یەكێتیی پەرلەمانتاران: دەستپێشخەریی پارتی بۆ یەكدەنگی بەرپرسیارەتییەكی مهزنه
هەلێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان دەڵێ، دەستپێشخەریی پارتی بۆ ئەوەی كورد بە یەكڕیزی و یەكگرتوویی بچێتە بەغدا، دەستپێشخەرییەكی زۆر گرینگە و هەستكردنە بە بەرپرسیارەتییەكی گەورە.
دوێنێ، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوەیەكی بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی ئەنجام دا و، تێیدا ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیان تاوتوو كرد و باسیشیان لەوە كردووە كە "باوەڕمان وایە بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی لایەنە كوردستانییەكان، وێرای هێزەكانی دیكەی عێراقی كە باوەڕیان بە ماف و ئازادییەكانی خەڵكی كوردستان هەیە، دەتوانین بە باشترین شێوە مافە دەستوورییەكانمان بپارێزین. بۆ ئەم مەبەستەیش دەست دەكەین بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی كوردستاندا، كە هیوادارین بتوانین مینبەرێكی هاوبەش لەو رووەوە پێك بهێنین".
نیعمەت عەبدوڵڵا، سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەگەر كورد یەكدەنگ نەبێت و هیچ هاوپەیمانێكیشی نەبێت بۆ بەغدا، وەكوو ساڵانی رابردوو كاریگەری نابێت و تەنیا كێشەكان باس دەكرێن و ئەنجامی باشیان نابێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكان پێكەوە دانیشن و بەرنامەیەك دابنێن و هەموو كێشەكان دیاری بكەن لە هەموو ڕوویەكەوە، هەر لە ماددەی 140ـەوە بگرە تا كێشە داراییەكان و ئەو ئەركانەی دەكەونە سەر بەغدا و، هەرێمیش چۆن پابەند بێت بە داواكارییەكانەوە، ئەوانە هەمووی دەستنیشان بكرێن و هەر لایەنێكیش پاكێجی خۆی ئامادە بكات و دوایی كۆبوونەوە بكرێت و بیكەنە یەك پاكێجی هاوبەش بۆ ئەوەی گفتوگۆی پێ لەگەڵ بەغدا بكەن".
عەبدوڵڵا گوتیشی: "دەستپێشخەریی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی بچنە بەغدا، هەستكردنە بە بەرپرسیارەتییەكی گەورە و جێگەی دەستخۆشییە، هیواداریشین ببێتە كردار و سەردانی لایەنەكان دەست پێبكات و لایەنەكانیش واز لە تووڕەیی بێنن و ئەو كارانەی لە كاتی بانگەشەدا دەكران، ئیتر ئەوە نەمێنێت كە شتێكی زۆر نەرێنی بوو و، دەكرێ لەمەودوا قۆناغێكی نوێ دەست پێ بكات".
ئەو هەروەها دەشڵێ: "ئێمە وەكوو یەكێتیی پەرلەمانتاران، سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیەكین بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان هاوپەیمانەتییەك دروست بكەن و بە یەكگرتوویی بچنە بەغدا، نەك هەر لایەنێك بۆ خۆی، چونكە بەو شێوە هیچ مافێكی كورد بەدەست نایەت".
بڵند ئیبراهیم




