٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی، لە قۆناغی یەكەمدا هاوپەیمانییەكی كوردستانی دروست ده‌كەین

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی پارتی ده‌ڵێ، لە قۆناغی یەكەمدا پارتی هەوڵ دەدات لە ناوخۆی هەرێم هەموو لایەنەكان هاوپەیمانییەك دروست بكەن و بە هێزەوە بچنە بەغدا، دواتریش لەگەڵ ئەو لایەنانە گفتوگۆ لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتەوە بكەن كە بڕوایان بە شەراكەت و دەستوور هەیە.

عەلی حوسێن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەر لە كاتی بانگەشەكاندا لایەنە عێراقییەكان باسی هەرێمی كوردستانیان دەكرد كە ئەمە ئیجابی بوو و، ئێمەیش وەڵاممان بۆیان هەبوو، بەڵام لە دوای دەرچوونی ئەنجامەكان، هیچ لایەنێكی سوننە و شیعە بەو شێوەیە بەهێز نین وەكو پێشوو زۆرینە بن، بۆیە ئێستا بە لایەنی كەمەوە دەبێ سێ قەوارە لەگەڵ كوردیش بتوانێ حكوومەت دروست بكات، لەبەر ئەوە، ئاسان نییە بتواندرێت بە زوویی حكوومەت پێك بهێندرێت".

حوسێن گوتیشی: "ئەوەی گرینگە، لە قۆناغی یەكەمدا ئێمە هەوڵ دەدەین هاوپەیمانییەكی كوردستانی دروست بكەین، كە چۆن دەگەینە رێككەوتن ئەوە جیایە، دواتریش گفتوگۆ لەگەڵ ئەو لایەنە عێراقیانە دەكەین كە بڕوایان بە شەراكەتە و تا چەند پابەندی رێككەوتن و دەستووری عێراق دەبن، بۆ ئەوەی داواكاریی ئێمە جێبەجێ بكەن، هەروەها چەندین گرفتیشمان هەن كە پێویستە لەم كابینەیەدا چارە بكرێن".

ئەوهەروەها باسی لەوەیش كرد، گفتوگۆی سەرەتایی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەستی پێ كردووە و كاریگەریی هەرێم و نێودەوڵەتییش هەیە و دەیانەوێت رۆڵیان هەبێت، بۆیە ئەمە پێویستی بە كات هەیە.

ئەو بەرپرسەی پارتی دەشڵێ: "ئەمەریكا هەوڵ دەدات رۆڵی هەبێت لە حكوومەتدا و لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و هەرێمی كوردستان قسە دەكات، ئێمەیش كێشەمان نییە و دەمانەوێت پەیوەندیمان لەگەڵ هەمووان باش بێت، بەڵام ئەوەی گرینگە، كێ ئامادە بێت داواكاریی ئێمە قبووڵ بكات، لەگەڵ ئەودا گفتوگۆ دەكەین".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار