كاندیدانی پارتی لە مووسڵ: بەرنامەی تایبەت بە خۆمان هەیە بۆ ئەم خولە

مووسڵ-KDP.info- كاندیدانی پارتی لە مووسڵ دەڵێن، ناوچەیەكی زۆر لە سنووری ماددەی 140 زیانی بەركەوتووە و، لە بەغدا كار بۆ خزمەتكردنی ناوچەكانیان و ئاوەدانكردنەوەیان دەكەن.
لەگەڵ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردندا، كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە لیستی 184، دەستیان بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن كردووە و بەردەوامن.
گۆڤەند عەبدوڵڵا، كاندیدی ژمارە 15ی لیستی 184، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بەرنامەكەم كە لە بەغدا دوای دەرچوونم كاری لەسەر دەكەم، دوو بەشی لە خۆ گرتووە، بەشێكی سیاسییە كە بۆ تەواوی مافەكانی كوردستانیان كار دەكەم كە لە دەستووری عێراق هاتووە، بەشەكەی تر گەڕانەوەی ئاوارەكانمان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانمان لەگەڵ قەرەبووكردنەوەیان و، هەروەها گەڕانەوەی مافی پێشمەرگە قارەمانەكانمان و پێدانی مستەحەقاتیان".
شەریف سلێمان عەلی، كاندیدی ژمارە 17ی لیستی 184، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەموو هەوڵێك دەخەینە گەڕ پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە مووسڵ دروست بكەین و خەڵك بە ئازادانە بژیت و پارتی سەنگێكی بەهێزی لە مووسڵ هەبێت و خزمەتی زیاتر بە ناوچە ئێزدینشینەكان بكەین و، هەروەها ناوچە ئێزدینشینەكان ئاوەدان بكەینەوە و دایك و خوشكانمان لە دەست چەكدارانی داعش ڕزگار بكەین."
هەر لەو بارەیەوە، عەبدوڵڵا تاهیر محەممەد، كاندیدی ژمارە ١٨ی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "دەمانەوێت ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە تایبەت ناوچەی مەخموور و ناوچەكانی دیكەیش بگەڕێنینەوە باوەشی هەرێم، چونكە گەلی كورد زۆر خوێنی ڕشتووە بۆ ئەو ناوچانە، هەروەها كار بۆ جێبەجێكرنی ماددە دەستوورییەكان و ئیستیحقاقاتی گەلی كوردستان دەكەین لە دەستووردا و هەموو زیانلێكەوتووەكان لە مووسڵ بە تایبەت پێكهاتەكان، قەرەبوو بكەینەوە".
قاسم ساڵح حەسەن، كاندیدی ژمارەی 19 لە لیستی 184ی پارتی لە سنووری مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: " وەكو پارتی بەرنامەی تایبەت بە خۆمان هەیە بۆ ئەم خولە، تا لە بەغدا جێبەجێیان بكەین، ئەوەیشی كە بەلامەوە گرینگە، بەدەستهێنانی مافە دەستووری و یاسایی و داراییەكانی كوردستانە، هەروەها دەمانەوێت ئەو خەڵكەی خۆمان كە لە ئاوارەییدانە، بە شەڕەف و كەڕامەتەوە بگەڕێنەوە و قەرەبووی ماددی بكرێنەوە و ماددەی 140یش جێبەجێ بكرێ، هەروەها پێشمەرگەیش بگەڕێنەوە و، ئەو تاوانەیش كە دەرهەقیشمان كراون، كاریان لەسەر دەكەین تا بە جینۆساید بێنە ناساندن".
نەشوان بەرزنجی- كاروان باعەدری




