بەرپرسی لقی ٤: دەنگدەری پارتی برینداریش کراون.. دەدەینە یاسا و لە مافی دەنگدەرانمان خۆش نابین

هەولێر-KDP.info- سەعید سەلیم، بەرپرسی لقی ٤ی پارتی لە سلێمانی دەڵێ، لە چەند بنکەیەکی سلێمانی هێرش کراوەتە سەر دەنگدەرانی پارتی و جەخت دەکاتەوە، "ئەمە پیلانداڕێژراو بووە و ئێمەیش بکەرانی ئەو کارە دەدەینە یاسا."
سەعید سەلیم، بەرپرسی لقی ٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێ: "لە نێو شاری سلێمانی لە هەندێک بنکەی دەنگدان چەکدار کۆ کراونەتەوە و ڕێگری لە دەنگدەر و لایەنگرانی پارتی کراوە و تا ئێستایش دەکرێ، سووکایەتییان پێ کردوون و برینداریشیان کردوون، هەورەها ڕێگەیان نەداوە کە دەنگدەری پارتی بتوانن دەنگ بدەن."
سەعید سەلیم هۆشداری دەداتە بکەرانی ئەو کارە و دەڵێ: "بکەرانیان دەدەینە یاسا و لە مافی دەنگدەرانمان خۆش نابین، ئەمە پیلانی پێشوەختەی بۆ داڕێژراوە و بەرپرسی هێزە باڵادەستەکانی سلێمانی کەسی یەکەمن لەو ڕووداوەدا."
سەرباز واحد




