"كۆمسیۆن بنكەكانی دەنگدانی دیاری كرد، ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ئەمنیی كۆدەبێتەوە"

ھەولێر-KDP.info- دەنگدانی تایبەت و گشتی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دوو ڕۆژی جیاوازدا ئەنجام دەدرێـن. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانیش، بۆ ڕووماڵكردنی پرۆسەكە، چەند بنكەیەكی ڕێگەپێدراوی دیاری كردووە.
بڕیارە ڕێكەوتی ١٠ و ١٢ی ٥ی ٢٠١٨، دەنگدانی تایبەت و گشتی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڕێوە بچن.
ئۆفیسی ھەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ ڕووماڵكردنی پرۆسەی دەنگدان، چەند بنكەیەكی دەنگدانی دیاری كردووە و تەنیا ئەم جێگایانە ڕێگەپێدراون بۆ ئەوەی مێدیا و ڕۆژنامەنووسان بتوانن ڕووماڵی ئەم پرۆسەیە بكەن.
پەیوەست بە ئەمنییەتی ئەو چەند ڕۆژەی دەنگدان دەست پێ دەكات و پاراستنی بنكەكانی دەنگدان و دەنگدەران، ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان زانیویەتی، ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ئەمنیی كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكان لە ھەرێم، كۆ دەبێتەوە.
لیژنەكە، سەردانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەن و، لەگەڵ كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ و نوێنەرانی پارێزگاكانی ھەرێم و لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر، مازن عەبدولقادر، سەرۆكی دەستەی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان لە ھەرێم، كۆ دەبنەوە.
فایزە كۆیی




