دیندار دۆسكی: وڵاتان داوای حكوومەتێك دەكەن هەموو لایەنەكان تێیدا بەشدار بن

هەولێر-KDP.info- سیاسەتمەداری كورد، دیندار دۆسكی دەڵێ، وڵاتان داوای حكوومەتێك دەكەن هەموو لایەنەكان تێیدا بەشدار بن، بۆیە حكوومەتی داهاتوو پێویستە بنكەفراوان بێت.
پەیوەندیكردنی لیستە سەركەوتووەكان بە یەكدییەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، دەستی پێ كردووە و چاودێرانیش پێیان وایە، كە حكوومەتی نوێی عێراق بنكەفراوان دەبێت، چونكە حكوومەتی زۆرینە سەركەوتوو نابێت، لەبەر ئەوەی هیچ لایەنێك زۆرینەی كورسییەكانی بە دەست نەهێناوە.
سیاسەتمەداری كورد، دیندار دۆسكی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەموو كات حكوومەتی عێراق بە چەند لایەنێك پێك هێندراوە و هاوپەیمانی دروست بووە، بەڵام ئەمجارە حكوومەتی عێراق لە نێوان رەوتی سەدر و لیستی نەسر دروست دەكرێت، بۆیە ئەوانیش بۆ حكوومەت داوا لە سوننە و كوردیش دەكەن، چونكە وڵاتان داوای حكوومەتێك دەكەن هەموو لایەنەكان تێیدا بەشدار بن، بۆیە حكوومەتی داهاتوو پێویستە بنكەفراوان بێت".
دۆسكی گوتیشی: "پێویستە ئەم جارە كورد بە جۆرێك گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بكات، كە هاوپەیمانەتییەك دروست بكرێت و تێیدا داواكاریی كورد جێبەجێ بكرێت، بە تایبەت مافەكانی كورد وەكوو ماددەی 140 و بودجە و مافەكانی دیكە".
ئەو سیاسەتمەدارە دهشڵێ: "گرینگە كورد لە بەغدا هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی پۆست و مافیش بدات، چونكە پۆستیش دەبێتە فاكتەرێك بۆ ئەوەی بتوانێ مافەكانی كورد لەو رێگایەوە بەدەست بێنێت، بەڵام پۆست نەبێتە هۆی ململانێ و مافەكان بكەینە قوربانی، بۆیە پێویستە هەر لە ئێستاوە كورد دەست بە دانوستان بكات و كات نەكوژێت، بۆ ئەوەی بزانین كە حكوومەتی داهاتوو چۆن دەبێت و بە چ شێوەیەك دروست دەكرێت و كێ ئامادەی جێبەجێكردنی مافی كوردە".
بڵند ئیبراهیم




