٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی و پۆڵۆنیا، پێشهاتە سیاسی و ستراتیژییەكانی هەرێم و ناوچەكەیان تاوتوو كرد

سەرچاوە: KDP.info

 

پۆڵۆنیا-KDP.info- شاندی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) لە كۆماری پۆڵۆنیا، پێشهاتە سیاسی و ستراتیژییەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەی لەگەڵ ناوەندە گرینگەكانی پۆڵۆنیادا تاوتوو كرد.

شاندی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە درێژەی چالاكییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانیدا لە كۆماری پۆڵۆنیا و دوای بەشداریكردنیان لە سێیەمین كۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی وارشۆ و پێشكەشكردنی بابەتێكی شیكاری و سیاسی و ستراتیژیی گرینگ لەسەر كوردستانی دوای ڕیفراندۆم لە لایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەنجامدانی چەندین دیدار و كۆبۆنەوەی گرینگ لەگەڵ كەسایەتی و دەزگا و دامەزراوەكانی حكوومی و ناوەندەكانی زانستی و سیاسی و ستراتیژی كۆماری پۆڵۆنیا و خستنەڕووی دیدگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوای تێكشكاندنی مەترسیدارترین ڕێكخراوی تێرۆریستی جیهانی لە كوردستان لەسەر دەستی پێشمەرگە و لە سایەی  قارەمانێتی و خۆڕاگریی گەلی كوردستان هاتووەتە دی و، جیهانی شارستانی بە چاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانێ، مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕابردوو و لە ئێستادا بەردەوام بووە لە پێكانی ئامانجەكانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی  و هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین پشتگیری و هاوسۆزی داوە  لە هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی و لەم سەردانەیاندا شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی لە كۆماری پۆڵۆنیا بۆ  پشتیوانی لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و مافە ڕەواكانی گەلی كورد لە كوردستانی باشوور چالاكییەكانی سیاسی و دیپلۆماسییان فراوانتر دەكەن.

بۆ یەكەم جارە لە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا، پارتی دیموكراتی كوردستان و بە سەرۆكایەتیی ڕێزدار مەسعوود بارزانی، پێشەنگی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێكی سەركەوتووانەیان كرد لەو ڕاپرسییەی گەلانی كوردستان بە رێژەی نزیكەی ٩٣ % دەنگیان بە سەربەخۆیی كوردستان دا و ئەم ڕاپرسییەی گەلی كورد بۆ پرسی سەربەخۆیی، سەدایەكی سیاسی و دیپلۆماسیی گەورەی نایەوە لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی و تا بە ئەمڕۆ بووەتە جێی بایەخی ناوەندەكانی ستراتیژی و دیپلۆماسی و لێكۆڵینەوەی زانستی و شیكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ڕەهەندەكانی دوای ئەنجامدانی سەركەوتووانەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری كوردستان و كاریگەریی گۆڕانكارییەكانی كە لە ناوچەكە دوای ڕێفراندۆم هاتنە كایەوە كاریگەرییەكانی لەسەر پەیوەندییەكانی سیاسی و دیپلۆماسی و تێگەیشتنی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر گرینگیی پێگەی هەرێمی كوردستان و داوا ڕەواكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان داناوە و پرسی كوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كردە پرسی ژمارە یەك  و وەك ڕووداوێكی مێژوویی و سیاسی گرنگ  بووەتە جێی بایەخی ناوەندەكانی جیهانی بۆ لێكۆڵینەوەی زانستی و سیاسی و ستراتیژی و شیكاری.

هەر لەم سۆنگەیەوە، مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوام پەیوەندییەكانی دەرەوەی خۆی چڕ كردووەتەوە بۆ گەیاندنی پەیامی ڕاستەقینەی داخوازییە ڕەواكانی گەلی كورد و پێشاندانی وێنەی ڕاستەقینەی پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دیموكراتییەكانی بە ناوەندەكانی سیاسی و دیپلۆماسی و ستراتیژی و زانستی و كۆنفڕانس و كۆڕبەندەكان لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهاندا. شاندی مەكتەبی پەیوەندییەكلانی دەرەوەی (پ.د.ك)  لە یەكەم ڕۆژی چالاكییەكانیدا  ئۆفیسی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بەسەر كردەوە و لەگەڵ نوێنەری حكوومەت و ستافی نوێنەرایەتیدا كۆ بوونەوە.                                                        

دوای كۆتاییهاتنی سێیەمین كۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی وارشۆ، كە تێیدا ڕۆڵی كوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەك بابەتیكی سەرەكی تاوتوو كرد، شاندی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان چەندین دیداری سیاسیی لە وارشۆی پایتەخت ئەنجام دا. لە پەراوێژی كۆنفڕانسەكەدا بە جیا شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەیپارتی چاویان كەوت بە خاتوو ڕێناتا تژچینسا، كۆنسوڵی پێشووی كۆماری پۆڵۆنیا لە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ چەند دیپلۆماتێكی پۆڵۆنیایی و بیانی و توێژەری سیاسی و زانستیی زانكۆكانی پۆڵۆنیا و وڵاتانی تر و چەند دەزگایەكی بواری خێرخوازیی تر كە بەشدارییان لە سێیەمین كۆنفڕانسی نێونەتەوەیی وارشۆدا كردبوو، دیدار و چاوپێكەوتنیان ئەنجام دا. شاندی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی بە جیا چاویان كەوت بە ماچێی لیسۆڤسكی بەرپرسی ئۆفیسی سەرۆكی پەرلەمانی پۆڵۆنیا كۆنراد مۆراڤێتسكی و بە ئامادەبوونی دكتۆر گژێگۆژ كژیشتۆف كژێشۆڤسكی ڕاوێژكاری تایبەتی سەرۆكی پەرلەمانی پۆڵۆنیا كە ئێستا سەرۆكی پەرلەمانی پۆڵۆنیا بە سەردانێكی فەرمی لە ئیتاڵیایە، سەرۆكی ئۆفیسی سەرۆكی پەرلەمان پەیامی پشتگیری و هاوسۆزیی سەرۆكی پەرلەمانیان گەیاندە شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕایانگەیاند كە، ئامادەبوونی سەرۆكی فەخریی پەرلەمانی پۆڵۆنیا كۆنراد مۆراڤێتسكی وەك چاودێری ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان لە ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ و لەگەڵ دوو لە ڕاوێژكارانی نووسینگەكەی، بەڵگەی دۆستایەتی و پشتیوانیی پەرلەمانی كۆماری پۆڵۆنیایە لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و بڕیاردانیان لە دیاریكردنی مافی چارەنووس و گەییشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی كە گەلی پۆڵۆنیایش هەروا بە درێژایی مێژووی خۆیدا بەسەر سێ زلهێزی گەورەی ئەورووپادا دابەش كرابوو و بۆ ماوەی ١٢٣ ساڵ گەلەكەی ژێردەستە و وڵاتەكەیان دابەش كرابوو، زۆر باش لە هەست و خواستە رەواكانی گەڵی كوردستان تێدەگەن.

شاندی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە وێستگەیەكی تری دیدار و چالاكییەكانیدا لە وارشۆی پایتەخت لە وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیا لە لایەن هەریەك لە ڤۆیچێخ ئۆنۆڵد، بەرپرسی دێسكی وڵاتانی كەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەرڕاست و ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوە و جێگرەكەی ڕادۆسواڤ سادۆڤسكی لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای وەزارەتی دەرەوە بەگەرمی پێشوازی كران و چەندین بابەتی جێی بایەخ لە پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری پۆڵۆنیا و هەرێمی كوردستانیان تاوتوو كرد.

دواتر لە پەرلەمانی پۆڵۆنیا شاندی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە لایەن یەژێ مێشتۆڤیچ  ئەندامی پەرلەمان لەسەر لیستی پارتی نۆڤۆشچ (پارتی مۆدێرنی پۆڵۆنیا)ـوە كە هاوكات سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئابووری و گەشەپێدانە لە پەرلەمان، پێشوازی كران، پەرلەمانتار یەژێ مێشتۆڤیچ نوێنەرایەتیی هەرێمی ماوپۆڵسكا دەكات كە سەرۆكایەتیی هەرێمی ماوپۆڵسكا لە ٢٠١١ـوە ڕێككەوتنێكی لێكتێكگەییشتنی لە بواری ئابووری و بازرگانی و كەلتووری و زانستی و پەروەردەیی و لە چەندین بواری تردا لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا واژوو كردووە و پەیوەندییەكانیان گەشەسەندنی باشی بە خۆیەوە بینیوە. پەرلەمانتاری ناوبراو لەسەر ناوی پارتەكەی و هەرێمی ماوپۆڵسكا پشتیوانی و هاوسۆزیی خۆی لە هەرێمی كوردستان و مافە دەستوورییەكانی هەریمی كوردستانی لە  عێراقی فیدراڵدا دەربڕی.

دواتر شاندی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ هەریەك لە كژیئشتۆف ستراخۆتا، بەرپرسی بەشی توركیا و قەفقاس و ناوەڕاستی ئاسیا و جێگرەكەی  ماریۆش مارشێڤسكی لە ئۆفیسكی سەرەكی  ئەنستیتۆی خۆرهەڵاتناسی پۆڵۆنیا لە وارسۆی پایتەخت كۆ بوونەوە كە لە ڕابردوودا چەندین توێژینەوە و بابەتی شیكاریی زانستی و سیاسییان لەسەر هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی كوردستان ئەنجام داوە و پەیوەندییەكی باشیان لە ڕابردوو و ئێستا دا لەگەڵ مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیدا هەیە و چەندین بابەتی شیكاری و جێی بایەخی نیوانیان لەسەر عێراقی دووای داعش و هەرێمی كوردستان لە دوای ئەنجامدانی ڕێفراندۆم و ڕووداوەكانی دوای ١٦ ی ئۆكتۆبەر و ئیستا و ئایندەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ناوچەكە تاوتوو كرد.

 لە دیداریكی تری گرینگدا، شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن زبیگنێڤ پیسارسكی  سەرۆكی (دەزگای كاژمێژ پۆواسكی) بۆ لێكۆڵینەوەی زانستی و شیكاری و پرسەكانی ستراتیژی و ئاسایش و پێشكەوتن و هەریەك لە  تۆماش سمۆرا، بەرپرسی ئۆفیسی شیكاری لە دەزگاكە و خاتوو  پاتریسیا چۆمیتسكا بەرپرسی بەشی پڕۆگرام و هەماهەنگی دەزگا و ژمارەیەكی تر لە ستافی دەزگای كاژمێژ پۆواسكی بە گەرمی پێشوازی كران. هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی و شاندی یاوەری، بە وردی و لە ڕوانگەی پارتی دیموكراتی كوردستان و (سەرۆك بارزانی)ـیەوە ڕەهەندەكانی گۆڕانكاریی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و پشتیوانیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆستی كوردستانی لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و  شەڕی تێكشكاندنی تیرۆر  و ئەفسانەی داعش لە هەرێمی كوردستان و تێگەیشتی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لە داوا ڕەواكانی هەرێمی كوردستان و گرینگیی هەرێمی كوردستان بۆ ئاشتی و سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆری لە ڕوانگەی تیۆری و مێتۆدە زانستییەكانی لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتییەكان و ناوەندەكانی ستراتیژی و شیكارییەوە بۆ دەزگای ناسراوی (كاژمێژ پۆواسكی) شی كردەوە و، وەڵامی پرسیارە شیكاری و سیاسی و تیۆرییەكانیانی دانەوە؛ لە تێڕوانینیان لەسەر پرسەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕووبەرووبوونەوەی هزری داعش و تێڕوانینیان لەسەر ئێستا و ئایندەی هەرێمی كوردستانی دووای  داعش و هەرێمی كوردستانی دووای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و رووداوەكانی دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر و ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی لە عێراق و سەركەوتن و پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نێو نەخشەی سیاسیی عێراقدا، خرایە بەر باس و گفتۆگۆوە.

دەزگای كاژمێژ پۆواسكی بە گرینگییەوە دەڕوانێتە پرسەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی هەرێمی كوردستان و بە هۆی پەیوەندییەكانی ڕابردوویان لەگەڵ مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەرێمی كوردستان و پرسی كوردی بە گشتی خستووەتە نێو بازنەی چالاكییەكانی خۆیان و خوازیارن كەسانی پسپۆڕ و ئەكادیمی لە هەرێمی كوردستانەوە بانگهێشتی كۆنفڕانس و فۆڕۆمە تایبەتییەكانی دەزگاكەیان بكەن، كە ساڵانە لە وارشۆی پایتەخت ساز دەكرێن و ئامادەیی خۆیان پێشان دا بۆ ئاشنابوون بە  هەرێمی كوردستان و لێكۆڵینەوەی شیكاری و ئەكادیمی و توێژینەوەی زانستی لەسەر پرسی كورد سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، ئەوان لە نزیكەوە چاودێریی هەرێمی كوردستان و پرسە گەرمەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن و لە دانیشتنەكەدا سەرۆكی دەزگای كاژمێژ پۆواسكی، بە ناوی دەزگاكەیانەوە بانگهێشتی شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد بۆ كۆربەندی ئاسایشی وارشۆ كە بڕیار وایە لە مانگی  ئۆكتۆبەری ئەمساڵ لە وارشۆی پایتەخت سازی بكەن.شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان پێش كۆتا هاتنی سەفەرەكەیان لە كۆماری پۆڵۆنیا هەروا  چەندین دەزگا و دامەزراوەی تری پۆڵۆنیا بەسەر دەكەنەوە و بە جیا سەردانی پەرلەمان و سەناتی پۆڵۆنیا دەكەن و لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی دەسەڵاتدار و لایەنە سیاسییەكانی تر پەیوەندییەكانی نیوان هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی و مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەوی پارتی دیموكراتی كوردستان، تاوتوو دەكەن.

هەواڵی پەیوەندیدار