٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزەرانی سلێمانی-هەڵەبجە: بۆ بە‌دەسهێنانی مافە ‌دەستوورییەكان، دەنگمان بۆ لیستی 184ـە

سەرچاوە: KDP.info

 

سلێمانی-KDP.info- پارێزەرانی سلێمانی و هەڵەبجە، دەڵێن، بۆ ئەوەی نوێنەری بوێر و یاساناس و كوردپەروەر بڕواتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگیان بۆ لیستی 184ـی پارتی و كاندیدەكانی دەبێت، تاوەكوو بەپێی دەستوور شەڕ لەسەر مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن.

كاری لە‌پێشینەی پەرلەمانتارانی لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێداگرییە لەسەر جێبەجێكردنی بڕگە ‌و ماددە ‌دەستوورییەكان، كە‌ لە ‌بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندا دەبێت، كارزان سەلامی پارێزەر لە دادگای كەسیی پارێزگای هەڵەبجە،‌ بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لیستی 184، ئومێدی زۆرینەی هاووڵاتیانی كوردستانە،‌ چونكە تاكە لیستە،‌ كە ئەندامانی پێشووی خۆیان بە ‌ئەمانەتەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ببوونە پارێزەر و شەڕیان لەسەر مافە ‌دەستوورییەكانی گەلی كوردستان دەكرد، بۆیە من وەك پارێزەرێك، پێم وایە باشترین كاندیدەكان كە شیاوی دەرچوون بن،‌ كاندیدانی لیستی 184ی پارتین".

سەلام ئاماژەی بەوەش دا، كاندیدانی پارتی لە تەواوی پارێزگاكانی هەرێم، كەسانی شیاو و یاساناس و پسپۆڕانی بوارە جۆراوجۆرەكانی تێدایە، بۆیە ‌پێیان وایە،‌ تاوەكوو كا‌ندیدانی پارتی زیاتر بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەركەون، ئەوەندە ‌زیاتر پشتێنەی یاسایی بۆ مافە ‌دەستوورییەكانی كوردستان مەحكەم دەبێت، گوتیشی: "بۆیە داوا لە تەواوی كوردستانیان دەكەم، كەسانی شیاو بنێرنە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تاوەكوو نوێنەرایەتیمان بكەن و شەڕیش لەسەر مافەكانمان بكەن".

لەبارەی ئەوەی كە چۆن پارێزەران دەڕواننە كارنامەی پارتی بۆ چوار ساڵی ئاییندەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ژیان جەلالی پارێزەر لە پارێزگای سلێمانی، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "كارنامەی لیستی 184ـی پارتیم خوێندووەتەوە،‌ خاڵی گرینگ و زۆر باشی‌ بۆ بەدەسهێنانی ئەو مافە ‌دەستووریانەی گەلەكەمانی تێدایە، كە لە ‌لایەن حكوومەتی عێراقەوە پێشێل دەكرێن".

ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش كرد،‌ شەڕی یاسا و دەستووریش بە ‌كەسانی كوردپەروەر و یاساناس دەكرێت، كە هەردوو خەسڵەتەكەیش‌ لە كاندیدانی پارتیدا بەدی دەكەن، بۆیە دەنگیان بۆ لیستی 184ـی پارتی دەبێت.

ژیانی پارێزەر گوتیشی: "هەمیشە نوێنەرانی پارتی لە بەغدا، ئەو نوێنەرانە بوون كە شەڕی دەستووریان‌ بۆ وەرگرتنی زۆرترین دەستكەوت بۆ خەڵكی كوردستان كردووە، كە جیاواز لە هاوڕێكانیان لە حیزبەكانی تر،‌ پارتی سوورە لە‌سەر جێبەجێكردنی مافە ‌دەستوورییەكانی كوردستان، بە ‌تایبەت ماددەی 140، كە ‌دەبوو ساڵی 2007 بەپێی دەستوور جێبەجێ بكرایە، حكوومەتی عێراقی نەیكردووە، پێویستە نوێنەرانی نوێی كورد لە ‌بەغدا، پێداگر بن و تەواوی ماددە ‌دەستوورییەكان لە ‌بەرژەوەندیی كوردستان و بە ‌تایبەت ماددەی 140 بە ‌حكوومەتی عێراق جێبەجێ بكەن".

"ئەگەر ئێمه ‌دەمانەوێت لە بەغدا مافەكانمان وەربگرین،‌ بە ‌دڵنیاییەوە پێویستە دەنگ بە لیستی 184ـی پارتی و كاندیدەكانی بدەین". ئەوە قسەی پارێزەر دانا محەممەدە. ئەو بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتیشی: "‌بە دڵنیاییەوە كاندیدانی پارتی دەبنە ‌پارێزەری دەسكەوتەكانی كوردستان، هەر ئەو دڵسۆزی و لەخۆبوردووییەی نوێنەرانی پارتییە وای كردووە هاووڵاتیانی كوردستان متمانە بە لیستی 184ـی پارتی بدەن".

دانا محەممەد گوتیشی: "پارتی دیموكراتی كوردستان كەسانێكی كاندید كردووە، كە پێشوەختە ئامادەی كردوون، تاوەكوو لەگەڵ گەییشتنیان بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، زانیارییان لەسەر تەواوی داوا و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان هەبێت، تاوەكوو دەستبەجێ بتوانن ئەو ماددە و یاسایانە بجووڵێنن، كە لە ‌بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندان".

پارێزەر حەمزە هەورامی، هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق، بە هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز بۆ گەلی كوردستان ناو دەبات و هۆكارەكەیشی بۆ گۆڕانكاری لە هاوكێشە نێوخۆییەكانی عێراق دەگێڕێتەوە و دەشڵێ: "بۆ ئەوەی گەلی كوردستان لەو هاوكێشە نوێیە ژمارەیەكی گرینگ بێت، دەنگمان بۆ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت".

هەورامی جەختی لەوەش كردەوە، بۆ ئەوەی گەلی كوردستان دەستكەوتی گەورە بەدەست بێنێت، پێویستە ئەو هێزە هەڵبژێرێت، كە سەرمەشقی خەباتی نەتەوەیی و بەدەیهێنەری دەسكەوتەكانی گەلی كورد بووە، ئەویش لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانە.

 

هێڤیار هەڵەبجەیی

هەواڵی پەیوەندیدار