مامۆستایانی ئایینی: وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و ئایینی دەنگ بە پارتی بدەن

سۆران-KDP.info- مامۆستایانی ئایینی لە سنووری شارۆچكەكانی سۆران، ڕواندز و مێرگەسۆر دەڵێن، ئەو لایەنەی خۆی لە گەلی كورد كردووەتە خاوەن و بەرگری لە مافە ڕەواكانی ئەو گەلە دەكات و خاكی كوردستان دەپارێزێت، پارتییە، بۆیە بۆ بەرگریكردن لە مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان وەكو ئەركێكی ئایینی و نەتەوەیی پێویستە خەڵكی كوردستان دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی بدەن.
ئیبراهیم دەروێش، وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتی گەڕەكی پاشای گەورەی ڕواندز بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "وەكو مامۆستای ئایینی دووپات دەكەمەوە لە بەشداریی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردن و دەنگدان بەو لیستەی كە بەرگری لە گەل و كەرامەتی ئەو گەلە دەكات، ئەوەش بە ئەركێكی ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانی دەزانم."
مەلا خاڵید وەسمان، وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتی چەمی ڕێزانی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "پارتی تاكە حزبە كە بەرگری لە مافی هەموو پێكهاتەكان دەكات، تاكە حزبیشە كە شەڕ لە پێناو مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان بكات، ئەگەر پارتی لە بەغدا بەهێز بێت، دەستكەوتی زیاتر دەتوانێت لە بەغدا بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەگەر بەهێز نەبێت ئەو دەستكەوتانەی بە دەستیش هاتوونە لە دەستمان دەچن، بۆیە وەكو ئەركێكی ئایینی و نەتەوەیی زۆر پێویستە خەڵكی كوردستان دەنگ بە پارتی بدەن، تاكو بە هێزەوە بچێتەوە بەغدا و بەرگری لە دەستكەوتەكان بكات و دەستكەوتی زیاتریش بۆ خەڵكی كوردستان بەدەست بهێنێت."
مەلا عیسا مەحموود، وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتی كەونەگوند لە سنووری شارۆچكەی مێرگەسۆر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: "ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتیی ئەو كەس و لایەنانە دەكات كە خۆ لە خەڵكی خۆیان دەكەنە خاوەن، بۆ ئەوەش تەنیا پارتی توانیویەتی بەرگری لە وڵات بكات و كەڕامەتی خەڵكی كوردستان بپارێزێت، بۆیە دەنگدان بەو حزبە، دەنگدانە بە پارێزگاریكردن لە خاك و وڵات."
مەلا محەمەد بەرزێوەیی، وتارخوێن و قوتابیی دكتۆرا لە زانكۆی سەلاحەدین و پێشنوێژی مزگەوتی بەرزیوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "وەكو مامۆستایەكی ئایینی پێمان وایە پەرلەمان شوێنی دەركردنی یاسا و بڕیاردانە، بۆیە بە پێویست دەزانین خەڵك بە گوڕوتینەوە ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەن و دەنگ بەو لایەنە بدەن كە خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلی كورد دەكات، بەرگری لە خاك و نیشتمان دەكات، دەنگ بەو لایەنە بدەن كە مێژوویەكی پڕ شكۆی هەیە، مێژووی خزمەت بە سەربەخۆییی كوردستانە، دەیەوێت خزمەت بە گەل و نیشتمان بكات، داكۆكی لە مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان دەكات، بۆیە پێویستە خەڵك بە ویژدانەوە دەنگ بدات و بزانێت كێ لە ڕابردوودا خزمەتی ئەوانی كردووە و لە داهاتووشدا كێ خزمەتیان دەكات."
لە كۆتاییدا سەعید مەلحەم، مامۆستای ئایینی و پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی ناوبازاڕ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئاشكرا كرد: "پارتی تاكە هێز و لایەنە كە خۆی لە گەلی كورد كردووەتە خاوەن و گەلی كوردی بە جیهان ناساندووە، بۆیە تەنیا پارتی هێمای ئەمن و ئاسایش و ئارامیی وڵاتە، بۆیە بۆ بەردەوامیدان بە ئارامی و دەستكەوتی زیاتر دەبێ خەڵكی كوردستان دەنگ بە پارتی بدەن".
ڕابین شێروانی




