كاندیدانی پارتی لە سلێمانی: كار بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستووریانە دەكەین كە بەغدا پێشێلی كردوون

سلێمانی-KDP.info- كاندیدانی لیستی ١٨٤ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی، دەڵێن، كار بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستووریانە دەكەن، كەوا لە لایەن بەغداوە پێشێل كراون.
شوكریە مەحموود ئەحمەد، كاندیدی ژمارە 24 دەڵێ: "ئەگەر متمانەی خەڵكی كوردستانم بەدەست هێنا، ئەوا بەڵێن دەدەم ئەوەی هاوڕێیانمان بۆ گەلەكەیان پێیان نەكراوە، ئێمە بیكەین، هەروەها پشتیوانی قوتابیان دەبم تاوەكوو بتوانین زۆرترین قوتابیمان بڕۆنە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن و، گرینگییەكی تایبەتیش بە ئافرەتان دەدەم".
عینایەت نامیق، كاندیدی ژمارە 30ـیش گوتی: "بۆیە دەڕۆمە بەغدا، هەروەكچۆن ناچارم ڕێز لە خواست و ئیرادەی عەرەب بگرم، ئاوایش لەوێ وا بكەم عەرەب ڕێز لە خواست و ئیرادەی كوردستانیان بگرێت و، بە زمانی كوردی لە هۆڵی پەرلەمان قسە بكەم و زمانەكەمان لە پاڵ زمانی عەرەبیدا قسە و گفتوگۆی پێ بكرێت، هەروەها كار دەكەم بۆ دادگاییكردنی حەشدی شەعبی لە پای ئەو كۆمەڵكوژییەی لە كەركووك و خورماتوو دژ بە كورد ئەنجامیان دا و، پێویستە قەرەبووی كەسوكاری قوربانییەكانیش بكرێتەوە".
رێبوار ئەمین، كاندیدی ژمارە ١٢، ئاماژە دەدات: "كار بۆ ئەوە دەكەم، كەوا هەوڵ بدەین گوشار لەسەر ئەنجوومەنی نوێنەران دروست بكەین، تاوەكوو كارتی ریفراندۆم شكڵێكی یاسایی بۆ دروست بكەین، ئەو ٥٥ ماددە دەستووریانەیش كە لە لایەن حكوومەتی مەركەزییەوە پێشێل كراون، جێبەجێ بكرێن، بەشەبودجەی هەرێمیش كە لە سەدا حەڤدەیە، بیگەڕێنینەوە".
ئارام عەبدوڵڵا كاندیدی ژمارە ٧ لە پارێزگای سلێمانی، ڕوونی دەكاتەوە: "داكۆكیردنی سەرسەختی مافە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان دەبین، كە ئەوەیش بەرنامە و كاری پارتییە، خۆیشم دەرچووی زانستە سیاسییەكانم و، هەوڵ دەدەم لە روانگەی نێودەوڵەتییەوە كار بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی كورد بكەم".




