بلند ئیسماعیل: لە دەوروبەری ھەولێر دەنگی پارتی زۆر زیادی کردووە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، لە دەوروبەری ھەولێر ڕێژەی دەنگەکانی پارتی زۆر زیادی کردووە بەراورد بە ھەڵبژادنی ڕابردوو و دەڵێ، لیستی پارتی لە دەوروبەری ھەولێر ٦٥%ی دەنگەکانی بەدەست ھێناوە و بەبێ ڕکابەر بووە.
بلند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی لە ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ھەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقدا پارتی لە دەوروبەری ھەولێر ٥٤%ی ڕێژەی دەنگەکانی بەدەست ھێنابوو، بەڵام لە ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاردا ڕێژەی دەنگەکانی پارتی زۆر زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٦٥%ی دەنگی ئەو سنوورە، ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ پارتی، چونکە بەردەوام لە ھەموو ھەڵبژاردنەکاندا جەماوەری دەوروبەری ھەولێر متمانە بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن و ئەم جارەش توانیومانە ٧٥ ھەزار دەنگ لە سنووری لقی ١٦ی ھەولێر بەدەست بێنین و براوەی یەکەم بین.
لەبارەی گلەییی لایەنەکان لە ساختەکاری، بلند ئیسماعیل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە دەوروبەری ھەولێر پڕۆسەی ھەڵبژاردن بەبێ کێشە و ئاسایی بەڕێوە چووە، تەنانەت ھیچ لایەنێک سکاڵاشی نەبووە لەبارەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن، خۆی سیستەمەکەش وابوو دەرفەتی پێشێلکاری و ساختەکردنی نەھێشتبووەوە، لەبەر ئەوە ھەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە ھەڵبژاردن لە سنووری دەوروبەری ھەولێر بەبێ گرفت بەڕێوە چووە."
قائید میرۆ




