٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھاووڵاتیانی شەقڵاوە، بۆ پاشەڕۆژێکی گەشتر دەنگ بە پارتی دەدەن

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  ھاووڵاتیانی شارۆچكەی شەقڵاوە، وێڕای دووپاتكردنەوەی بەڵێن بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێن، لە رۆژی دەنگداندا، دەنگیان بۆ لیستی ١٨٤ی پارتییە، چونكە تا پارتی بەھێز بێت، زیاتر گەرەنتیی مافەكانی كوردستانیان دەكرێت و هاونیشتمانیانیش پارێزراوتر دەبن.


مووسا خدر رەشید، كاسبكار و دانیشتووی شەقڵاوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیوكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە مردن و ژیانمان لەگەڵ پارتییە، بۆیە دەنگم لە رۆژی ھەڵبژاردندا بۆ لیستی ١٨٤ی پارتی دیموكراتی كوردستانە، چونكە ئەوەی تێدەكۆشێ بۆ ئازادی و بەدەستھێنانی مافی میللەت، ھەر پارتییە، بە تایبەتی پارتی ئامانجی سەربەخۆیی هەیە و، لە رابردوویشدا بینیم پارتی سەرقاڵی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ بوو، كەچی خەڵكانێك خەریكی خیانەتكردن بوون، من ئامادەم بە خوێن بۆ لیستی پارتی واژۆ بكەم".

سەمەد عومەر مستەفا، كارمەندی تەندروستی، كە دانیشتووی دۆڵی خەلەكانە، دەڵێ: "من وەك لایەنی سیاسی نە پارتیم و نە پەیوەندیم بە ھیچ لایەنێكی سیاسییەوە ھەیە، بەڵام لە رۆژی ١٢ی مانگدا، دەنگم بۆ لیستی ١٨٤ی پارتییە. لەبەر ھەڵوێستەكانی كاك مەسعوود بارزانی، من پارتیم خۆش دەوێت و دەنگی پێ دەدەم، چونكە من دەنگدەرم و تەماشای خەبات و ھەڵوێستی حزبەكان دەكەم، كێ زیاتر دەتوانێ كوردستان بپارێزێت و داكۆكیمان لێ دەكات، دەنگی پێ دەدەین".

بەكر جەبار، دانیشووی گوندی بالیسانی سەر بە شەقڵاوە و فەرمانبەری حكوومەت، لای خۆیەوە گوتی: "من خۆم لەسەر بنەمای خزمەت دەنگ دەدەم، لەم ھەڵبژاردنەدا بڕیارم داوە دەنگم بۆ لیستی ١٨٤ی پارتی بێت، لەبەر ئەوەی زامنی ھەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان دەكات لە ناوخۆ دەرەوەی ھەرێمی كوردستاندا، ئەگەر لیستی ١٨٤ بەھێز بێت، ئەوا بەڵگەمان لایە كوردستان زیاتر پارێزراو دەبێت، پارتی سەركردایەتیی كوردستان دەكات، ھەرچەندی ئەو پارتە بە بەھێزی بمێنێتەوە، خاوەن سەركردایەتییەكی بەھێز دەبین، ھەتا لە پارچەكانی دیكەی كوردستانیش بەرگری لە مافەكانی ھاووڵاتیانی كورد دەكات، بینیمان كاتێك پارە و بودجە ھەبوو، كوردستان چۆن ئاوەدان كرایەوە، ھەر لە گوندەكەی خۆمەوە دەست پێ دەكەم كە چەندین خانوومان بۆ كراون".

سامان خۆشناو، چالاكی مەدەنی و دانیشتووی شەقڵاوە، گوتی: "لە ژێر درووشمی بەرەو دەستكەوتی زیاتر، رۆژی ١٢ی مانگ دەچینە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگمان بۆ لیستی ١٨٤ی پارتییە، دەڤەری شەقڵاوە هەروەكچۆن لە رابردوودا جێی دیار بووە لە خەبات و قوربانیدان بۆ پارتی و كوردایەتی، لە ھەڵبژاردنیشدا ھەمان پەمام دەدەینە خەڵكی كوردستان".

لای خۆشیەوە، كرمانج عێززەت، كاندیدی ژمارە ٢٠ی لیستی ١٨٤ی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پارتی پلانی بۆ ھەموو بوارەكان ھەیە و كارنامەی پارتی دیارە، كە بە كورتی ئاماژەی بە ھەموو پرسەكان كردووە، چونكە ھاووڵاتیان گەییشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە ھەر پارتییە بەرگری لە مافەكانیان دەكات لە كوردستان و بەغدا، لەبەر ئەوەیش دڵنیاین رۆژی ھەڵبژاردن ھاووڵاتیانی كوردستان بڕیاری خۆیان دەدەن و بە پشتوپەنای ئەوانیش، لیستی پارتی، لیستی یەكەمی كوردستان دەبێت".


قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار