٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەممەد خورشید: ئەگەر دەنگی پارتییەكانی كەركووك بۆ حزبەكەیان نەبێت بۆ ھیچ كەسێكی دیكە نابێت

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- بەرپرسێكی پارتی لە كەركووك، باوەڕی وایە، ئەنجامی ھەڵبژاردن لە كەركووك، ئەنجامێكی ساختە دەبێت و ڕایشیگەیاند، ئەگەر كورد دەنگی كەم بووەوە لە كەركووك، ئەوە دەردەكەوێ ئەو كەسانە ھەڵە بوون، بەشدارییان لە ھەڵبژاردندا كرد لەو شارەدا.

 

دكتۆر محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو تاقمەی لە ١٦ی ئۆكتۆبەردا لە كەركووك خیانەتیان لە میللەت كرد، سەریان لێ شێواوە، ھەتا بۆ بانگەشەكەیشیان خەڵك ناچێت و كۆ نابێتەوە، بەپێی زانیاریی وردی ئێمە، لەبری ئەوەی پەنا بۆ كۆكردنەوەی دەنگی ھاووڵاتیان ببەن، كار بۆ ساختەكارییەكی ڕێكخراو دەكەن لە كەركووك، لەبەر ئەوە، بە لایەنە كوردستانییەكانی دیكەی كەركووكیش دەڵێین، ئەوەی ھەیە، ئەنجامێكی ساختەیە".

 

بەرپرسی لقی سێ ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ھیچ لایەنێكی كوردی تا ئێستا نەیتوانیوە لە گەڕەكەكانی باشووری شاری كەركووك تەنیا وێنەیەكی لیستەكەیان و كاندیدێكی خۆیان ھەڵواسن، ئەمەیش مانای ئەوەیە ئازادییەكە نییە و ڕێگە لە حزبە كوردستانییەكان دەگیرێت، ئێمە زانیاریمان لایە، كوردستانیانی كەركووك ناتوانن وەك پێویست بەشداریی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ڕۆژی ١٢ی مانگ بكەن، چونكە بڕوایان بەو خیانەتکارانە نییە، ئێمە ئومێدەوار بووین ھەموو لایەنە سیاسییەكان بایكۆتی ھەڵبژاردن بكەن لە كەركووك، بەڵام ئەگەر ئەم جارە ئەنجامی ھەڵبژاردن لە كەركووك بۆ كورد خراپ بێت، ئەوە دەردەكەوێ ئەو كەسانە ھەڵە بوون بەشدارییان لە ھەڵبژاردندا كرد لە كەركووك".

 

لەبارەی ئەو پڕۆپاگەندانەی باس لەوە دەكەن كە پارتی فەرمانی بە ئەندام و لایەنگرانی داوە دەنگ بە كاندیدی ھەندێ لیستی دیكە بدەن، دكتۆر محەممەد خورشید دەڵێ: "جەماوەر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی، ھیچ حزب و لایەنێكی دیكە بە شایستەتر لە پارتی نابینن تا دەنگی بۆ بدەن، لەبەر ئەوەش، سەرلەبەری ئەو پڕۆپاگەندانە ڕەت دەكەینەوە و دەنگی پارتییەكان ئەگەر بۆ حزبەكەیان نەبێت، بۆ ھیچ كەس و لایەنێكی دیكەش نابێت".

 

قائید میرۆ

 


 

هەواڵی پەیوەندیدار