٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: ‏ خوێنی شەهیدانی پردێ و سحێلا و تلسقۆف، ‏كوردستانی پاراست

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  نێچیرڤان بارزانی داوا له‌ جه‌ماوه‌ری كوردستان ده‌كات، دەنگ بدەن بە لیستی ئەو شەهیدانەی لە پردێ و سحێلا و تلسقۆف، بە گیان و خوێنی خۆیان كوردستانیان پاراست و نه‌یانهێشت قه‌واره‌ی سیاسیی كوردستان بكه‌وێت. دەنگ بدەن بە پارتی كە ئەگەر قارەمانیەتیی پێشمەرگه‌ جوامێره‌كانى نەبووایە، ئێستا لەم وڵاتە، نە ئارامی و سەقامگیری، نە ئاشتی و ئاوەدانی، نە كار و ژیان له‌م وڵاته‌ نه‌ده‌ما.


لە دوایین ڕۆژی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بۆ سەرکەوتنی لیستی ١٨٤ و پاڵێوراوانی پارتی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ ١٠ی ئایاری ٢٠١٨، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریی کەرنەڤاڵێکی بەرفراوانی جەماوەری لە شاری هەولێر کرد کە لە بەردەم پارکی شانەدەری ئەو شارە ڕێکخرابوو.

لەو ئاهەنگەدا، جێگری سەرۆکی پارتی وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا وێڕای گەیاندنی سڵاو و ڕێزی جه‌نابى سەرۆک بارزانی بە ئامادەبووان، باسی لە گرنگیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان كرد کە لەوانەیە ببێتە هۆی به‌ستنى هاوپەیمانیی تازە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا، ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان و ژیانی هاووڵاتیان.

  نێچیرڤان بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە کێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا کە بۆ جێبەجێنەکردنی دەستوور دەگەڕێتەوە، ڕەخنەی لە هاوبەشە عێراقییەکان گرت کە بە جێبەجێنەكردنی دەستوور پەیوەندییان ‏لەگەڵ كوردستان لاواز كرد، لەوانە جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 وەک مافێکی دەستووریی خەڵکی کوردستان، هەروەها بوونە هۆکاری تێکدانی باری ئەمنى و دەسەڵاتی مەدەنی و نیشتیمانی لە عێراق و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و نەخوێندەواری لە وڵات.

لەو بارەیه‌وە بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەمەریکا و بەریتانیای ڕاگەیاند ئێستا بە بەڵگە و بەکردەوە دەبینن چۆن ئەو دەستوورە بە هیچ شێوەیەک جێبەجێ ناکەن کە پێشتر خۆیان چاودێریی نووسینەوەی دەستووریان دەکرد و بەڵێنی جێبەجێکردنیان بە کورد دەدا و جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی دەستوور کردەوە لەپێناو تێکنەچوونی بارودۆخی عێراق و ئەمنییەتی ناوچەکە و جیهان.

نێچیرڤان بارزانی پێداگری لەسەر پێدانی تەواوی به‌شه‌بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان، دابینکردنی مووچە و پێداویستیی پێشمەرگە، پێدانی مافی خانەنشینان، زیندانیانی سیاسی و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان كرد و داوای کرد بەغدا ئیلتیزامە دەستووری و یاساییەكانی بەرامبەر فەرمانبەران و ‏پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكات، لەگەڵ دروستکردنی دەستەی گشتیی چاودێریكردنی دابەشكردنی ‏داهاتە فیدراڵییەكان، تەرخانکردنی بودجە بۆ پڕۆژەکان و بوونی بەشی هەرێم لە قەرزە نێودەوڵەتییەكان و ‏یەدەگی نەختینەی عێراق.

قەرەبووکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی سەردەمی بەعس بەپێی دەستوور، قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوەکانی سەرجەم ناوچەکانی کوردستان، بەرهەمهێنانی نەوت و غاز بەگوێرەی دەستوور و هاوبەشیکردن لە دانانی سیاسەتی ستراتیژیی نەوت و ‏غازی عێراق، تەوەرێکی دیکەی وتارەکەی نێچیرڤان بارزانی بوو.

نێچیرڤان بارزانی هاووڵاتییانی دڵنیا کردەوە، کە بەوپێیەی هەنگاوی باشی ئابوورییان ناوە، دەتوانن بارودۆخی ئابووری و گوزەرانی خەڵكی كوردستان باش بكەن و باری ئابووری لە پێش شەڕی داعش باشتر دەکەن. وێڕای ئاماژەدان بە بڕیاری کەمکردنەوەی پاشەکەوتی مووچە، بەڵێنی دا کە بە زیادبوونی داهاتی کوردستان، کێشەی مووچە بە تەواوی چارەسەر دەکەن و جارێکی دیکە دەست بە پێدانی سولفەی خانووبەرە و هاوسەرگیری و یارمەتیی جووتیاران دەکەنەوە، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی نەخشەی ستراتیژیی پەرەپێدانی كشتوكاڵ، پێشخستنی ‏پەروەردە و تەندروستی لە كوردستان.

 

ئەمەدەقی وتارەکەی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە:

 

ئامادەبووانی بەڕێز،

كوردستانیانی خۆشەویست،

ئێوەی بەڕێز كە لەم گردبوونەوە جەماوەرییەدا ئامادەن، یان لە ڕێگەی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە سەیرمان دەكەن و گوێمان لێدەگرن،

ئێواره‌تان باش،

هه‌موولایه‌كتان به‌خێر بێن سه‌رچاوان.

ڕێز و سڵاو و خۆشه‌ویستیی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانیم پێیه‌ بۆ هه‌موولایه‌كتان و هه‌مووتان به‌خێر بێن.


خۆشه‌ویستان،
ئـێمە كەمتر لە دوو ڕۆژمان ماوە بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنی گشتیی عێراقی فیدراڵدا. ئـەم هەڵبژاردنە ڕووداوێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان كه‌ ڕه‌نگه‌ هاوپەیمانیی سیاسیی تازە لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا دروست ببن، ئـەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر هەرێمی كوردستان و ژیانی خه‌ڵك.

كێشەی گەلی كوردستان كه‌ به‌رده‌وام بە ناوی (كێشەی كوردی) لە عێراقدا هه‌بووه‌، ئـێستاش ئـەو كێشەیە وەك گەلی كوردستان دەیەوێت، بەپێی دەستووری عێراقیش چارەسەر نەبووە، ئەو دستوورەی كه‌ ساڵی 2005 پێكەوە نووسیمان و دەنگمان بۆ دا. لەبەر جێبەجێنەكردنی دەستوور، ئێستا كێشەكە ناوەكەی گۆڕاوە بۆ كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا.

ئێمە لێرەدا بە هەموو هاوبەشە عێراقییەكانمان دەڵێین: ئێوە بە جێبەجێنەكردنی دەستوور پەیوەندیتان لەگەڵ كوردستان لاواز كرد، باری ئەمنیی عێراق و دەسەڵاتی مەدەنی و نیشتیمانیتان لە عێراق تێكدا، لە ئەنجامیشدا بەداخەوە زۆرترین ڕێژەی نەخوێندەواری و بێكاری و هه‌ژارى لە عێراقدا دروست بووە.

ئەمه‌ریكا و بەریتانیا و نەتەوەیەكگرتووەكان كە چاودێریی نووسینەوەی دەستووری عێراقیان ده‌كرد، چەندین جار لەكاتی پێكهێنانی كابینەكانی حكوومەتی عێراقدا بەڵێنیان بە لایەنە كوردستانییەكان دا كە چاودێریی جێبەجێكردنی دەستوور دەكەن. ئێستا لێره‌وه‌ پێیان دەڵێین بە بەڵگە و بە كردەوە لەپێش چاوتانە دەستووری عێراق به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك جێبەجێ نەكرا.

ئیتر نابێ چیتر جێبەجێنەكردنی دەستووری عێراق پشتگوێ بخەن، چونكە تێكچوونی بارودۆخی عێراق، ئەمنیەتی ناوچەكە و هەموو جیهانی خستە مەترسییەكی گەورەوە و كاریگه‌رییه‌كى زۆر خراپى له‌ خەڵكی كوردستان و عێراق بەگشتی كرد.

یەكەمین كێشەی ئێمە، جێبەجێنەكردنی ماددەی ١٤٠ـه‌، لە دەستووری عێراق كه‌ ساڵی ٢٠٠٥ گه‌لی عێراق ده‌نگی بۆ دا، لە سەردەمی حوكمی پۆل بریمەره‌وه‌، ئـێمە بە گشتی زیاتر لە دوازدە ساڵە داوای مافێكی دەستووری دەكەین، داوای چارەسەری دەستووری دەكەین بۆ چارەنووسی خاك و خەڵكی خۆمان لە چوارچێوەی عێراقدا.

كێشەی دووەم كێشەی بەشی كوردستانە لە داهاتی گشتی. نامانەوێ باسی ڕابردوو بكەین یان كۆنە دەفتەر هەڵبدەینەوە، بەڵام دەبێ باسی ئـەوە بكەین بەغدا بەردەوام خۆی دزیوەتەوە لە ئەركەكانی سەرشانی لە ئـاست هەرێمی كوردستاندا، هەندێ جاریش ئـەو پرسە هەستیارەی گەلی كوردستانیان بۆ ململانێی نێوان خۆیان لە بەغدا، هه‌ندێك جاریش بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دژی هه‌رێمی كوردستان بەكاریان هێناوە.

دوای ئـەم هەڵبژاردنەی شەممەی داهاتوو كە پەرلەمان و حكوومەتی نوێ لە بەغدا دروست دەبن، ئـێمە جارێكی دیكە بۆ مافی كوردستان و بەشی كوردستان لە داهاتی گشتیی عێراق، ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ به‌غدا و دەست به‌ دانوستاندن ده‌كه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و مادده‌ ده‌ستووریانه‌ی كه‌ تا ئێستاش جێبه‌جێ نه‌كراون.

ئێمە دەمانەوێت، بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بە تەواوی بدرێت، مووچە و پێداویستییەكانی پێشمەرگە دابین بكرێن، خانەنشینان و زیندانیانی سیاسی و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان مافی خۆیان پێبدرێت. دەمانەوێ عێراق ئیلتیزامە دەستووری و یاساییەكانی بەرامبەر فەرمانبەران و پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكات، نەك جیاوازی بكات بەرامبەریان. هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، دەبێ بەغدا بە یەك چاو سەیری ئـێرە و ئـەوێ بكات.

دەمانەوێت هەروەك لە دەستووری عێراقدا هاتووە، دەستەی گشتیی چاودێریكردنی دابەشكردنی داهاتە فیدرالییەكان دروست بكرێت، بەشی هەرێمی كوردستان لە قەرزە نێودەوڵەتییەكان و یەدەگی نەختینەی عێراق بدرێت، بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەكانی كوردستان تەرخان بكرێن.

ده‌مانه‌وێت ئەو قەرەبووانەی لە دەستووردا دیاریكراون لە داهاتی نەوت بۆ ناوچە زیانلێكەوتووەكانی سەردەمی به‌عس تەرخان بكرێن. ئەو قەرەبووانەش بدرێن لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە كە دادگای تاوانەكانی عێراق بڕیاری لێداوە بۆ كەسوكاری قوربانیانی فەیلی و ئەنفالی بارزانییەكان و ئەنفالی گەرمیان و خۆشناوەتی و بادینان و هەموو كوردستان.

دەمانەوێت بەپێی دەستوور بەرهەمهێنانی نەوت و غاز ئەنجام بدەین و سیاسەتی ستراتیژیی نەوت و غازی عێراق بە هاوبەشی دابنێین، هەروەك لە دەستووری عێراقدا هاتووە.


بەڕێزان،
ئێمە دڵنیاین دەتوانین بارودۆخی ئابووری و گوزەرانی خەڵكی كوردستان باش بكەین، چونكە ئێمە ئێستا هەنگاوی زۆر باشی ئابووریمان ناون، هەروەها ئامادەین بۆ هەموو چارەسەرە دەستوورییەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدرالیی عێراقدا.

ئـێمە لەبەرئـەوەی خاوەن مافین و ڕاستی و هەق بەلای ئـێمەدایە، دڵنیا بن كە لە ئەنجامدا هەر كوردستان سەردەكەوێت و باری ئابووریی كوردستانیش به‌ره‌و باشی ده‌ڕوات. دڵنیابن له‌وه‌ی كه‌ دۆخی ئابووریی كوردستان لەپێش شەڕی داعش چۆن بوو، زۆر له‌وه‌ باشتری لێدەكەینەوە. پاشەكەوتی مووچەمان زۆر كەمكردووەتەوە، پشت بەخوا داهاتی كوردستان زیاتر دەبێت و پاشەكەوتی مووچە هەر بە تەواوی ناهێڵین.

ئێمە لە كابینەی پێنجەمدا، سلفەی خانوبه‌ره‌ و سلفه‌ى هاوسه‌رگیرى و یارمەتیدانی جووتیارانمان خستە ناو بودجەوە، زۆر دڵنیام جارێكی دیكە دەتوانین ئه‌و سلفانه‌ بدەینە خەڵكی شار و گوندەكان و یارمەتیدانی جوتیارانیش دەست پێبكەینەوە. دڵنیام ئەگەر ئارامی و تەباییمان هەبێت، باری ئابووریی كوردستان باشتر دەبێتەوە.


بەڕێزان،
لە شەڕی داعشدا زۆر ناوچەی كوردستان زەبری گەورەیان بەركەوت لە سەرووی هەمووشیانه‌وه‌ شنگال و دەوروبەری. ئـەو جینۆساید و ئەنفال و بێ ویژدانییەی لەگەڵ خوشك و برایانی ئـێزدی كرا، گەلی كوردستانی به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌ تووشی شۆك كرد. ئـێزدییه‌كان كەسوكاری ئـێمەن، داوا دەكەین بەغدا چاوێكی بەرپرسیارانەی هەبێت لە ئـاست ئـەو كارەساتە گەورەیەی كە ویژدانی مرۆڤایەتیی هەژاند.

ئێمە دەمانەوێت حكوومەتی داهاتووی عێراق، بارودۆخی ناوچە دابڕاوەكان ئاسایی بكاتەوە، قەرەبووی خەڵكی دەربەدەری شنگال، شار و شارۆچكە و گوندەكانی دەشتی نەینەوا، مەخموور، خورماتوو، جەلەولا و سەعدیە بكاته‌وه‌ و ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە یەكێك بێت لەكارە لە پێشینەكانی، ئێمەش بە هەموو شێوەیەك هاوكار دەبین.

 

 


بەڕێزان،
ڕاستە نوێنەرانی گەلی كوردستان لە پەرلەمانی عێراقدا، زۆرینە نین، بەڵام دەستووری عێراق، عەرەب و كوردی وەك دوو نەتەوەی یەكسان و شەریك لە عێراقدا ناساندووە. بەپێی دەستوور دەبێ بنەمای تەوافوق لە بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی عێراقدا پەیڕەو بكرێت، بۆ ئەوەی هەستكردن به‌ زوڵم دروست نەبێت كە بە داخەوە لە ئەنجامی جێبەجێنەكردنی دەستووردا كورد و زۆر لە پێكهاتەكانی دیكە هەستی پێدەكەن.

سیاسەتی زۆرینە و كەمینەی ئێستا، سیاسەتێكی چەوتە و داهاتووی نییە. كێشەی ئـێمە تائـێستا لەگەڵ ئەو سیاسەتەدا بووە، ئـەگەرنا گەلی عێراق بۆ ئـێمە گەلێكی برا و هاوبەشە وه‌كوو گه‌ل، هه‌میشه‌ باوەشی كوردستان لە هەموو بارودۆخێكدا بۆ پێشوازییان كراوە بووە و كراوه‌ ده‌بێت.

لایەنی كوردستانی كە بە گوێرەی قەوارەی خۆی چووەتە بەغدا و بەشداری لە دەسەڵاتی فیدراڵیدا كردووە، بەشدارییەكی زۆر بەرپرسانه‌ى هه‌بووە. هیچ ڕۆژێك ڕێگەمان بە خۆمان نەداوە بەشێك بین لە كێشە مەزهەبییەكانی نێوان گەلی عێراق، بەڵام گەلی كوردستان وەڵامی نیازپاكی و دڵسوزیی خۆیان بە باشی تا ئێستا لە بەغدا وەرنەگرتەوە.

ئـێمەی خەڵكی كوردستان فێر بووین هەموو ڕۆژ لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ بەغدا بكەینەوە. لە دوای هەڵبژاردنی گشتیی دووسبەی ١٢ی ئـەم مانگەشەوە، جارێكی دیكە ده‌مانه‌وێ لاپەڕەی نوێ و هیوا و ئـاواتێكی تازە بۆ كوردستان و عێراق ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین. داوا لە لایەنە براوە عێراقییەكان دەكەین چاوێك بە مێژوودا بگێڕنەوە. مێژوو پێیان دەڵێ: (ئـەو كەسەی خێری بۆ كوردستان نەویستوه‌، خێریشی لە خۆی نەدیوه‌).

گەلی كوردستان گەلێكی پاك و ڕەوشت بەرزە لە سیاسەتدا. سەت ساڵە كوردستانیان لكاندووە بە عێراقەوە و لەسەر خاكی خۆمان زوڵممان لێ دەكەن، بەڵام ئـێمە و گەلی عێراق درز نەكەوتە نێوانمان وه‌كوو گه‌ل، ئێمه‌ كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ گه‌لی عه‌ره‌ب نییه‌، كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ توركمان و ئێزدی و مه‌سیحییه‌كان نییه‌. داوا دەكەین برایانی بەغدا وەڵامی خۆشەویستیی ئـێمە، بە خۆشەویستی بدەنەوە.


كوردستانییانى خۆشەویست،
با لێرەدا بێینە سەر دەفتەری ناوخۆیی. لەم لایەنەشەوە ئـێمە له‌ كوردستاندا وتارمان نەرمە و لاپەڕەی كۆن هەڵنادەینەوە. داوا دەكەم لایەنەكانی كوردستان، دەست لە دروشمی دژایەتیی پارتی هەڵگرن. ئـەوەندە ئـاسان نەچنە هەموو باوەشێكەوە لەپێناو دژایەتیی پارتیدا، لەبەرئـەوەی دیرۆكی ٧٢ ساڵی ڕابردوو نەیگوتووە لایەنێك یان كەسێك خێری لە دژایەتیی پارتی بینیوە.

زۆر درێژە لیستی ئـەوانەی لە بەرامبەر پارتیدا دۆڕاون. زۆر كەمە ژمارەی ئـەوانەی توانیویانە تەنانەت گرەوێكی بچووكیش لە پارتی ببەنەوە. داوایان لێ دەكەم تاقیكردنەوەی فاشیل دووبارە نەكەنەوە. پەیامی ئاشتیانەی پارتی بۆ یەكڕیزی و تەبایی قەبووڵ بكەن باشترە لە سیاسەتی چەوتیان به‌رامبه‌ر به‌ پارتی.

با ئـەوەندە خۆڵ نەكەنە چاوی خەڵك و چاویان كوێر نەكەن، چونكە خۆشیان دەزانن ئەو سیاسەتەیان چەوتە. ئـێمە وەكوو كوردستان بارێكی گەورەمان لەسەر شانە، بەرژەوەندیی دنیایی، یان ڕق و كینەی كوێرانە تەمەنیان كورتە و ئـەوەندەش ناهێنن.

داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەم گوێ لەو بانگەشەیە نەگرن كە هەڵیاندەخەڵەتێنێ، هەرچەندە دڵنیام ئـەو خەڵكە لەوە وشیارترن بە قسەی كەس هەڵخەڵەتێن. پارتی حیزبی دوێنێ و پێرێ نییە كەس نەیناسێ، فەرموون سەیری ڕابردووی ئـەم كوردستانە بكەن، كام دەستكەوت هەیە له‌ كوردستان دەسكەوتی پارتی نەبێ، یان كام ده‌ستكه‌وت هه‌یه‌ كه‌ پشكی شێری بەر پارتی نەكه‌وێ؟!

ئه‌وانه‌ى ئه‌مڕۆ خه‌ڵك هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن و به‌رده‌وام قه‌وانى دژى حكوومه‌ت و پارتی لێ ده‌ده‌نه‌وه‌، منیش لێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى كوردستان لێیان ده‌پرسم: ئه‌رێ باشه‌ هه‌ر ئێوه‌ نه‌بوون هه‌تا دوێنێ ده‌هاتن داواى پۆست و پله‌ى حكوومیتان ده‌كرد؟ لێیان ده‌پرسم: ئه‌رێ ئێوه‌ نه‌بوون هه‌تا كۆتاییش له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت مانه‌وه‌؟ كه‌چى ئه‌مڕۆ به‌ ماوه‌یه‌كى كه‌م به‌ر له‌ ته‌واوبوونى واده‌ى حكوومه‌ت، له‌ حكوومه‌ت كشانه‌وه؟

كشانه‌وه‌، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ى كشانه‌وه‌كه‌تان بكه‌نه‌ بابه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن؟ پێتان وایه‌ خه‌ڵك ئه‌وه‌نده‌ نه‌زان و بێ ئاگایه‌ و تێناگات؟

پارتی هەر ئـەوە نییە حیزبێك بێت لە گۆڕەپانەكەدا، بەڵكو پارتی خاوەنی پێناسەی كورده‌واری و كوردپه‌روه‌رییه‌. پارتی حیزبی كوردی موسڵمان و كوردی ئـێزدی و كاكەیی و فەیلی، هەروەها حیزبی توركمان و كریستیانە كە هەموویان وەك یەك خۆیان بە خاوەنی ئه‌م حزبه‌ و ئه‌م پارتییه‌ دەزانن.


به‌ڕێزان،
من لە سلێمانی گوتم، ئێمە شەڕ بە سلێمانی ناكەین، بەڵكو شەڕ بۆ سلێمانی دەكەین. ئێمە باوەڕمان بەوەیە، لەبەرئەوەش سەرەڕای هەموو سەختییەكان، هەبوون و مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستانمان پاراست و نەمانهێشت بە شێوەی پارێزگا كوردستان لەت بكرێت.

پێمخۆشە كە حیزبەكان لە سلێمانی گوێیان له‌و پەیامە بوو كە گوتم هەندێ حیزب لە سلێمانی ئیرهابی فیكری بەرامبەر جەماوەری پارتی ئەنجام دەدەن. ئێمە دەمانەوێت خۆزگەی خەڵكی خۆشەویستی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین لە ئارامی و ئاوەدانیدا بەجێ بهێنین. دەمانەوێ لەوێ ڕكابەریی ئاوەدانی، جێگەی ڕكابەریی حیزبی بگرێته‌وه‌.

پارتی، حیزبی دیپلۆماسییەتی نەرمە لە سیاسەتدا، تاوەكو دانیشتن و گوێگرتن هەبێ ئـێمە پەنا بۆ هیچ شێوازێكی دیكە نابەین. داوا لە خوشك و برایانی حیزبەكانی كوردستان دەكەم با سوود لە تاقیكردنەوەی پارتی وەرگرن، بۆ ئاشتى و یه‌كڕیزى، با له‌گه‌ڵ پارتى هەنگاو بنێن. دووبەرەكیی ناوخۆ، تەنیا دواكەوتن و دۆڕان بەرهەم ده‌هێنێت.

ئـەو وتە ناخۆشانەی لەم ماوەیەدا لەو خەڵكانەوە دەرچوون، تەنیا بە سوودی ناحەزانی دەرەكی تەواو بوون. ئـەو لایەنانە خۆشیان زیاتر زەرەر دەكەن، لەبەرئـەوەی ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانن كه‌ پارتی خواردنی كەس نییە.

لەپێناو یەكڕیزیی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان لە بەغدا، داوا لە هەموو لایەنەكانی كوردستان دەكەم دوای هەڵبژاردن ئامادە بن پێكەوە دابنیشین بۆ دانانی كارنامە و پلانێكی كوردستانیانەی هاوبەش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییه‌كاندا. ئێمە لە ئێستاوە ئامادەین و هەموو هەوڵێكیشمان بۆ یەكڕیزی دەبێت.

 

 


ئـازیزان، خۆشەویستان..
داوا لە جەماوەری كوردستان و دەنگدەران دەكەم، بۆ ڕۆژی دەنگدان، ویژدانی خۆیان بكەنە سەرپشك، سەیری ئـەمڕۆ و دوێنێش بكەن. ئـەوەی پارتی لە هەموو بوارێكی سیاسی و ئـابووری و ئـاوەدانی و ڕۆشنبیریدا ئەنجامی داوە، خەرمانێكە ئـەوەندەی كێوی قەندیل و هەڵگورد مەزن و بەرزن.

ئـێمەی پارتی قه‌ت نەمانگوتووە بێ هەڵەین و نه‌مانگوتووه‌ پەرێزمان بێ كەم و كورتییە. كە كار دەكەی، بێگومان هەڵەش دەكەی، كەسێكیش هەڵەی نەبێ، نیشانەی ئـەوەیە یان دانیشتووە یان خەوتووە و كار ناكات.

ئـێوە جه‌ماوه‌ری خۆشه‌ویستی كوردستان، ئێوه‌ پشتی پارتییە ڕەسەنەكەی خۆتان بگرن، ئـەو پارتییەی خاوەن ورەیەكی پتەوە وەك پۆڵا. ئـێمە جارێكی دیكە دوای ئـەم هەڵبژاردنە به‌ خۆماندا ده‌چنه‌وه‌ و كار لەسەر نەهێشتنی كەموكورتییەكان دەكەین. زۆر بەرنامەمان هەیە بۆ داهاتوو، لەبەر ئـەوەی لـێرەدا كات بەدەستەوە نییە، هەڵیان دەگرین بۆ داهاتووێكی نزیك.

ئـێمە لە هەرێمی كوردستان خاوەنی دۆزێكی سیاسین و كۆمەڵێك كێشه‌مان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ لە بەغدا هه‌یه‌. ئـێمە ئـەگەر بمانەوێ دەستكەوتی گەورە بەدەست بهێنین، دەبێ یەكگرتوو بین. هەندێك لایەن لە هەرێمی كوردستان وەك هەرزەكار، بەڵێ، وەك هەرزەكاری سیاسی خەریكی كوتانەوەی ڕێگای بەغدا بوون وەك ئـەوەی هەنگوینیان لە داردا دۆزیبێتەوە.

ئـەو كێشانەی پێشتر باسمان كردن، كێشەی گشتین. حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك حكوومەت بەرپرسە لە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا. ئـەو شتەی ئـەو لایەن و ئـەو حیزبانە دەیكەن بە هاتوچۆی ڕێگای بەغدا، شتێكە پێچەوانەی یاسا، پێچه‌وانه‌ی ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستانه‌.

دیار بوو لە بەغداش گوێیان لێنەگرتن و هیچیان پێنەدان و دەستبەتاڵ هه‌موویان گەڕانەوە هه‌ولێر و كوردستان. لە كۆتاییدا بەغدا و دنیاش به‌ پشتیوانی و خۆڕاگریی ئێوه‌، به‌ خوێنڕشتن و كۆڵنه‌دانی ئێوه‌، كوڕه‌كانی ئێوه‌ له‌ تلسقۆف و سحێلا و پردێ، جارێكی دیكه‌ دونیا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ كرد. دڵنیا بن تا پارتی خاوه‌نی ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ بێت، تا پارتی خاوه‌نی ئه‌م پشتگیرییه‌ بێت، دیسانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ پارتی ده‌كرێت.

ئـەو هەڵسوكەوتەی ئه‌و لایه‌نانه‌ هه‌ر هه‌موویان، نیشانەی دوو شتە، یەكەم فەشەلی خۆیان لە سیاسەت، دووەم: ڕق و كینەی كوێرانەیان به‌رامبه‌ر به‌ پارتی كە هەردووكیان وەك دوو نەخۆشیی بكوژ وان بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یكه‌ن و بۆ خاوەنەكانیان.

هیوادارم لەمەولا زیاتر ڕەچاوی بەرژەوەندیی گشتی بكەن، نەك بەرژەوەندیی تاكه‌كه‌سی و به‌رژوه‌ندیی حیزبیی خۆیان. ئـەوان با بگەڕێنەوە بۆ بەرەی گەل و مافە ڕەواكان، كە هاتنەوە ئەو بەرەیەش، پارتی دەبینن، چونكە پارتی هەمیشە له‌ مێژوودا و ئێستا و ئاینده‌ش لەبەرەی گەله‌ و له‌ به‌ره‌ی گه‌لیش ده‌مێنێته‌وه‌.


ئـازیزان،
ئـێمە دەزانین گەلی كوردستان لە بارێكی سەختی ئـابووریدایە. ئێمە خۆمان لە بەرپرسیارێتی نادزینەوە، هەرچەندە بەرپرسیاری لە ئـێمە گەورەتر شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و سیاسەتی بەغدا بوو لە بەرامبەر هەرێمی كوردستاندا.

بەڵێ، ئـێمە خۆمان لە بەرپرسیارێتی ناشارینەوە، بەڵێنیش نادەین بۆ خۆهەڵكێشان. ئـێمە چاوەڕوانین هەر ڕۆژێك لەم نزیكانە بتوانین ئـەو بارە سه‌خته‌ بە تەواوی ڕاست بكەینەوە. بارودۆخەكە باشتر بووە، دڵنیا بن له‌وی كه‌ له‌ ئاینده‌دا زۆر باشتریش دەبێتەوە.

بەڵێن بێت لە ئێمه‌وه، هەتا بكرێت و هەتا ڕێی تێدەچێت هەموو گونجان و تەبایییەك لەگەڵ بەغدا بگرینە بەر لەپێناو ژیانی گەلەكەماندا. دڵنیا بن پەیوەندییەكانمان لەگەڵ دەرەوەشدا زۆر باشن و باشتریش دەكەین لەپێناو گەشانەوەی ئابووریی كوردستاندا.

خەمبارین بە خراپبوونی باری بژێوی خەڵكی كوردستان و كەمبوونی هەندێ لە خزمەتگوزارییەكان، بەڵام دڵنیا بن زۆرمان تێپەڕاند و زۆر كەمی ماوە. بە ڕاستی لە ناخی دڵەوە خەمبارین و هەموو هەوڵێكمان بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخەیە.

ئـەم بارە تاسەر وا ناڕوات و ژیان و ئابووری لە كوردستان دەبووژێتەوە. سوپاس بۆ خۆڕاگریتان. ئێمە بە بەرگریی پێشمەرگە و بە شەونخوونیی هێزەكانی ناوخۆ و بە خۆڕاگریى ئێوە بەرامبەر گەورەترین هێرش و ناخۆشییەكان ماینەوە و قەوارەی هەرێمی كوردستانمان پاراست. سوپاس بۆ خۆڕاگریتان. هەرچی لەسەر ئـەم خاكەدا هەیە چ دەستكەوتی مادی بێت یان دەستكەوتی مەعنەوی، هەموویان دەستكەوتی خۆڕاگریی ئێوەن. ئـێمە تەنیا خزمەتكارێكی بچووكی ئـێوەین.

مێژووی كوردستان، مێژووی ئـێوە خۆتانە، مێژووی پێشمەرگەیە، مێژووی شەهیدان و قوربانیدانی بنەماڵەی ئـەوانە، مێژووی ئـەوانەیە بەر ئـەنفال كەوتن، مێژووی تێكۆشانی خەڵكی دێهاتە كە زۆرترین ڕەنج و قوربانییان دا. ئـێمە شانازی بەوانه‌وە دەكەین و لێرە یادیان دەكەینەوە و دەست لەسەر سنگ بۆیان دەچەمینەوە.

ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ سڵاو بنێرین بۆ هەموو ئـەوانەی بەم وڵاتەوە ماندوو بوون، چ وەچەی كۆن و چ هى نوێ. سڵاوى جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى، لە گیانی ئـەوانەی بە هیوای كوردستانەوە سەریان نایەوە. سڵاو لە پیر و كاڵ، سڵاو لە ژن و منداڵ. سڵاو لە كرێكار و كارمەندی تایبەت و گشتی. سڵاو لە مامۆستا و قوتابی، لە دكتۆر و ئـەندازیار و هەر خاوەن كارێكی تر كە بەشدارە لە دروستكردنی ئـەم وڵاتەدا. سڵاو لە ئـاسایش و پۆلیس و هێزه‌كانی ئه‌منی كه‌ شه‌ونخوونی ده‌كه‌ن بۆ پاراستنی ئێوه‌.

 

 


به‌ڕێزان،
داوا لە هەموو لایەك دەكەم، ده‌بێت جارێكی دیكه‌ بۆ ناحه‌زانی پارتی بیسه‌لمێنن كه‌ هه‌ولێر زه‌ردپۆشه‌ و پارتییه‌ و هه‌ر پارتیش ده‌مێنێته‌وه‌. داواتان لێده‌كه‌م ڕۆژی شەممەی داهاتوو بە خۆشی و هیواوە بڕۆنه‌ سه‌ر سه‌ندووقه‌كانی ده‌نگدان، بڕۆنه‌ سه‌ر سه‌ندووقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ به‌ لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان بده‌ن.

ئـەمجارە پێویستە لە هەموو جارێك زیاتر خاوەنی ورە بن، دڵنیا بن كوردستان زیاتر لە جاران دەگەشێتەوە و پێش دەكەوێ. بۆ بەردەوامیی ئارامی و ئاسایش، بۆ بەردەوامیی بنیاتنان و ئاوەدانكردنەوە، بۆ بەردەوامیی كار و كەسابەت و بەختەوەری، ڕۆژی شەممەی دەنگ بدەن به‌ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ژمارە ١٨٤.

دەنگ بدە بە لیستی ئەو شەهیدانەی لە پردێ و سحێلا و تلسقۆف، بە گیان و خوێنی خۆیان كوردستانیان پاراست و نه‌یانهێشت قه‌واره‌ی سیاسیی كوردستان بكه‌وێت. دەنگ بدە بە پارتی كە ئەگەر قارەمانیەتیی پێشمەرگه‌ جوامێره‌كانى نەبووایە، ئێستا لەم وڵاتە، نە ئارامی و سەقامگیری، نە ئاشتی و ئاوەدانی، نە كار و ژیان له‌م وڵاته‌ نه‌ده‌ما.

دەنگدان بە پارتی، نیشانەی ئـەوەیە ترستان نابێ لە داهاتوو. ئـێمە وەك هەموو جار دەیڵێینەوە، پارتی بە بوێری و ده‌مێنێته‌وه‌ و گۆڕه‌پانی خه‌بات به‌رنادات تا هه‌موو ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ به‌ده‌ست نه‌هێنێت كه‌ هه‌ر هه‌مووتان پێیه‌وه‌ ماندوو بوون و خه‌باتتان بۆ كردووه‌.

دەنگ بدەی بە پارتی، واتە دەنگت داوە بە داهاتووی خۆت و گەلەكەت. لیستی ١٨٤ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپێناو دەستەبەركردنی داهاتووی گەشتری كوردستان و دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ به‌غدا، لەبەرئـەوە ئه‌مڕۆ كه‌ هه‌موویان لێره‌ن، مافی خۆیانه‌ داواتان لێ بكه‌ن كه‌ ده‌نگیان پێ بده‌ن و با به‌ پشتیوانی ئێوه‌ بچنه‌ به‌غدا.

خەمتان نەبێ خۆشه‌ویستان، دوودڵ مەبن، داهاتووی ئـێوە تەنیا بە دەست و قەڵەمی خۆتان دێتە دی. دەنگ بدەن بە ئـێمە، ئـێمە وەك ئـەو قەڵا دیرۆكی و ئـەو منارە سەربەرزەی هەولێر لێتانەوە نزیكین و لەگەڵ ئێوە ده‌مێنینه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئێوه‌ش ده‌بین.

پارتی ئێوه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان، پارتی ئێمه‌ خاوەنی گەورەترین شۆڕشی هاوچەرخە. پارتی ئەندازیاری گەورەترین ئاوەدانییە له‌ كوردستان. پارتی خاوەنی گەورەترین جەماوەرە. پارتی خاوەنی گه‌وره‌ترین سەروەرییە. پارتی ئه‌و حزبه‌یه‌‌ كه‌ زۆرترین شه‌هیدی هه‌یه‌ له‌م وڵاته له‌پێناو خه‌ونه‌كانی گه‌لی كوردستان. پارتی خاوه‌نی سه‌روه‌رییه‌،‌ چونكە خاوەنی ئێوەیە. ژوانی ئـێمە و ئـێوە ڕۆژی شەممە سەعات هەشتی بەیانییە و ده‌نگ بده‌ن به‌ لیستی ١٨٤ی پارتی دیموكراتی كوردستان.

ئینجا كۆتا قسه‌م ئه‌وه‌یه‌، داوا ده‌كه‌م له‌ هه‌ڤاڵانم له‌ مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی، كاك مه‌سروور، كاك ڕۆژ و كاك كه‌ریم و هه‌موویان بفه‌رموون بۆ ئێره‌. به‌ڵێنی ئێمه‌ و ئێوه‌ ده‌نگدانه‌ به‌ لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان‌.

هه‌موو لایه‌كتان به‌خێربێن و زۆر سوپاس بۆ خۆڕاگریتان كه‌ هه‌رچه‌نده‌ باران بوو، به‌ڵام جه‌ماوه‌رێكی ئێكجار زۆر ئاماده ‌بووه‌. ده‌مه‌وێ پڕ به‌دڵ سوپاسی هه‌مووتان بكه‌م، به‌ناوی سه‌ركردایه‌تیی پارتی و هه‌ر هه‌موومانه‌وه‌.

دووباره‌ به‌خێر بێن سه‌رچاو، زۆر سوپاس.

هەواڵی پەیوەندیدار