لە تلكێف، حەشد بە چەكەوە دەچنە بنكەكان و نوێنەری پارتییان دوور خستووەتەوە

تلكێف-KDP.info- لە شارۆچكەی تلكێف، حەشدی شەعبی لە رێگەی هێزێكی سەر بە "ڕەیان كلدانی" بە چەكەوە چوونەتە نێو بنكەی دەنگدان و، نوێنەری پارتییان لە بنكەكەدا دوور خستووەتەوە و هەڕەشەیش لە خەڵكی دەكەن.
یەڵدا شموئیل یەڵدا، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تلكێف، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە شارۆچكەی تلكێف و بەعوێزە، تا ئێستا پێشێلكارییەكی زۆر كراوە و، حەشدی شەعبی لە رێگای هێزەكەی "رەیان كلدانی"ـیەوە، بە چەكەوە دەچنە نێو بنكەكانی دەنگدان و، هەڕەشە لە چاودێران و كیانە سیاسییەكانی ئێمە دەكەن و دەریان دەكەن، هەروەها خەڵكیش بە چەك دەترسێنن بۆ ئەوەی دەنگ بە لیست و كاندیدانی ئەوان بدەن، ئێستایش ئەو هەڕەشانە بەردەوامن".
یەڵدا گوتیشی: " لە بەیانییەوە لە شاری مووسڵ كۆمسیۆنمان بۆ چەندەمین جار لەو پێشێلكارییە ئاگادار كردووەتەوەوە، بەڵام بێسوودە و تا ئێستا وەڵام نادەنەوە و چارەیان نەكردووە".
شارۆچكەی تلكێف، زۆربەی دانیشتووانەكەی مەسیحین و بە دووریی نزیكەی ١٨ كیلۆمەتر، دەكەوێتە رۆژهەڵاتی شاری مووسڵەوە.
نەشوان بەرزنجی




