چاودێرانی نێودەوڵەتی: پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە ھەولێر ئاسایی و بەبێ گرفت بەڕێوە چووە

هەولێر-KDP.info- چاودێرانی نێودەوڵەتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن پڕۆسەی ھەڵبژاردن کە دوێنێ، شەممە، بەڕێوە چوو، لە سنووری پارێزگای ھەولێر بەبێ کێشە و ئاسایی بووە و چاودێرێکی نێودەوڵەتیش دەڵێ، پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە ھەولێر بە ھێمنی و دوور لە پێشێلکاری بووە.
ھەوراز دلاوەر، چاودێری نێودەوڵەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ھەڵبژاردنی دوێنێ، شەممەدا، ئێمە لە سنووری پارێزگای ھەولێر چاودێریمان دەکرد، پڕۆسەکە زۆر بە ئاسایی بەڕێوە چوو، جگە لەوەی ھەندێ پێشێلکاریی بچووک تۆمار کراوە لەوەی دەنگە دەنگ ھەبووە لە نێوان نوێنەری کیانە سیاسییەکان و دەنگدەران، لە ڕووی ساختەکارییەوە لە ھەولێر بە ھیچ شێوەیەک ساختەکاری نەکراوە، ھیچ ھەڕەشەیەک لەسەر ھیچ دەنگدەرێک نەبووە، زۆر بە ھێمنی پڕۆسەکە بەڕێوە چوو."
ھەوراز دلاوەر گوتی: "لە سەرەتای پڕۆسەکە گلەیی لە خاویی ئامێرەکان ھەبوو، بەڵام لە نیوەڕۆ بەدواوە کێشەی ئامێرەکانی کۆمسیۆنیش چارەسەر کران و ئیدی بە ئاسایی خەڵک ڕووی لە بنکەکانی دەنگدان دەکرد بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان بدەن."
ئەحمەد ڕەقیب، چاودێری نێودەوڵەتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕوونی کردەوە: "بە گشتی پڕۆسەیەکی سەرکەوتوو لە ھەولێر بەڕێوە چوو، من کۆنتاکتم لەگەل ٢٩ کەسی دیکە ھەبوو تا چاودێریی ھەڵبژاردن بکرێت زۆرترین گلەیی لەوە بوو ئامێری دەنگدان بە خاوی کاری دەکرد، لە بەشێک لە بنکەکانی دەوروبەری ھەولێر ھەندێ شەڕی بچووک و خرووقات ھەبوو، بەڵام ھی ئەوە نین بڵێین پێشێلکاریی گەورەن، بە پێی گوتەی چاودێران و شارەزایانیش ھەڵبژاردن لە ھەولێر ئەوەی پێشبینی دەکرا ھەر ئەو ئەنجامە دەرچوو، لێرە و لەوێ گوێمان لە گلەیی دەبێت لەبارەی پڕۆسەکەوە، بەڵام خۆم تا کۆتاییی پڕۆسەکە چاودێریم کرد و دڵنیا بووم لە شەفافیی پڕۆسەی ھەڵبژاردن."
ئەحمەد ڕەقیب دەڵێ: "دەنگدەران بە ئازادی دەھاتن بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان بدەن، ئەو ساختەکاری و پێشێلکارییانەی ئەگەر ساڵانی ڕابردوو ھەبووبن، دوێنێ ھیچ ڕووی نەداوە، شتێک ڕووی نەداوە شایانی باس بێت، زیاتر ھەڵەی تەکنیکی ھەبوون، ئێمە وەک چاودێری نێودەوڵەتی ئەوەندەی تێبینیمان کردووە پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە ھەولێر ئاسایی بووە."
قائید میرۆ




