٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چین، ئامادەكاری بۆ دروستكردنی كۆنسووڵخانەی گشتی لە هەولێر دەكات

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- كۆنسووڵخانەی گشتیی كوماری میللیی چین لە هەولێر، لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندیدار لە حكوومەتی هەرێم، سەرقاڵی ئامادەكاریی پێویستن بۆ دروستكردنی باڵاخانەیەكی نوێ لە هەولێر.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، هوشیار سیوەیلی، لە بارەگای مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە، پێشوازیی لە نی ڕۆشی Ni Ruchiكۆنسووڵی گشتیی نوێی كۆماری میللیی چین لە هەولێر، كرد.

هوشیار سیوەیلی، وێڕای بەخێرهاتن و دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی بەڕێزیان، ئاماژەی بە گرینگیی بەردەوامبوونی ئەو پەیوەندییە بەهێزە كرد كە لە نێوان پارتی و مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە و كۆنسووڵی گشتیی پێشووی چین تان بانگلین هەبوو و، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەر هاوكاری و پشتگیرییەكی پێویست لە ئاسانكاری و ڕاپەڕاندنی ئیشوكارەكانیان لە هەرێمی كوردستان. هەروەها ئاماژەی بە گرینگیی كوماری میللیی چین كرد لە هەموو ئاستەكان و بایەخی پەیوەندیی نێوان هەردوولا.

لە بەرانبەردا،Ni Ruchi  سوپاسی بەڕێزیانی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو پەیوەندییە باشانەی لە نێوان هەردوولادا هەن و، ئامادەیی خۆی نیشان دا بە درێژەپێدانیان و هەوڵی زیاتر دەوڵەمەندكردنی ئەم پەیوەندییانە لە نێوان كوماری میللیی چین و هەرێمی كوردستان. هەروەها ناوبراو ئاماژەی بە سیاسەتی كوماری میللیی چین و گرنگیپێدانی وڵاتەكەی كرد بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان چین و هەرێمی كوردستان، هەر بۆ ئەو مەبەستە ئێستا كۆنسووڵخانەی گشتیی كوماری میللیی چین لە هەولێر لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندیدار لە حكوومەتی هەرێم، سەرقاڵی ئامادەكاریی پێویستن بۆ دروستكردنی باڵاخانەیەكی نوێ لە هەولێر لەسەر ڕووبەری 30 هەزار مەتر دووجا، كە لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆیان تەرخان كراوە.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و كوردستان و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، تەوەرێكی تری ئەم دیدارە بوو و، كۆنسووڵی گشتی جەختی لە گرینگیی ئەم هەڵبژاردنانە كردەوە و، هەڵوێستی وڵاتەكەی لە پشتگیریكردنی گفتۆگۆی ئاشتیانە لە نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی بۆ چارەكردنی كێشەكان.

ئەو هەروەها باسی هەندێ لە كۆمپانیا گەورەكانی چینی كرد كە نیازی سەردانكردنی هەرێمی كوردستانیان هەیە بۆ وەبەرهێنان، بە تایبەت هەندێ كۆمپانیای تایبەت بە بەرهەمهێنانی كارەبا، لەپاڵ ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیاكانی چین كە بۆ ماوەی چەندین ساڵە وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاكان لە هەرێمی كوردستاندا دەكەن.

هەواڵی پەیوەندیدار