هەولێر و پۆڵۆنیا، پەیوەندییە دووقۆڵییەكانیان تاووتوو كرد
هەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و باڵیۆز و كۆنسووڵی كۆماری پۆڵۆنیا، لە دیدارێكدا پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و پۆڵۆنیایان تاوتوو كرد.
بە بۆنەی دەستبەكاربوونی هەریەك لە خاتوو بیئاتا پێنكسا وەك باڵیۆزی تازەی كۆماری پۆڵۆنیا لە بەغدا و، دۆمینیك مۆشیاو، كۆنسووڵی تازەی پۆڵۆنیا لە هەرێمی كوردستان، سەردانێكی تایبەتیان بۆ مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجام دا و، لە لایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەب و ژمارەیەك لە هەڤاڵانی مەكتەبەوە، بە گەرمی پێشوازی كران.
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی ئاڕاستەی هەریەك لە باڵیۆزی تازە و كۆنسووڵی تازەی كۆماری پۆڵۆنیای كرد لە عێراق و هەرێمی كوردستان و، هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن و ئامادەیی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانی نیشان دا بۆ پشتگیری و هاوكاریكردنی باڵیۆزی پۆڵۆنیا لە عێراق و كۆنسووڵی ئەم وڵاتە لە هەرێمی كوردستان و، هیوای خواست ئەو پەیوەندییە باش و دۆستانەیەی لەگەڵ باڵیۆزەكان و كۆنسووڵەكانی پێشووی كۆماری پۆڵۆنیا بونیات نراوە، بەردەوام بێت و فراوانتر بكرێت بۆ خزمەتی بەرەوپێشەوەچوونی بەرژەوەندیی نێوان هەردوو لا و پەیوەندیی دۆستانە لە نیوان گەلی كورد و پۆڵۆنیا و دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری پۆڵۆنیادا لە هەموو بوارەكانی جێی بایەخی نێوانیان و، بە تایبەتیش سوپاسی باڵیۆز و كۆنسووڵی كۆماری پۆڵۆنیای كرد كە بە تایبەتی بانگهێشتی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)ـی كردبوو لە 5/5/2018 بۆ مەراسیمی ڕۆژی ئاڵای پۆڵۆنیا لە نێو باڵاخانەی كۆنسووڵخانەكەیان لە هەرێمی كوردستان.
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، دواپێشهاتە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانی بۆ شاندی میوان باس كرد و ڕووداوەكانی دوای تێكشكاندنی داعش و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و كاریگەرییەكانی ڕووداوەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەر و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانی لە ڕووی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری و ئاكادیمی و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستانی، بۆ شاندی میوان خستە ڕوو و ڕۆڵی كۆماری پۆڵۆنیای بەرز نرخاند كە هەر لە دوای شەڕی دووەمی كەنداو و ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە 2003دا، گرینگیی بە پەیوەندییەكانیان داوە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا و، كۆماری پۆڵۆنیا یەكەم وڵات بووە كە لە 2005 شاندێكی باڵای كۆماری پۆڵۆنیای ناردە كوردستان كە پێك هاتبوون لە سەرۆكوەزیران مارێك بێلكا و وەزیری كارووباری دەرەوە و وەزیری بەرگریی نیشتیمانی و وەزیری كولتوور و باڵیۆزی ئەوسای پۆڵۆنیا لە بەغدا و لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێمدا كۆ بوونەوە و، لەوساوە بناغەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا داڕشتووە كە ئەمڕۆ ئەم پەیوەندییانە گەییشتوونەتە ئاستێكی پێشكەوتووتر و مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانیش باشترین پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ باڵیۆزخانە و كۆنسووڵخانە و دامەزراوەكانی پۆڵۆنیادا هەیە و، ساڵی ڕابردوو بە فەرمـی وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیا شاندێكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بانگهێشتی پۆڵۆنیا كردبوو و لە چەند ڕۆژی داهاتوویشدا شاندێكی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئامادەی سێیەمین كۆنفڕانسی نێودەوڵەتی وارشۆ دەبێت كە گرینگی بە ڕۆڵی كورد دەدات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، چەندین دیداری سیاسی گرینگیش لەگەڵ پارتە سیاسییەكان و فراكسیۆنەكان و پەرلەمان و سەناتی ئەم وڵاتە و دامەزراوە گرنگەكانی ئەنجام دەدات.
گەل و كۆماری پۆڵۆنیا، هاوسۆزییەكی زۆریان هەیە بۆ گەلی كورد و هەرێمی كوردستان و تیگەییشتنێكی باشیان هەیە لەسەر مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و خاوەن هەڵوێست و سیاسەتێكی میانڕۆ بوون لە پرسی ئەنجامدانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی فەخری پەرلەمانی پۆڵۆنیا، كۆنڕاد مۆرافێتسكی، وەك كەسایەتییەكی ناسراوی جیهانی لە ساتی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمدا وەك چاودێر لە كوردستان بووە.
كۆماری پۆڵۆنیا، وەك ئەندامی ناتۆ و ئەندامێكی گرینگ لە یەكێتیی ئەورووپا خاوەن پێگەیەكی سیاسیی بەهێزە لە ئەورووپادا و لە سەرەتای ئەمساڵیشدا بۆ ماوەی دوو ساڵ وەك ئەندامی نا هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەكگرتووەكان هەڵبژێرداوە و ڕۆڵێكی گرینگ لەسەر ئاستی جیهان و ئەورووپادا دەبینێت و لە هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی لە شەڕی تێكشكاندنی داعشدا، چالاكانە بەشداری كردووە و یەكەم ڕێككەوتنی ئابووری و زانستی و بازرگانیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە 2011دا واژۆ كردووە و لە سەردەمی شەڕی داعشیشدا لە چەندین بواری ئابووری و زانستی و هاوكاریی مرۆیی بۆ ئاوارەكانی كریستیان و ئێزدی، هاوكاریی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە.
خاتوو بێئاتا پێنكسا، باڵیۆزی كۆماری پۆڵۆنیا لە عێراق، خۆشحاڵیی خۆی بەم سەردانەی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەربڕی و، پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانی لە هەموو بوارەكاندا بەرز نرخاند و هیوای خواست پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانیدا، گەشەسهندنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و ئامادەیی وڵاتەكەیشی پێشان دا بۆ ئەوەی پسپۆڕیی وڵاتەكەیان لە ڕووی ئاوەدانی، كشتوكاڵی، زانستی، گەشتوگوزاری، ئابووری و بازرگانی و وزە و لە چەندین كەرتی گرینگدا كە لە كوردستان پێویستن، بخەنە ڕوو و ڕایگەیاند كە، ژینگەی سیاسی و ئاساییش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، گونجاوە بۆ كۆمپانیا و بازرگانە پۆڵۆنیاییەكان كە چالاكی و وەبەرهێنان ئەنجام بدەن و هاوكار بن لە بواری گەشەپێدان و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان و ڕۆڵی شیاوی خۆیان بگێڕن.
باڵیۆزی تازەی كۆماری پۆڵۆنیا ڕایگەیاند كە، لە سەردەمی جەنگی یەكەمی جیهانییەوە، گەل و وڵاتەكەی ئاشنای پرسی كوردن و چەندین سەربازی پۆڵۆنیاییش لە سەردەمی جەنگدا كە بە كوردستانی باشووردا تێپەڕ بوون بەرەو وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە كوردستان نێژراون و هاوسۆزییەكی باش لە نێوان گەلی پۆڵۆنیا و دامەزراوەكانیدا هەیە لە مافە ڕەواكانی گەلی كورد و گەل و وڵاتی پۆڵۆنیا كە بۆ ماوەی 123 ساڵ وڵاتەكەیان بەسەر سێ زلهێزی گەورەی ئەورووپادا دابەش كرابوون، تێگەییشتنێكی باشیشیان هەیە بۆ ئازادی و مافە ڕەواكانی گەلی كورد و لە 11ی سێپتەمبەری ئەمساڵدا، كۆماری پۆڵۆنیا یادی 100ـەمین ساڵەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی خۆی دەكاتەوە.




