ئاسایشی بەحرکە تۆمەتی بەرپرسێکی یەکێتی لە مووسڵ ڕەت دەکاتەوە

هەولێر-KDDP.info- بەڕێوەبەری ئاسایشی بەحرکە، تۆمەتەکانی بەرپرسێکی یەکێتی ڕەت کردەوە لەوەی، گوایە ئاسایش دەستی بەسەر دوو بنکەی دەنگدانی ئاوارەکاندا گرتبێت و دەشڵێ، "ئەم تۆمەتە ترسی ئەو لایەنەیە کە دەزانێ لەو سنوورە دەنگ ناھێنێت."
حاجی گەردی، بەڕێوەبەری ئاسایشی بەحرکە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی کردەوە "پڕۆسەی دەنگدان لە سنووری ناحیەی بەحرکە بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت؛ تا ئێستا جگە لەو کێشە تەکنیکیانەی بەھۆی ئامێرەکانی کۆمسیۆنەوە دروست بوون، ھیچ کێشەیەکی دیکە و پێشێلکاری رووی نەداوە"، گوتیشی، کە ھێزەکانی ئەمنی و ئاسایش لە شەوی رابردووە کەوتوونە ئامادەباشی بۆ پاراستنی ئەمنیەتی بنکەکانی دەنگدان و، بەھۆی رێژەی زۆری دەنگدەران و ھەبوونی ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی دەنگدەرەوە، قەرەباڵغیەکی زۆر دروست بووە لە ھەندێ بنکە.
لەبارەی ئەو تۆمەتەی غهیاس سورچی كارگێڕی مهڵبهندی موسڵی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان کە لە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی بڵاو کراوەتەوە و، گوایە ئاسایشی بەحرکە دەستی بەسەر دوو بنکەی دەنگدانی ئاوارەکاندا گرتووە، بەڕێوەبەری ئاسایشی بەحرکە گوتی "ئەو تۆمەتانە راست نین، ئێمە وەک دەزگای ئاسایش بێلایەنین لە پڕۆسەی دەنگداندا، بەڵام چونکە ئێمە رێگەی پێشێلکاری نادەین بۆ ھیچ کەسێک، دیارە ئەو برادەرانە مەترسیی ئەوەیان هەیە لەنێو ئاوارەکانی مووسڵدا ئەوانەی نیشتەجێی بەحرکەن، دەنگ ناھێنن بۆیە هەر لە ئێستاوە ئاسایش تۆمەتبار دەکەن."
حاجی گەردی جەختی کردەوە کە ڕێنمایی دراوە بە ھەموو بنکەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاسایشی بەحرکە تا چاودێریی پڕۆسەکە بکەن، "ئەرکی ئێمەیە و رێگەش بەھیچ کەس و لایەنێک نادەین پێشێلکاری بکات، ھەموو لایەک دڵنیا دەکەمەوە ئەوەی یەکێتی و نوێنەرەکانی دەیڵێن تەنیا تۆمەتە و ھیچ تر نییە."
قائید میرۆ




