٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایانی سیاسی و پەیوەندییه‌ نێودەوڵەتییه‌كان: كورد ڕۆڵی گرینگی له‌ پێكهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا ده‌بێ

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  شارەزایانی سیاسی و پەیوەندییه‌ نێودەوڵەتییه‌كان و سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوین، له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن، كه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆ و جیهانییشدا، حکوومەتی عیراقی نوێ بێ کورد قبووڵكراو نابێ، ده‌شڵێن، لایه‌نه‌ براوه‌كان ئێستا ئاراستەی خۆیان گۆڕیوە بۆ هەولێر و بە تایبەت دانوستان له‌گه‌ڵ پارتیدا.

 

د. هه‌وار نێروەیی بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌روه‌ها گوتی، ئەگەر کورد یەک لیست بووایە، ئەوا براوەی یەکەمی عێراق دەبوو، بە تەنیا پارتی زیاتر لە ٢٥ کورسیی بە دەست هێناوە، ئینجا كه‌ هەموو کورسییەکانی کورد کۆ بکرێنەوە دەگاتە نزیکەی ٦٠ کورسی، کەواتە زیاتر لە کورسییەکانی براوەی یەکەم کە سائیروونە دەبوو.

بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 822،077 ده‌نگ پارتی دیموکراتی کوردستان 26 کورسیی به‌ده‌ست هێناوه‌ و، له‌ زۆر ناوچه‌یش به‌ هۆی پێشێلكاری و گومان له‌ ساخته‌كاری سكاڵای تۆمار كردووه‌.
عەبدولسەلام بەرواری، له‌باره‌ی ئه‌ ڕێژه‌ی كورسییه‌كانی پارتییه‌وه‌ دەڵێ، ئەو ئەنجامەی پارتی لە هەڵبژاردن بە دەستی هێناوە چاوەڕوانكراو بوو، سەرەڕای هەبوونی هەندێك كێشە، بەڵام پارتی دوو خاڵی بەهێزی هەبوو.
به‌رواری وه‌ها باس له‌و دوو خاڵه‌ ده‌كات كه‌ هۆكار بوون له‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان براوه‌ی یه‌كه‌م بێ ''یەكەمیان پارتی دامەزراوە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان، ئەو پەیامە نەتەوەییەی پارتی نەك تەنیا ئەندام و كادیرانی پارتی، بەڵكو خەڵكی كوردستان هەمووی پادداشتی پارتییان كرد لەسەر ئەو هەڵوێستە نەگۆڕەی كە هەیه‌تی، بە تایبەتی پاش پرۆسەی ریفراندۆم، سیاسەتێكی حەكمیانە و شكاندنی ئابڵۆقەی ئابووری و ئابڵۆقەی دیپلۆماسیەت شتێكی ئاسان نەبوو.
هۆی دووەم، پاش ریفراندۆم زۆر هەوڵ درا لە ناوخۆ و لە دەرەوە پارتی مەحكوم بكەن، زۆر لایەن هەوڵیان دەدا رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و پاش ئەوە بخەنە ئۆباڵی ئەنجامدانی ریفراندۆم، بەڵام خەڵكی كوردستان هۆشیارە و وەڵامێكی ئاشكرایان بە لایەنە ناوخۆیی و دەرەكییه‌كان دا و گوتیان ئێمە لەگەڵ ریفراندۆم و پارتیداین، بۆیە ئەو دوو ئەگەرە هۆكاری هەرە سەرەكیی سەركەوتنی پارتیی بوون لە هەڵبژاردنیی پەرلەمانی عێراق.''

یه‌كڕیزیی كورد، خاڵی هاوبه‌شی كارنامه‌ی كۆی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بوو، به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه‌چی جیا له‌ پارتی كه‌ به‌ تایبه‌ت جه‌ختی له‌و یه‌كڕیزییه‌ ده‌كرده‌وه‌، هیچ كام له‌ لایه‌نه‌كانی تر، له‌م هه‌وڵه‌دا سنووری درووشمی بۆ به‌كرده‌نیكردنی ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ تێنه‌په‌ڕاند.
د. هه‌وار نێروه‌یی له‌وباره‌وه‌ ده‌ڵێ، یەکلیستیی کورد دەیتوانی پێگەی سیاسیی کورد لە بەغدا و ناوچەکەش بەهێزتر بکات، ''بەڵام نەبوونی یەکڕیزی و هەندێک لایەن نەیانه‌ویست ئەو بەرەیە و یەکلیستییە پێك بهێندرێت، پێگەی سیاسیی کورد زۆر به‌هێز نه‌بێت.''

ئه‌و وه‌بیر دێێته‌وه‌ كه‌، نێچیرڤان بارزانی جێگیری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وتارەکانیاندا لە بانگەشەی هه‌ڵبژاردندا رایدەگەیاند، پارتی زۆر پێی باش بوو وەک یەک لیست پشکداری هەڵبژاردن بكه‌ن، یانیش وەک یەک لیست بایکۆت بکات و پارتی لەگەڵە ئەگەر بریارێکی کوردستانی هەبێت، بەڵام لایەنەکانی دیکە به‌ده‌مییه‌وه‌ نه‌چوون.

 

به‌ باوه‌ڕی عه‌بدولسه‌لام به‌رواری، هێشتا ده‌رفه‌ت ماوه‌ تا كورد له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێدا به‌ یه‌كگرتوویی ڕۆڵی خۆی ببینێ و به‌ پێویستی ده‌زانێ كورد بە یەك تیم بگەڕێتەوە بەغدا.
ئه‌و ده‌ڵێ ''پارتی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش پێشنیازی دەكرد، ئەوەی لە كوردستان لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا روو دەدات شتێكی سرووشتییە، بەڵام بۆ بەغدا كورد داوای مافی خۆی دەكات، كێشە پلە و پۆست نییە، كێشە چارەكردنی ئەو كێشانەن كە لە نێوان هەولێر و بەغدادا ماون، بۆیە دەبێت هەموومان بە یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بچینەوە بەغدا و جەخت لەسەر جێبەجێكردنی دەستوور بكەین.. ئەگەر لایەنە كوردستاییەكان یەك بگرن دەبنە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی، بۆیە ئەگەر لایەنەكان بەپیر بانگەوازی پارتییەوە بێن، بە وەزن و فراكسیۆنێكی گەورەوە دەچینەوە و دەتوانین زیاتر بەرگری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەین، بەڵام ئەگەر پەرش و بڵاو بین، وه‌ك پێویست ناتوانین دەستكەوت بۆ كوردستان بە دەست بهێنێن.''

له‌ ڕۆژێك دوای ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌، جیا له‌ لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن، ئه‌مه‌ریكا و ئێرانیش كه‌وتوونه‌ته‌ خۆ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراقدا جێپه‌نجه‌یان دیار بێ و، سیاسه‌ت و ستراتیژی حكوومه‌تی به‌غدا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وانیشدا بێ.
د. هه‌وار نێروه‌یی كه‌ شارەزای پەیوەندییه‌ نێودەوڵەتییه‌كان و سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوینه‌، گوتی، ئێستا هەموو لایەنەکان و جیهانی دەرەوه‌ش پێی باشە کورد ڕۆڵێکی سەرەکی لە پێکهێنانی حکوومەتی عێراقدا ببێنیت، ''بینیمان چۆن لایەنە عیراقی و جیهانییه‌كانیش پەیوەندی بە براوەی یەکەمی کوردستانه‌وه‌ دەکەن و پێیان باشە پارتی وەک هێزی یەکەمی کوردستان ڕۆڵی گەورەی ببێنێت.''

 

دکتۆر ناسح غەفوور، شرۆڤەکاری سیاسی، له‌ باره‌ی هه‌وڵی لایه‌نه‌ براوه‌كان و پێوه‌ندیكردنیانه‌وه‌ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، سەرۆک بارزانی لە ئێستا و پێشوویشدا لەسەر ئاستی ناوچەکە پێگەی خۆی ھەبووە و ده‌شبێ، ئەمە گومانی تێدا نییە، ''لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەریشه‌وه‌ پێگەی سەرۆک بارزانی لە رووداوەکانی ناوچەکە و عێراقیشدا رۆڵی دەبێت، ھەموویانیش باش دەزانن بەبێ سەرۆک بارزانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستاندا ھیچ کێشەیەک چارە نابێت بەو ئاسانییە.. ئه‌وه‌ حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ كه‌ بارزانی ڕۆڵی گەورەی ھەیە لە چارەکردنی کێشەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستاندا، پێشتریش ھەرکاتێک پرسێکی گەورە رووی بدابوایە، پەنا بۆ سەرۆک بارزانی دەھێندرا، چونکە میللەتی لەگەڵدایە و کەسایەتی دەتوانێ رۆڵ لە مێژوودا ببینێ.''

دکتۆر ناسح غەفوور گوتیشی "لەم چەند رۆژەدا پەیوەندی ھەبووە لەنێوان سەرۆک بارزانی و سەرکردە عێراقییەکاندا، لەو باوەڕەدام لە رۆژانی دابێ زیاتر پەنا بۆ ھەرێمی کوردستان دێنن تا حکوومەتی نوێی عێراق دروست بکرێت؛ کوردیش جێی دیار دەبێت لە گەیشتن بە رێکكەوتن بۆ دروستکردنی حکوومەتی نوێ.''


کــاروان بـــاعەدری- ڕابین شێروانی- قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار