عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: پێوسته كورد پێش گفتوگۆ پاکێجی خۆی ئاماده بكات
__2018_05_21_h15m35s17__ER.jpg)
هه‌ولێر-KDP.info- سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق گوتی، پێویسته كورد پێش گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان وه‌ره‌قه‌ی خۆی ئاماده بكات و لایه‌نەکانیش ئەگەر له‌گه‌ڵ پارتی بن، دەستەوکەوتیان دەبێت، چونكه به‌رنامه‌ی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ده‌ستكه‌وتی زیاتر بووه بۆ كوردستان و هه‌میشه له‌گه‌ڵ ئه‌وه بووه كورد به یه‌كڕیزی بچێته به‌غدا .
گفتوگۆ له نێوان لایه‌نه براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا ده‌ستی پێ كردووه و هیچ لایه‌نێكیش نه‌یتوانیوه ده‌نگی زۆرینه به‌ده‌ست بێنێت، بۆیه پێویسته هاوپه‌یمانی دروست بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتواندرێت حكوومه‌ت پێك بهێندرێت و چاودێرانیش پێیان وایه پێویسته كورد به یه‌كگرتوویی بچێته به‌غدا و حكوومه‌تی داهاتووش بێ كورد نابێت.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق، عه‌ره‌فات كه‌ره‌م، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ڕه‌وتی سه‌در له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا ویستی پڕۆژه‌یه‌كی نیشتمانی پێشكه‌ش بكات و له وڵاتانی هه‌رێمیش دوور كه‌وته‌وه، بۆیه‌ش توانی زۆر كورسی به‌ده‌ست بێنێت و عێراقییه‌كانیش ئه‌مه‌یان به‌دڵ بوو و ده‌نگیان پێ دا، بۆیه هه‌ندێك لایه‌نی عێراق حكوومه‌ت دروست ده‌كه‌ن و هه‌ندێكیش ده‌بنه ئۆپۆزسیۆن، چونكه ناكرێت عێراق بێ ئۆپۆزسیۆن بێت."
عه‌ره‌فات كه‌ره‌م گوتی: "پێویسته كوردیش یه‌كگرتوو بن و به‌و شێوه‌یه بچنه به‌غدا و وه‌ره‌قه‌یه‌كیش له‌باره‌ی داواكاریی خۆیان ئاماده بكه‌ن و دواتر بچنه به‌غدا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی داواکارییەکانیان جێبه‌جێ بكرێن، چونكه ئه‌مه دەرفەتێکی باشه و پارتیش زۆرینه‌ی كورسی له هه‌رێم به‌ده‌ست هێناوه و كاریگه‌ریی زۆر هه‌یه، بۆیه لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش ده‌توانن له‌گه‌ڵ پارتی بن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و وه‌ره‌قه‌یه ئاماده بكه‌ن، چونكه پێم وایه حكوومه‌تی ئه‌م جاره دوور ده‌بێت له تائیفی و وڵاتانی هه‌رێمی، به‌ڵام پێكهێنانی حكوومه‌ت دوا ده‌كه‌وێت."
كه‌ره‌م باسی له‌وه‌ش كرد،: "پارتی ده‌توانێ بەته‌نیا بچێـته به‌غدا، به‌ڵام ده‌یه‌وێت كورد به یه‌كڕیزی بچێت و به‌رنامه‌یه‌ك لێره دابنرێت و یه‌كڕیزی هه‌بێت، چونكه ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ پارتی بن ده‌ستكه‌وتی زیاتر به‌ده‌ست دێنن، چونكه به‌رنامه‌ی پارتیش له هه‌ڵبژاردن ده‌ستكه‌وتی زیاتر بوو بۆ كوردستان، بۆیه گرنگه لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش له‌گه‌ڵ پارتی بن نه‌ك به په‌رتوبڵاوی بچنه به‌غدا."
بڵند ئیبراهیم




