سەرۆکی بەرنامەی ھەڵبژاردن لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ: پێشێلکاریی گەورە تۆمار کراون
_(1)__2018_02_08_h19m20s8__HK.jpg)
نەینەوا-KDP.info- بەرپرسێکی چاودێرانی ھەڵبژاردن ئاشکرای کرد، لە دەشتی نەینەوا حەشدی شەعبی دەستی بەسەر بنکەیەکی دەنگداندا گرتووە لە ناوچەی بازوایە و دەشڵێ، ھەموو نوێنەرانی ئەوان و کیانە سیاسییەکان دەرکراون.
ھۆشیار مالوو، سەرۆکی بەرنامەی ھەڵبژاردن لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە زۆربەی ناوچەکانی ژێر دەستی حکوومەتی عێراق پێشێلکاریی گەورە تۆمار کراون لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، لەوانەش لە ناوچەی بازوایەی دەشتی نەینەوا ھێزێکی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر بنکەیەکی ھەڵبژاردندا گرتووە و ھەموو نوێنەرەکانی ئێمە و کیانە سیاسییەکانی دەرکردووەتە دەرەوە، لە فەللووجەش بە ھەمان شێوە ھێزێکی چەکدار دەستی بەسەر سندووقەکانی دەنگداندا گرتووە و سندووقەکانی بردووە، لە پارێزگای دیالەش ھێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی دەنگدان و پۆلیسێکی عێراقی گیانی لەدەست داوە."
لەبارەی کێشە تەکنیکییەکانەوە لە ھەرێمی کوردستاندا، ھۆشیار مالوو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە کۆی ٥٠٠ بنکەی ئێمە چاودێریمان دەکرد لە ٨٦ بنکە کێشەی نەخوێندنەوەی ئامێر و چەند کێشەیەکی دیکەیان ھەبوو، بەڵام دوای ئاگادارکردنەوەی کۆمسیۆن، ئێستا تەنیا ٤١ ئامێر کێشەیان ھەیە و چارەسەر نەکراون، لە بنکەی سەلاحەدین لە سلێمانی بەداخەوە شەڕ ڕووی داوە و چەندین پێشێلکاریی دیکەش لە سلێمانی تۆمار کراون."
قائید میرۆ




