قایمقامی سۆران: ڕێژەی بەشداریكردن 40%ـە و چاوەڕوان دەکرێ ڕێژەکە بەرزتر ببێتەوە

سۆران-KDP.info- قایمقامی شارۆچكەی سۆران بەوەكالەت ڕایگەیاند، لە سۆران كێشەی ئامێرەكان چارە كرا و لە هەموو بنكەكانی دەنگدان هاووڵاتییان بە ئاسایی دەنگ دەدەن، كە 128 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە تا ئێستا 40% دەنگیان داوە و چاوەڕوان دەكرێت ڕێژەكە لە ئێستا بەدواوە بەرز بێتەوە.
مەغدید عەریف، قایمقامی شارۆچكەی سۆران بەوەكالەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "تیمی كۆمسیۆن لە بەیانییەوە لەسەر بنكەكان دەگەڕێن، سەرجەم ئەو كێشانەی هەبوونە تا ئێستا چارە كراون، بەڵام لە كاتی دەنگداندا دەبینین ئامێرەكان دەوەستن، تیمەكان دەگەن و چاکی دەكەنەوە، بەڵام هەموو بنكەكان كراونەتەوە و پێشوازی لە دەنگدەران دەكەن و هاووڵاتیان بە شێوەیەكی ئاسایی دەنگ دەدەن."
قایمقامی شارۆچكەی سۆران گوتیشی: "لە سەنتەری سۆران و دیانا نیزیكەی 93 هەزار دەنگدەر هەن، بە ناحیەكانی سیدەكان و خەلیفانیشەوە 128 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن، تا ئێستا پرۆسەكە بە ئاسایی بەڕێوە دەچێت، ڕێژەی بەشداریكردن 40%ـە و چاوەڕوان دەكرێت لێرە بە دواوە قەرەباڵغییەكی زۆر لەبەردەم بنكەكانی دەنگداندا دروست بێت و هاووڵاتیان دەنگ بدەن".
ڕابین شێروانی




