوكاری و یەكڕیزیی نێوان كوردستانیانی سوێد بۆ ناساندنی زیاتری پرسی كورد و هەرێمی كوردستان بە ناوەندە گرینگەكانی سوێد كرایەوە و، هیوای بەردەوامی و سەركەوتنیان بۆ خواست لە كارەكانیدا.
هۆشیار سیوەیلی و شاندی یاوەری، هەروەها سەردانی لیژنەی ناوچەی سوێدیان كرد و لەگەڵ هەڤاڵانی ناوچەدا كۆ بوونەوە و باس لە گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە ڕوانگەی پارتی دیمۆكراتی كوردستانەوە كرا.
سیوەیلی، باسی لە ڕۆڵی جەنابی سەرۆك بارزانی كرد لە شەڕی تێكشكاندنی داعش و ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان كە پارتی هەرگیز دەستبەرداری نابێت و ئەمەیش بەڵگەیەكی زیندووە و ئینكاری نەكراوە لە دەستی سەركردایەتیی سیاسیی گەلی كوردستاندا بۆ گەیشتن بە مافە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان. هەروەها باسی لە ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر و ڕۆژانی دواتر كرد كە هەرێمی كوردستان كەوتە بەر پەلاماری هێزەكانی عێراق و میلیشیاكان كە پاڵپشتی دەرەكیان هەبوو، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەرگری و بەدەستهێنانەوەی مافە زەوتكراوەكانی گەلی كوردستان دامەزراوە و بۆ ئەوەیش خەبات دەكات.
بەپرسی مەكتەبی پەیوەندیەكانی دەرەوە، جەختی لە گرینگیی سەركەوتنی پارتی كردەوە لە مەیدانی بەرگری لە شكۆی كوردستان و لەسەر سندووقی هەڵبژاردن، ئەمەیش ئەوە دەسەلمێنێت كە گەلی كوردستان ئێستا لە هەموو كات زیاتر ئامادەیە داوای مافەكانی بكات و بەرگری لە ئەزموون و دەستكەوتەكانی بكات.
سوەیلی، سەركەوتنە بەردەوامەكانی گەڕاندەوە بۆ سیاسەتی حەكیمانەی جەنابی سەرۆك بارزانی و كارنامە و خەبات و قوربانیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان.




