فازڵ بەشارەتی: لە سنووری هەڵەبجە ساختەكاری بەردەوامە و هەڕەشەش لە خەڵك دەكەن

هەڵەبجە-KDP.info- بە گوێرەی زانیاریی لقی ١٢ی پارتی لە هەڵەبجە، لە سنوورەكەدا بە شێوەیەكی بەرچاو ساختەكاری دەستی پێكردووە.
بەرپرسی لقی 12ی پارتی لە هەڵەبجە، فازڵ بەشارەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: " لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، ساختەكاری دەستی پێكردووە و لە بیارە لیوایەكی سەربازی بردراوە بۆ نێو دەنگدەران و هەڕەشە لە خەڵك دەكەن، هەروەها چاوسووركردنەوە لە خەڵك هەیە و تەقە بەسەر خەڵكیدا كراوە، چونكە زۆرینەی ئەو خەڵكە دەنگدەری پارتین".
فازڵ بەشارەتی گوتیشی، لە سەیدسادقیش سەرجەم نوێنەرانی پارتی لە بنكەكانی دەنگدان دەركراون و رێگەیان پێ نادرێت بچنە نێو بنكەكانی دەنگدانەوە.
بەرپرسی لقی 12ی پارتی، ئاماژەیشی دا، هەموو ئاوارە عەرەبەكان كۆ كراونەتەوە و لە دوو قوتابخانەدا لە هەڵهبجە دەنگیان پێ دەدرێت، كەسیش نازانێت چۆن بەو شێوەیە دەنگیان پێ دەدەن.
ئەو هەروەها ڕوونیشی كردەوە: "هەر شەوی رابردوو، بە چەندین ژمارە تەلەفۆن هەڕەشە لە خەڵكی ئێمە كراوە كە بەشداری لە دەنگداندا نەكەن و، ئێمەیش هەموو لایەكمان لەوە ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام ساختەكاری هەر بەردەوامە".
بڵند ئیبراهیم




