٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عارف ڕوشدی: دەرگامان كراوەیە و سەردانی هەمووانیش ده‌كەین

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر- KDP.info- راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دەڵێ، تا ئێستا تەنیا ڕاگۆڕینەوە لە نێوان لایەنەكان لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی عێراقەوە دەكرێت و دانوستانی جیددی نەبووە، پارتی و سەرۆك بارزانییش لەگەڵ ئەوەدان كە هاوپەیمانەتییەكی بەهێزی كوردی بۆ بەغدا دروست بكرێت، بۆ ئەوەی هەمووان پێكەوە بەرگری لە مافەكانی گەلی كورد بكەن.

ئەمڕۆ، شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی بەغدای كرد وەك سەرەتایەك بۆ ئەوەی ڕا و بۆچوونی لایەنەكان لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقەوە بزانرێت، شاندەكەی پارتییش بە سەرۆكایەتیی فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌.

راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، عارف ڕوشدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق هێشتا لە سەرەتادایە و پارتی و سەرۆك بارزانییش خوازیاری ئەوەن رێكخستنێكی نوێ لەناو هەرێمی كوردستاندا دروست ببێت و هاوپەیمانەتییەكی بەهێزی كورد دروست بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانین پێكەوە بەرگری لە مافەكانی گەلی كوردستان بكەین كە لە دەستووری عێراقدا هاتوون و، سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمیش جەختیان لەوە كردووەتەوە".

لەبارەی چوونی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، عارف روشدی گوتی: "ئەو وەفدەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە دەچێتە بەغدا، بۆ ئەوەیە تا بۆچوونی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بزانن و گوێیان لێ رادەگرن، چونكە هێشتا گفتوگۆكان جیددی  نین و جارێ تەنیا ڕاگۆڕینەوەیە، بۆیە دروستكردنی حكوومەتی نوێ، ئاسان نابێت، لەبەر ئەوەی ژمارەی لیستەكان زۆرە و جیاوازییش زۆرە".

ئەو بەرپرسەی پارتی باسی لەوەش كرد، چوونی ئەم شاندە سەرەتایەكە و لە داهاتوودا شاندێكی فراوانتر دەچێت و لەبارەی بەشداریكردنی كورد لە حكوومەتی عێراق گفتوگۆ دەكات.

روشدی ئەوەیشی گوت: "ئێمە خوازیارین كە كورد یەكگرتوو و یەكهەڵوێست بن، بۆیە چاوەڕێی هەڵوێستی لایەنەكان دەكەین و دەرگامان كراوەیە و نیازمان هەیە سەردانی هەمووان بكەین، بۆ ئەوەی كارنامەیەكی نیشتیمانی ئامادە بكرێت و هەمووان پێكەوە كاری لەسەر بكەین".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار