٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قایمقامی دەربەندیخان: جگە لە پارەی حكوومەتی هەرێم، لە بەغداوە هیچمان پێ نەگەییشتووە

سەرچاوە: KDP.info

 

دەربەندیخان-KDP.info- قایمقامی شارۆچكەی دەربەندیخان گوتی: "دوای ئەو زەرەروزیانەی بە هۆی بوومەلەرزەكانەوە بەر شارۆچكەكە كەوت، حكوومەتی عێراق تا ئێستا هیچ بڕەپارەیەكی بۆ دەربەندیخان خەرج نەكردووە، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕی 2 ملیار و 322 ملیۆن دیناری بۆ خەرج كردووین".

پار، زنجیرەیەك بوومەلەرزە شاری دەربەندیخانیان هەژاند و زرەروزیانی زۆریان بە شارەكە گەیاند، حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانیش بڕیاریان دا كە قەرەبووی ئەو زیانانە بكەنەوە و لە ئێستادا حكوومەتی هەریمی كوردستان پارەی بۆ خەرج كردوون، بەڵام حكوومەتی عێراق تەنها بەڵێنی پێیان داوە.

قایمقامی شارۆچكەی دەربەندیخان، ناسح مەلاحەسەن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیاری ئەوە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە دەرچووە كە دوو ملیار و 903 ملیۆن دینار وەكو قەرەبووی زیانەكانی بوومەلەرزەكانی دەربەندیخان خەرج بكەن، لە كاتێكدا زەرەروزیانەكانی ئێمە زۆر لەمە زیاترە و ئەوان بە گوێرەی زیانەكان پارەیان بۆ ئێمە دانەناوە، جگە لەوەش هیچ بڕەپارەیەكیان بۆ هاووڵاتیان دانەناوە وەك قەرەبوو و تەنها بۆ كەرتی تەندروستی و پەروەردە و بەنداوی دەربەندیخان دایانناوە، بەڵام تاوەكوو ئێستا هیچیان خەرج نەكردووە و رەنگە تەنها ئەو ملیارەی بۆ بەنداوەكە دانراوە، خەرجی بكەن".

مەلاحەسەن گوتیشی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوو ملیار و 322 ملیۆن دیناری بۆ ئێمە تەرخان كردووە، كە ملیارێك بۆ بەنداو و ملیارێكیش بۆ تۆڕی ئاو و كارەبا و 322 ملیۆن دیناریش بۆ نوژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی شەهید تۆفیف و بنكەی تەندروستیی شەهید حەمیدە، كە تەندەری بۆ كراوە و بڕیارە حەفتەی دابێ بخرێتە واری جێبەجێكردنەوە، هەروەها ئەوەی بەنداوەكەیش دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە و ئەوەی تۆڕی ئاو و كارەبایش پارەكە هەیە و هەندێك رێكار ماون بۆ ئەوەی ئەویش خەرج بكرێت، بۆیە جگە لەم بڕەپارەیەی حكوومەتی هەرێم، لە بەغداوە هیچمان پێ نەگەییشتووە".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار