سەعید پشدەری: خەڵكێكی زۆر پەیوەندی بە ریزەكانی پارتییهوه دەكات

سلێمانی-KDP.info- بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی گوتی، خەڵكی سلێمانی زۆر بە گەرموگوڕی پێشوازی لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن و، خەڵكێكی زۆریش پەیوەندی بە پارتییەوە كردووە، بۆیە دەنگەكانی زیاد دەكەن.
پارتی دیموكراتی كوردستان، بە لیستی 184 و لە ژێر درووشمی "دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان"، دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كردووە، كە بڕیارە 12ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت.
بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی، سەعید پشدەری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە هەر لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەوە بەرنامەیەكمان دانابوو و تاوەكوو ئێستایش بەپێی ئەو بەرنامەیە كاری خۆمان دەكەین، رۆژانەش چالاكیمان هەیە و رۆژ بە رۆژیش خەڵكی سلێمانی بە شێوەیەكی گەرموگوڕتر پێشوازی لە لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن و ورەی خەڵكیش بەرزتر بووەتەوە".
پشدەری گوتیشی: "هیچ گومانمان لەوەدا نییە دەنگەكانی پێشووی خۆمان بەدەست دێنینەوە و كاریشمان كردووە بۆ زیادكردنی دەنگەكانمان، بۆیە دەنگی پارتی لە سنووری سلێمانی زیاد دەبێت، چونكە بە بەردەوامی خەڵكێكی زۆر پەیوەندی بە ریزەكانی ئێمەوە دەكات و ئەمەیش پرۆسەیەكی بەردەوامە".
بەرپرسی لقی چواری پارتی باسی لەوەش كرد: "ئێمە وەكوو پارتی دیموكراتی كوردستان، زۆر باش خۆمان بۆ هەڵبژاردن ئامادە كردووە بە پشتبەستن بە خەڵكی خۆمان، بۆیە تاوەكوو ئێستا كارەكان زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن و، ئێمەیش بەردەوامین تا كۆتایی بە پرۆسەكە دێت".
بڵند ئیبراهیم




