كاندیدانی پارتی لە مووسڵ: لە بەغدا بە دەستوور شەڕی بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد دەكەین

مووسڵ-KDP.info- كاندیدانی پارتی لە مووسڵ دەڵێن، بەغدا هەمیشە مافەكانی گەلی كوردی پیشێل كردوون و، دەستووری بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكار هێناوە، بۆیە ئەوان لە بەغدا، بە دەستوور شەڕی بەدەستهێنانی تەواوی مافەكانی گەلی كورد دەكەن.
كاندیدانی لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری پارێزگای مووسڵ، 62 كاندیدن و، بەردەوامن لە هەڵمەتی بانگەشە و گەیاندنی پەیامەكانیان بۆ هاووڵاتیانی سنووری ئەو پارێزگایە.
غەیاس تۆفیق سلێمان، كاندیدی ژمارە ٥ی لیستی ١٨٤، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "كار دەكەین بۆ ئەوەی بودجە و مووچەی كوردستان، لە موازەنەی گشتیی عێراقدا دروست بكەین و پێشمەرگە ببێتە بەشیكی فەرمیی لە مەنزوومەی بەرگریی عێراق، چونكە قوربانیی زۆری داوە، دواتر كار دەكەم بۆ ئەوەی ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بكرێت، چونكە عێراق خۆی لێ دەشارێتەوە، هەروەها كار دەكەم بۆ گەنجان و دابینكردنی هەلی كار و پشتیوانیان دەبم".
ئەدهەم عەزیز محێدین، كاندیدی ژمارەی ٦ لە لیستی ١٨٤ی پارتی لە سنووری مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "هەموو كار و بەرنامەكانم بۆ ئەوە دەبێت كە ئاوارەكان بگەڕێنینەوە سەر ماڵوحاڵیان و قەرەبوویان بكەینەوە و جارێكی دیكە تووشی هیچ كارەسات و ناخۆشییەك نەبن، هەروەها ئەمنییەتێكی تەواویان بۆ دەستەبەر بكەین".
لای خۆشیەوە، محەممەد هاشم، كاندیدی ژمارەی 7، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەر بوومە جێگای متمانەی خەڵكی، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كار دەكەم بۆ ئاوارەكان و یارمەتیدانی خێزانە هەژارەكان و ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ و وەبەرهێنان، دواتر كار بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەكەم و لەگەڵ ئەوەیشدا، ماددەی دەستووریی زۆر پێشێل كراون، بۆیە هەموو توانایەكمان دەخەینە گەر بۆ بەدەستهێنانی تەواوی مافەكانی گەلی كورد، هەر لە بودجە و مووچە و مستەحەقاتی پێشمەرگە قارەمانەكانەوە بگرە، تا دەگاتە خانەنشینان".
ئیخلاس سەباح خدر، كاندیدی ژمارەی 8یش، لەبارەی بەرنامەی داهاتوویەوە لە بەغدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بەرنامەیەكی زۆرم هەیە تا كاریان لەسەر بكەم، بۆیە كە چوومە بەغدا، كار بۆ گۆڕینی تەواوی ئەو یاسایانە دەكەم كە لە دژی هەرێمی كوردستان و گەلی كورد دەرچوونە، هەروەها كار بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و قەرەبووكردنەوەیی كەسوكاریان دەكەم، لەگەڵ مستەحەقاتی پێشمەرگە و مووچە و بودجە و جێبەجێكردنی ماددەی 140، هەوڵیش دەدەم بە پێی توانا، گەورەترین پڕۆژەی وەبەرهێنان بێنم بۆ ناوچە كوردستانییەكان".
نەشوان بەرزنجی- كاروان باعەدری




