کەریم شنگالی: ئێستا دەنگدەر دەتوانێ بە ئۆتۆمبێل بچێتە مەخموور و دەنگ بدات

ھەولێر-KDP.info- کەریم شنگالی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ڕێگەی مەخموور ئێستا کراوەیە و بێ کێشە دەنگدەرانی مەخموور دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بچن دەنگ بدەن.
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان كەریم شنگالی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ڕێگەی مەخموور ھەولێر کراوەتەوە و ئەو کێشەیەی چەند سەعاتێک بەر لە ئێستا بۆ دەنگدەران دروست کرابوو نەماوە، ھەر کەسێک دەنگی لە مەخموورە دەتوانن لەو ماوەیەی ماوە بچن دەنگی خۆیان بدەن."
بەپێیی بە دواداچوونی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگدەرانی مەخموور نەیاندەتوانی ٧کیلۆمەتر بە پێ بڕۆن بۆ بنکەکانی دەنگدان بە ھۆی ڕێگری لەلایەن ھێزەکانی سوپای عێڕاق و حەشدی شەعبییەوە.
پێشتر قایقمامی مەخموور، ڕزگار مستەفا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندبوو کە ھێزە عێراقییەکان ڕێگەی سەرەکیی ھەولێر مەخمووریان داخستووە و بە ھۆیەوە ١٠ ھەزار دەنگدەر ناتوانن بچنە مەخموور دەنگ بدەن.
فایزە کۆیی




