مەناف حەسەن: پیلانێک ھەیە بۆ کەمکردنەوەی دەنگی پارتی لە مووسڵ
__2018_05_14_h15m27s48__ER.jpg)
مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە مووسڵ پیلانێکی مەترسیداری لەسەر دەنگەکانی پارتی لەو سنوورە ئاشکرا کرد و دەڵێ، ھەوڵێک ھەیە بۆ کەمکردنەوەی کورسییەکانی پارتی و زیادکردنی کورسیی سوننە و شیعە لە مووسڵ.
مەناف حەسەن، بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە مووسڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەوڵێکی زۆر ھەیە بۆ کەمکردنەوەی دەنگەکانی پارتی لە سنووری نەینەوا و کۆمسیۆنمان لەو ھەوڵە چەواشەکارانە ئاگادار کردووەتەوە، چونکە ئێمە لە سنووری نەینەوا زیاتر لە ١٥٠ ھەزار دەنگمان بەدەست ھێناوە و پیلانێک ھەیە بۆ ئەوەی زۆرێک لە دەنگەکانی پارتی ھەژمار نەکرێن و کورسییەکانی ئێمە کەم بکرێنەوە و لە بەرامبەردا کورسیی شیعە و سوننە زیاد بکرێن، ئەمەش جێگەی قبووڵکردن نییە و بێدەنگیش نابین لەھەر ھەوڵێکی وەھا."
بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە مووسڵ گوتی: "ژمارەیەکی زۆری سندووق کراونەتەوە و دەنگی پارتی ھەژمار نەکراون، بۆ نموونە، سندووق ھەبووە پارتی ڕێژەیەکی بەرچاوی دەنگی تێدا بووە کەچی زۆر کەمتر ھەژمار کراون، ھەروەھا دەیانەوێ بەشێکی زۆری سندووقی کەمپەکان بسووتێنن و ھەژمار نەکرێن."
مەناف حەسەن ڕوونی کردوە: "ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لە یەک دەنگی خۆمان لە نەینەوا خۆش نابین و نیزیکەی ١٠ سکاڵامان تۆمار کردووە لە کۆمسیۆن، ھەر ھەوڵێکیش بدرێت بۆ کەمکردنەوەی دەنگی پارتی ھەڵوێستمان دەبێت و مەکتەبی سیاسیمان ئاگادار کردووەتەوە لەو پیلانەی دژی پارتی ھەیە."
قائید میرۆ




