٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا، هیوایان خواست، به‌ دیالۆگێكی جیددی بۆ دامه‌زراندنی حكوومه‌تێكی نوێ له‌ عێراق كار بكرێ

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info-  له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، نێچیرڤان بارزانی دووپاتى كرده‌وه‌، كه‌ هه‌وڵی جیددی ده‌ده‌ن لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی داهاتووی عێراق وه‌ك بلۆكێكی به‌هێز، یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگیی خۆیان بپارێزن و پته‌وتری بكه‌ن.


پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 10/5/2018، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی كرد له‌ دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری.

له‌ دیدارێكدا هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد و هیوایان خواست، ڕێكوپێك و دیموكراسیانه‌ به‌ڕێوه ‌بچێت و دوای هه‌ڵبژاردنیش لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ده‌ست به‌ دیالۆگێكی جیددی بۆ دامه‌زراندنی حكوومه‌تێكی نوێ له‌ عێراق بكه‌ن به‌ شێوه‌یه‌ك سه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منی و په‌ره‌پێدانی ئابووریی وڵات به ‌داوی خۆیدا بهێنێت.

سیلیمان هیوای خواست لایه‌نه‌ كوردییه‌كان یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزی و سه‌نگ و هێزی خۆیان له‌ به‌غدا بپارێزن و ڕۆڵێكی به‌رچاویان له‌ سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردن‌ و پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق هه‌بێت.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌ ڕێكوپێكی به‌ڕێوه‌چوونی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و هیوای خواست، پرۆسه‌ی ده‌نگدانیش له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق به‌ هه‌مان شێوه‌ ‌ئه‌نجام بدرێت.

نێچیرڤان بارزانی دووپاتى كرده‌وه‌، كه‌ هه‌وڵی جیددی ده‌ده‌ن لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی داهاتووی عێراق وه‌ك بلۆكێكی به‌هێز، یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگیی خۆیان بپارێزن و پته‌وتری بكه‌ن.

تاوتوووكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار