مەحموود محەممەد: گرینگە هاووڵاتیان وەك ئەركێكی نیشتمانی، بەشداریی ھەڵبژاردن بكەن و دەنگ بدەن

ھەولێر-KDP.info- مەحموود محەممەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ لە دوای دەنگدانی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ مێدیاكان ڕایگەیاند، ئەو كاندیدانەی لە ھەڵبژاردنەكەدا دەردەچن، پێویستە بەرگریكارێكی باشی مافەكانی خەڵكی ھەرێمی كوردستان بن. داوایشی لە ھاونیشتیمانیان كرد، وەك ئەركێكی نیشتمانی، بەشداری لە ھەڵبژاردندا بكەن.
سەعات 7ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، پرۆسەی دەنگدان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە باشووری كوردستان و تەواوی عێراق دەستی پێكرد و بنكەكانی دەنگدان بە ڕووی دەنگدەراندا كرانەوە.
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی، مەحموود محەممەد، لە شاری ھەولێر لە یەكێك لە بنكەكانی دەنگداندا بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی دا، لە دوای دەنگدانەكەیش بە مێدیاكانی ڕاگەیاند: "پرۆسەی ھەڵبژاردن، گرینگە و پێویستە ھاووڵاتیان وەك ئەركێكی نیشتمانی بەشداری بكەن و دەنگی خۆیان بدەن".
مەحموود محەممەد گوتیشی: "ئەو كاندیدانەی لە ھەڵبژاردنەكەدا دەردەچن، پێویستە بەرگریكارێكی باشی مافەكانی خەڵكی ھەرێمی كوردستان بن و داكۆكیكار بن لەو مافە ڕەوایانەی كە عێراق پێشێلی كردوون و وەدەست نەھێندراون، ئەوان لە دوای دەرچوونیان و چوونیان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیداراڵ، پێویستە داكۆكی لە مافە ڕەواكان بكەن لە پێناو بەدیھێنانی دەستكەوتی زیاتردا بۆ كوردستان".
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاشیگەیاند: "لەسەر ھەموو لایەنەكان پێویستە بە یەكگرتوویی بچینە بەغدا و پارێزگاری لە دەستكەوتەكان بكەین، هەروەها ڕووبەرووی ئەو تەحەددیانە ببینەوە كە دێنە پێشمان، ناحەزانمان ھەمیشە ئارەزوو دەكەن و ھەوڵ دەدەن درز بكەوێتە نێو ماڵی كورد، بەڵام بە یەكگرتووییمان دەتوانین سەركەوتوو بین بەسەریاندا و بە مافە ڕەواكانمان بگەین".
فایزە كۆیی




