كاندیدانی پارتی لە دیالە: كار بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە كوردستانییەكان دەكەین

دیالە-KDP.info- كاندیدانی لیستی 184ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری پارێزگای دیالە، دەڵێن: "دەنگی ڕاستەقینەی میللەتی خۆمان دەبین لە بەغدا و، كار بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە كوردستانییەكان و جێبەجێكردنی ماددەی 140ـی دەستووری دەكەین".
لەگەڵ دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لە ژێر درووشمی (دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان) و بە لیستی ژمارە 184، كاندیدانی سنووری پارێزگای دیالەیش دەستیان كردووە بە گەیاندنی كارنامەی خۆیان و بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ خەڵكی سنوورەكە.
جەلیل ئیبراهیم، كاندیدی ژمارە 5 لە سنووری پارێزگای دیالە، گوتی: "كار دەكەم بۆ ئەو ماددە دەستوورییانەی كە مافی كوردیان تێدا هاتووە، جێبەجێ بكرێن و هەرێمی كوردستانیش بەهێزتر بێت و، هەروەها گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكان و جێبەجێكردنی ماددەی 140، لە كارەسەرەكییەكانم دەبێ".
عیماد جەلیل، كاندیدی ژمارە 7، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پڕۆژەكانم هەوڵدانە بۆ گەڕانەوەی خانەقین و، جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق و، زامنكردنی مافی پێشمەرگە قارەمانەكان و، چەسپاندنی مافی كوردانی فەیلی و قەرەبووكردنەوەیان و، هەر بریارێكیش دژی كوردستان بێت، دژی دەوەستینەوە".
لای خۆشیەوە، خەلیل محەممەد جەماهیری، كاندیدی ژمارە 9 دەڵێ: "كار دەكەم بۆ لێكتێگەییشتن بۆ ئەنجامی ڕیفراندۆم و هەوڵدان بۆ كارپێكردنی سەرجەم بڕگەكانی دەستوور، بە تایبەتی ماددەی 140 كە ناوچەكەمان دەگرێتەوە بۆ ئەوەی سەدا 50ی خاكەكەمان بگەڕێتەوە كە بە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر لە دەستمان داوە".
ئیبراهیم ئەحمەد هەواس، كە كاندیدی ژمارە 10یە، گوتی: "بەڵێن دەدەم داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی ناوچەكە و، مێژوو و جوگرافیای كوردستان دەبم، هەروەها بەڵێنیش دەدەم وەكوو پردێ و سحێلا و مەخموور، لە هۆڵی پەرلەمان بەرگری لە میللەتی خۆم بكەم".
هودا عەدنان، كاندیدی ژمارە 15 لە لیستی 184ی پارتی لە سنووری پارێزگای دیالە، بەم شێوەیە باسی لە بەرنامەی خۆی كرد: "بۆ گەلی كوردستان لە بەغدا هەموو هەوڵێك دەدەم، پێویستە ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت و خزمەتگوزاری پێشكەش بە پارێزگای دیالە بكرێت، هەروەها زانست و بواری پیشەسازییش لە بەرنامەمدایە، لەگەڵ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق وەكوو خۆی".
نەشوان بەرزنجی




