چاودێرێکی نێودەوڵەتی: لە ناوچەکانی ماددەی140 پرۆسەکە کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە

هەولێر -KDP.info- چاودێرێکی نێودەوڵەتی دەڵێ، لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ پڕۆسەی دەنگدان شێواوە و بووەتە دەنگدانی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا، بە باجی دەنگپێدراو دووبارە دەنگ دەدرێتەوە.
دەشتی سدیق، چاودێری نێودەوڵەتیی هەڵبژاردنەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو تیمی چاودێرانی هەڵبژاردنەکانی هاوبەندی مافی مرۆڤ لە عێراق، چاودێریی پڕۆسەی هەڵبژاردنمان کردووە لە سەنتەری شاری مووسڵ و دەوروبەری، بە ناوچەکانی دیبەگە و گوێڕ و مەخموور و شنگال و ڕەبیعە و سەرجەم ناوچەکانەوە، تا کاتژمێر سێی دوای نیوەڕۆ پڕۆسەکە ئاسایی بەڕێوە چووە، بەڵام دواتر لە ناوچەکانی ماددەی ۱٤۰ پرۆسەکە شێواوە و بووەتە دەنگدانی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا و بە باجی دەنگپێدراو دووبارە دەنگ دەدرێتەوە."
ئەو چاودێری نێودەوڵەتییەی هەڵبژاردنەکان ئاشکراشی کرد: "لە لای چەپی مووسڵ لە قوتابخانەی شەرتڵ عەرەب کە لە ۱٤ ویستگە پێک هاتووە، سەرجەم ئامێرەکان کوژیندراونەتەوە بەبێ پەنجەمۆر دەنگ دەدرێت، ئەمەش پێچەوانەی یاسایە و دەبێ ئەو بنکەیە هەژمار نەکرێت."
ڕایشیگەیاند: "ئەم زانیاریانەمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕەوانە کردووە، چونکە پرۆسەکە کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە و ڕاپۆرتی کۆتاییشمان دەبێت."
سەرباز واحد




