٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نوێنەری پارتی لە ڕووسیا: ڕووسیا ده‌یه‌وێ په‌ره‌ به‌ پێوه‌ندییه‌كان بدات.. کورد ھاوسەنگی ده‌پارێزێت

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-   نوێنەری پارتی لە ڕووسیا له‌ ڕووسیا ده‌ڵێ، ھەرێمی کوردستان بۆ بەھێزکردنی پێگەی خۆی، ئامادەیە پەیوەندی لەگەڵ زلھێزانی جیھان تووندتر بکات و زەمینەی کێبڕکێ بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان خۆش بکات، هه‌روه‌ها گوتی، ڕووسیایش یەکێك لەو وڵاتانەیە کە حەز دەکات بە شێوەیەکی جیددی پەرە بەو پەیوەندییانە بدات.

٨ی ٥ی ٢٠١٨، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە گۆڕەپانی سوور لە مۆسکۆ، لەگەڵ شاندی وڵاتان بەشداری لە ئاھەنگی رۆژی سەرکەوتنی رووسیا کرد.

لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حکوومەتی رووسیای فیدراڵ، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بەشداری كرد لە ئاھەنگی ٧٣یه‌مین ساڵوەگەڕی سەرکەوتن بەسەر فاشیستدا كه‌ لە مەیدانی سوور له‌ مۆسكۆ به‌رێوه‌ چوو. به‌شداریی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ بانگهێشتی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیای فیدراڵ بوو. پاش مه‌راسیمه‌كه‌، سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان و سه‌رۆكی ڕووسیا كۆ بوونه‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك كه‌ لە پاش چواره‌مین جار دەستبەکاربوونه‌وه‌ی ڤلادیمێر پووتین وەکو سەرۆکی رووسیا لە ٧ـی مانگی مەی ئه‌مساڵدا به‌رێوه‌ چوو، بوو به‌ یەکەمین دیداری پووتین لەگەڵ وەفدێکی بیانی کە ئەنجامی بدا، كه‌ ئه‌ویش نێچیرڤان بارزانی بوو.

پەیوەست بە بایه‌خی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕووسیا، د.خۆشەوی ئیبراھیم، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت ''لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکوەزیران و وەزیری سامانە سرووشتییەکان ئامادەی بوون، په‌ره‌دان به‌ پەیوەندییەکان له‌ زۆر بواردا خراوه‌ته‌ به‌ر باس و، هه‌روه‌ها لەسەر ئاستی ھەرێمیدا باسی چۆنیەتیی بارودوخه‌كه‌ کراوه‌؛ پەیوەندییە ئابوورییەکان، کومەڵایەتی، سیاسی و بواری وزە گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كراوه‌."

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان ئامادەیی ڕه‌خساندنی زەمینەی له‌باره‌ی بۆ راکێشانی وەبەرھێنانی رووسیایی نیشان داوه‌، ئه‌مه‌ش لە کاتێكدایه‌ کە بارودۆخی ھەرێمی کوردستان لە گەشانەوەدایە و پێویستی زیاتری بە وەبەرھێنان لە کەرتەکانی ئابووری و وزەدا ھەیە و، وه‌ك د. خۆشه‌وی ده‌ڵێ، کۆمپانیاکانی رووسیا تاقیکردنەوەی باشیان لەو رووەوە ھەیە و ''لەو دانیشتنه‌دا باسی پێکھێنانی چەندین وەفدی ھاوبەش بۆ پەرەسەندنی ئەو بوارانە کراوە.''

ئه‌گه‌رچی هێشتا ورده‌كاریی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی رووسیا بۆ مێدیا نه‌خراوه‌ته‌ ڕوو، بەڵام د. خۆشه‌وی ئیبراهیم گوتی ''ئەوەی دڵخوشکەرە ئه‌وه‌یه‌ کە لایەنەکان دەستیان بە گفتوگویەکی جیددی کردووە و ھەرێمی کوردستانیش بۆ بەھێزکردنی پێگەی خۆی، ئامادەیە کە پەیوەندی لەگەڵ زلھێزانی جیھانی و وڵاتانی کاربەدەست بکات و زەمینەی کێبڕکێ بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان خۆش بکات''، هه‌روه‌ها گوتی ''ئابووریی کوردستان لەسەر زەمینەی ئابووریی سەربەخۆ بونیاد نراوە، کە ئەو پڕێنسیپانە دوورن لە كارتێكه‌ره‌ سیاسییه‌كانەوە، بۆیە ڕووسیایش یەکێك لەو وڵاتانەیە کە حەز دەکات بە شێوەیەکی جیددی پەرە بەو پەیوەندییانە بدات. ھەروەکو دیارە لە رابردوویشدا پەیوەندی نێوان کوردستان و رووسیای تزاری و یەکێتیی سوڤیێتیشدا ھەر بوونیان ھەبووە و لە زۆر قوناغدا رووسیا وەکو پشتیوانی سەرەکی دەناسێندرا."

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیاندا، سەرکۆماری رووسیا ڤلادیمێر پووتین پشتگیریی خۆی و وڵاته‌كه‌ی بۆ پشتیوانی له‌ خواستەکانی گەلی کوردستان لە عێراقدا دەربڕیوە. د. خۆشەوی ئیبراھیم له‌وباره‌وه‌ دەڵێت، ''کوردستان پێویستی بە دروستکردنی ھاوسەنگی لەگەڵ ھەموو وڵاتانی جیھاندا ھەیە، بە تایبەتی لەم کاتەدا ئەو ھاوسەنگییە پێگەی نێونەتەوەیی کوردستان بەھێزتر دەکات و پەیوەندییەکان بەرەو پێش و ئاسۆیەکی بەرز دەبردرێن. دەبێ ئەوەش بزانین کە پووتین بە ئاسانی دیدار لەگەڵ ھەموو سەرۆکانی جیھانی ناکات.''

له‌ بیستویەکەمین کۆڕبەندی ئابووریی سان پیتەرسبۆرگ کە بە داڤۆسی رووسیا ناو دەبرێت، كه‌ لە دووەمین ٥ وڵاتە ھەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشه‌ و گەورەترین و بەھێزترین وڵاتی ئاسیادا رۆڵێکی گەورەی لە نزیکبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتان و گەورەکۆمپانیاکانی جیھان و وەبەرھێنەرەکانی وڵاتانی بەشداربوو ھەیە، بەتایبەتی لە بواری نەوت و غازدا کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆنتراکتێکی گرینگی لەگەڵ گەورەکۆمپانیای رۆسنەفتی رووسیا، کە بە یەکێک لە ھەرەگەورە کۆمپانیاکانی نزیک لە سیاسەتەکانی (ڤلادیمیر بووتین) دادەنرێت.
له‌و كۆڕبه‌نده‌دا كه‌ له‌ ڕۆژی 2ی مانگی ٦ی ٢٠١٧ ساز درا و شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمیش تێیدا ئاماده‌ بوو، ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ك له‌ نێوان وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیای ڕۆسنه‌فتی ڕووسیادا له‌ سان پیترسبۆرگ واژۆ كرا، كه‌ (نێچیرڤان بارزانی)، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و (قوباد تاڵه‌بانی)ی جێگری ئاماده‌ی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ بوون.

ئیبراھیم، ئاشكرایشی كرد كه‌ بریارە لە ٢٤ـی ئەم مانگەدا و بۆ جارێكی دیكه‌ نێچیرڤان بارزانی بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووری لە شاری "سان پیترسبۆرگ"دا بکات، کە وەکو نەریتێکی ساڵانەی لێھاتووە و ڕه‌نگه‌ دووبارە چاوپێکەوتن لەگەڵ پووتینیشدا ئەنجام بدات.
ئه‌و نوێنه‌ره‌ی پارتی له‌ ڕووسیا له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌شه‌، كه‌ گەشانەوەی پەیوەندییەکانی رووسیا و کوردستان، زەمینە بو چارەکردنی کێشە ئابوورییه‌کانی ھەرێم خۆش دەکەن، ''بێ شک رووسیا خاوەن کاریگەرییه‌ بەسەر ئێران و تورکیایشه‌وه‌، بە تایبەتی لەو ھەلومەرجانەدا.''

له‌و مه‌راسیمه‌دا كه‌ ئێواره‌ى ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 9/5/2018، له‌ گۆڕه‌پانی سوور به‌رێوه‌ چوو و نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به‌شدارى له‌ یادى سه‌ركه‌وتنى جه‌نگى مه‌زنى نیشتمانى (جه‌نگى جیهانیى دووه‌م)دا كرد، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش بنیامین نه‌ته‌نیاهو لەو بۆنه‌یه‌ بەشدار بوو، به‌ هۆی ئه‌م به‌شداری و ده‌ركه‌وتنانه‌شه‌وه‌ د. خۆشه‌وی پێیی وایه‌، ''ئه‌م به‌شداری و دیدارانه‌ به‌ بایه‌خن، چونکە بڕیاری سەرەکی لە سووریادا بە دەست رووسیاوەیە و لە داھاتوویشدا وا پێدەچێت کە کاریگەریی رووسیا بەسەر ئێراندا زیاد بکرێت، دوور نییە کە عێراقیش بکەوێتە ژێر کاریگەریی رووسیاوە.''

ئه‌و زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ دوا و گوتی ''ئێستا ھاوپەیمانییەکی بەھێز لە نێوان رووسیا و چیندا لە ئارادایە، پێویستە کوردستانیش بە شێوەیەک لە شێوەکان کاریگەریی خۆی لەو ھاوپەیمانییەدا ھەبێت. بێ شک لە داھاتوویەکی نزیکدا وڵاتانی چین، ھندستان و رووسیا کێبڕکی لەسەر فراوانکردنی کاریگەرییان بەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەکەن؛ له‌و نێوه‌دا پێویسته‌ کوردستانیش ببێتە جێگای سەرنج و بایەخدان، بۆیە داڕشتنی ئەو ستراتیژە لە لایەن سەرۆکی حکوومەتەوە پێویستە و لەھەمانکاتدا دەبێ ھەوڵی راگرتنی ھاوسەنگییش بدەین.''

نوێنه‌ری پارتی له‌ ڕووسیا ئاماژه‌ به‌ مێژووی پێوه‌ندییه‌كانی كوردستان له‌گه‌ڵ زلێهێزاندا گوتیشی ''بەپێی تەجروبەی خەباتی گەلی کورد، کاتێک کە ئێمە دەکەوینە ژێر کاریگەریی تەنیا وڵاتێکەوە، ئه‌وا بە ئاسانی دەکەوینە داوی بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتەوە، بۆیە پێویستە کە ھاوسەنگییەکان بپارێزرێن و بەرژەوەندیی وڵاتانی ئابووریی جیھانی خودان فەرمان، لە بیر نەکرێن و لەھەمانکاتدا پێگەی کوردستانیش بەھێز دەکرێت."

فایزە کۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار