٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شێرزاد زەكەریا: دەركەوت پارتی چ ھێزێكە.. پێكهێنانی حكوومەت زەحمەت دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- پێكھێنانی حكوومەتێكی نوێ لە عێراق، لەمەودوا دەبێتە بابەتی گەرمیی عێراقییەكان و بە ھۆی ناكۆكیی ھێزە سیاسییەكان و نەگەییشتن بە رێككەوتن، پێدەچێت ئاستەنگ بۆ دروستكردنی حكوومەتی نوێ دروست ببێت. وەك مامۆستایەكی زانكۆیش پێشبینی دەكات، حكوومەتێكی ناسرووشتی لە عێراق لە دایك دەبێت و دەڵێ، ئەگەر ھەوڵی دەرەكی نەبێت، زۆریش دەخایەنێ.

ئاشكراكردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی عێراق، باڵانسی ھێز دەگۆڕێت و بە گوێرەی لێكدانەوەی شارەزایان و چاودێرانیش، پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ئاستەنگی بۆ دروست دەبێت، ئەویش بە ھۆی كەمیی رێژەی كورسی لەلایەن ھێزە سەرەكییەكانی عێراقەوە، لەم بارەیەوە دكتۆر شێرزاد زەكەریا، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پڕۆسەی سیاسی لە عێراق ھەمووی بە حاڵەتێكی ناسرووشتیدا دەرباز دەبێت و لەو بەشەی ژێر دەستی بەغدایە، شكستیان بردووە، چونكە خەڵكی ئەو ناوچانە لایەنە سیاسییەكانی سزا داوە، لەبەر ئەوەی ئەگەر ھەرێمی كوردستانی لێ دەركەین، ئەوە رێژەی بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایار لەو ناوچانەدا، لە ٢٥% دەربازی نەدەكرد، واتە ئەگەر ھەرێمی كوردستان بەشداری ھەڵبژاردنی نەكردبایە، رێژەی ئەو پارێزگایانەی ناوەڕاست و باشووری عێراق زۆر كەم دەبوو، ئەوەیش مانای ئەوە دەگەیەنێ، ھاووڵاتیان لەگەڵ حكوومەت و لایەنەكانی بەغدا نین، ئێستا دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردن، دەركەوت میللەت لە پشت لایەنە سیاسییە عێراقیەكان نییە، چونكە ٧٥%ی خەڵكی ئەو ناوچانە بەشداریی پڕۆسەی ھەڵبژاردنیان نەكردووە".

لە ھەڵبژاردنەكانی رابردووی عێراقدا، پێكھێنانی حكوومەتی عێراق چەند مانگێكی خایاند و دوای ھەوڵێكی زۆری ناوخۆیی و دەرەكی، توانرا حكوومەت دروست بكرێت، پێوەست بەو پرسەوە، ئەو مامۆستایەی زانكۆ ده‌ڵێ، "كێشەی زۆر لە نێوان لایەنە عێراقییەكان دروست دەبێت و زۆر ئەستەمە بگەنە رێككەوتن بۆ پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، تەنیا بە مەرجێك نەبێت لایەنی دەرەكی بتوانێ لایەنە سیاسییە عێراقییەكان بگەیەنێت بە یەك و رێك بكەون، ھەروەھا مەرجەعییەتی شیعە دەتوانێ لایەنە عێراقییە براوەكانی ھەڵبژاردن ھان بدات بۆ دروستكردنی حكوومەتی نوێی عێراق".

بەھۆی دابەشبوونی عێراق بەسەر چەند نەتەوە و ئایین و تایفەی جیاوازەوە، پێكھێنان و بەڕێوەبردنی وڵات زۆر زەحمەتە و  زۆربەی ھێزە عێراقییەكان بە ھۆی ناكۆكیی نێوانیانەوە، ھەوڵی شكستپێھێنانی حكوومەت دەدەن، ئەوەیش وای كردووە حكوومەتەكانی عێراق سەركەوتوو نەبن و توانای كۆنتڕۆڵكردنی كێشەكانیان نەبێت.

دكتۆر شێرزاد زەكەریا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "بە گوێرەی ھەموو پێشبینییەكان، لەدایكبوونی حكوومەتی داھاتووی عێراق ناسرووشتی دەبێت و، لە ھەموو جارەكانی پێشووتر زەحمەتر دەبێت، پیِشتر شیعە ھەر خۆیان زۆرینە بوون و بە ھەر شێوەیەكی بووبێت توانییان دەستەڵات لە ئەیاد عەللاوی وەرگرنەوە و رادەستی مالیكی بكەن، بەڵام ئەمجارە جیاوازە و گۆڕانكاری بەسەر كورسییەكانی پەرلەماندا ھاتووە، ھەر حكوومەتێك لە مەودوا پێك بێت، حكوومەتێكی لاواز و بێدەستەڵات دەبێت".

پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق ھەوڵی زۆری داوە بۆ چارەكردنی كێشەكانی عێراق و چەندین جاریش بە دەستپێشخەریی سەرۆك بازرانی، قەیرانەكان چارە كراون، لەبارەی رۆڵی كورد و پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، دكتۆر شێرزاد زەكەریا دەڵێ: "پێشتر ھەموو ھەوڵێكی بەغدا دژی ھەرێمی كوردستان بۆ دژایەتی و لاوازكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، تا مامەڵە لەگەڵ پارتی نەكرێت، بەڵام ئەوە دەركەوت سەنگی پارتی بە ھۆی بەدەستھێنانی رێژەیەكی زۆری كورسیی پەرلەمانەوە، عێراق ناچار دەبێت پەنا بۆ پارتی بێنێت بۆ مەبەستی پێكھێنانی حكوومەتی عێراق، واتە پارتی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا رۆڵ و پێگەی بەھێزی دەبێت و شكست بەو پیلانە ھات كە دەیانویست پارتی رەش بكەنەوە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا، هەروەها بۆ لایەنی دەرەكییش دەركەوت كە پارتی چ ھێزێكە لە عێراق و ھەرێمی كوردستاندا".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار