٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: پارتی هه‌موو باجێك ده‌دات بۆ گەیشتن بەو مافانەی کە پێشمەرگە خوێنیان بۆی ڕشتووە

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  نێچیرڤان بارزانی، سووربوونی پارتی دووپات کردەوە لە دەستهەڵنەگرتن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان کە بەردەوام باجی سیاسەتە ڕوونەکانی خۆی داوەتەوە و، ڕاشیگه‌یاند، لەو پێناوەدا ئامادەی هەر باجدانێکە بۆ گەیشتن بەو مافانەی کە پێشمەرگە خوێنیان بۆی ڕشتووە.


ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٧ی ئایاری ٢٠١٨ لە هۆڵی شه‌هید مامۆستا سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کەرنەڤاڵێکی بەرفراوانی ئەندامان و لایەنگرانی پارتی، پێکهاتوو لە گەنجان و لاوان بۆ بانگەشەی لیستی ١٨٤ی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنى ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ساز کرا.

لەو کەرنەڤاڵە جەماوەرییەدا، جێگری سەرۆکی پارتی وتارێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد و تیایدا ویڕای دڵنیابوون لەوەی کە پشتگیریى گه‌رمی گه‌نجان و ‏لاوان له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان ئـاسۆیەکی ‏ڕوونتر بۆ گه‌لى كوردستان‌ به‌ده‌ست ده‌هێنێت، ئاماژەی بەم هەڵبژاردنە کرد کە دوای شکاندنی داعش ئەنجام دەدرێت تا بە دەنگدان چارەنووسی وڵات یەکلا ببێتەوە‎.‎

 

  نێچیرڤان بارزانی، پارتی وەک ئاڵاهەڵگری یەکەمی خەباتی دیموکراسی لە کوردستان و عێراق پێناسە کرد بۆ ئەوەی لە ڕێی ململانێی دیموکراسییەوە خەڵکی کوردستان بڕیار لە داهاتووی خۆیان بدەن. هەربۆیە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پارتی لە مێژووی ٧٢ ساڵەی خۆیدا ماندوونەناسانە خەباتی بۆ دیموکراسی و مافی ‏کورد و کوردستان کردووە و وەک پارتی و گەلی کوردستانیش گرەویان لەسەر سەرکەوتن کردووە.

سووربوونی حزبەکەشیی دووپات کردەوە لە دەستهەڵنەگرتن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان کە بەردەوام باجی سیاسەتە ڕوونەکانی خۆی داوەتەوە و لەو پێناوەدا ئامادەی هەر باجدانێکە بۆ گەیشتن بەو مافانەی کە پێشمەرگە خوێنیان بۆی ڕشتووە.

نێچیرڤان بارزانی، یەکسانیی ئایینی و نەتەوەیی بە بەشێکی دیکەی بەرنامەی خەباتی پارتی هەژمار کرد و ژیانێکی خۆش و سەربەرزانەیشی بە مافێکی ڕەوای گەنجان دانا، ژیانێک کە تیایدا هەموو ئایین و نەتەوەیەک یەکسان بن. لەو ڕووەوە ئەمڕۆ ئەوەی بە ئەرکی ئەو کچ و کوڕانەی وڵات دانا کە شایانی هەڵگرتنی ئەو بارە قورسەن و لاوان پارتی لە ڕێزی پێشەوەدا دەهێڵنەوە و بە ئاڵاهەڵگری خەبات دەمێنێتەوە.

 

  جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا پیلانی ناحەزان کە هەوڵی ڕاوەستاندنی هەنگاوە گەوره‌كانى پارتى دەدات، هێڵە سوورەکانیش دەبەزێنن بۆ دۆڕاندنی کوردستان، ئه‌وان دژی پارتی سەنگەر دەگرن ئەگەر لەسەر حیسابی مافەکانی خەڵکیش بێت، بەڵام هەرگیز ناتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن و بەزاندن و شکست پێهێنانی پارتیی بە مەحاڵ لەقەڵەم دا، دووپاتیشی کردەوە کە پارتی، حزبی ترس و ‏دوودڵی نییە، وشەی ترسیان لە قامووسی ‏خۆیاندا سڕیوەتەوە و بڕوای تەواویان بە خۆیان هەیە.

  نێچیرڤان بارزانی ڕوونیکردەوە کە نەیانگوتووە بێ هەڵەن، هەموو هەڵەیەکی ئەمڕۆش، سبەی شایانی ڕاستکردنەوەیە، هەربۆیە، ڕێگای پارتی وەک ڕێگایەک بۆ ‏بەدیھێنانی مافە ڕاستەقینەکان پێناسە کرد و حزبەکەی بە دارێکی گەورە شوبهاند کە هیچ ڕەشەبایەک نایچەمێتەوە و بە خۆڕاگری دەمێنێتەوە.

 

هاوكات مێژووی پڕ سەروەریی پارتی وەبیرهێنانەوە کە دوای نسکۆ جارێکی دیکە بە پاڵپشتیی کۆمەڵگەی کوردەواری، بەهێزتر لە جاران هەڵساوەتەوە، بۆیە دڵنیایی پێدان کە پارتی دەتوانێت خەونەکانی هەمووان بەدی بێنێت، چونکە پارتی قوتابخانەی نەوەکانی وڵات و حزبی دروستکەری کەسایەتیی نیشتمانى و بڕوا و متمانەی هاووڵاتییانە، بۆیە داوى کرد لەپێناو به‌ شەکاوە ڕاگرتنی ئاڵای پارتی، ده‌نگ بده‌ن بە لیستی ژمارە ١٨٤ی پارتی ‏دیموكراتی كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی باسی لە خەبات و قوربانیدانی باوك و باپیران و نه‌وه‌ى پێشوو کرد لەپێناو دروستکردنی داهاتووی گەش بۆ نەوەکانیان و ئەوەی خستەڕوو کە بۆ دروستکردنی سبەی، دەبێ ئاوڕ لە دوێنی بدرێتەوە و گوتى: داهاتووش لە دەستی ئێوەدایە.

نێچیرڤان بارزانی ئاوەدانکردنەوەی وڵات و دابینکردنی هێمی و ئارامی و بەدیهێنانی خەونی خۆشگوزەرانی بۆ پارتی گەڕاندەوە و، بەڵێنی دا، کە بە گەرموگوڕییەکی جارانەوە دیسان دەست بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییان دەکەنەوە، هەروەها بەردەوامیی درێژەدان بە ڕۆڵ و ڕێبازی پارتى دووپات کردەوە بۆ ئاشتی و یەکڕیزی و گوتى: هه‌مووان پێویستیان بە ڕۆڵی ئـەرێنیی پارتى ‏دیموكراتى کوردستانە لەپێناو یەکڕیزیی ناوخۆدا، پێویستییان به‌ ‏یه‌كڕێزییه‌ تا لە ئاست چاوەڕوانییەکانی هەرێمدا بین‎.‎

جێگری سەرۆکی پارتی، داهاتی گشتیی وڵات و ماددەی (140)ی بە گرینگترین دوو کێشەی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیدا له‌ قه‌ڵه‌م دا، کە ھەرێم زیاتر له‌ دوازدە ساڵە ‏چاوەڕوانە جێبەجێ ببێ‎. لەو ڕووەوە داوای یەکڕیزیی نێوان لایەنە كوردستانییه‌كان کرد و گوتى: پێویست ناکات ناکۆکییانی نێوانیان ببەنە ‏بەغدا.

لە کۆتاییدا لەبەردەم ئاپۆڕای گەنجان و لاوانی هەولێر، نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە داوای لێکردن دەنگ بدەن بە لیستی ژمارە ١٨٤‏ و، دەنگ بدەن بە پارتی کە دایکی خەباتی سیاسی و ‏خۆشگوزەرانی و ئـاوەدانییە له‌ كوردستان هه‌روه‌ها گوتى:‎ ڕۆژی ده‌نگدان پێكه‌وه‌ ده‌چینه‌ سه‌ر سه‌ندووقه‌كان بۆ ‏ده‌نگدان به‌ لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان.‏

 


ده‌قی وته‌ی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی:

خۆشەویستان، ھەموو لایەکتان بەخێر بێن بۆ ئـەم دیدارە، بەخێر بێن سەر چاوان.

خۆشحاڵم ئـەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئـێوەدا جارێکی تر بە یەک دەگەینەوە بۆ بانگه‌شه‌كردن بۆ لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، له‌ هه‌ر كوێیه‌ك هاتوون به‌خێربێن سه‌رچاوان.

هه‌ڤاڵینه‌،
ئێمه‌ دڵنیاین کەوا پشتگیریى گه‌رمو‌گوڕى ئێوه‌‌ی گه‌نجان و لاوانى كوردستان له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان، ئـاسۆیەکی ڕوونتر بۆ ئه‌م گه‌له‌ به‌ده‌ست ده‌هێنێت، به‌خێربێن.

ئـێمە بەرەو ھەڵبژاردنێکی گشتی دەڕۆین کە لە عێراقی فیدراڵیدا یەکەمین ڕووداوی وەک خۆیەتی لە دوای بەزاندنی دەوڵەتی ئـیسلامیی داعشەوە، كه‌ پارتى ئه‌و شه‌ره‌فه‌ی به‌ركه‌وتووه‌ له‌ هێڵى پێشه‌وه‌ى به‌رگریدا بووه‌.

ھەموومان پێكه‌وه‌ دەچینەوە سەر سندووقی ھەڵبژاردن بۆ سه‌رخستنی لیستی پارتى دیموكراتی كوردستان، ده‌چینه‌ سه‌ر سندووقی ده‌گدان بۆ ئـەوەی چارەنووسی وڵات لە ڕێی دەنگدانی خەڵکەوە یەکلا ببێتەوە.

خۆشه‌ویستان، ئـێوە ھەمووتان ئـەو ڕاستییەتان لا ڕوونە کە سه‌ركێشى خەباتی دیموکراسی لەم وڵاتە،   بەتایبەتیش لە ھەرێمی کوردستاندا،  لە سەرەتاوە ھەر پارتی و  تەنیاش پارتی بووە.

پارتی بۆیە سەری ھەڵدا، تا خەڵکی کوردستان بتوانێ لە ڕێی ململانێی دیموکراسییەوە داھاتووی خۆی دیار بکات. من لەو باوەڕەدام، کەوا گەلی ئـێمە پێشه‌نگى تێکۆشانی دیموکراسی دەبێ، وەک چۆن پێشه‌نگى خه‌باتى پێشمه‌رگایه‌تى بوو.

ئـەوا ٧٢ ساڵە ئـێمە ڕێگای ململانێی دیموکراسی دەکوتینەوە لە کاروانێکی نەپساوەدا.   نە ماندوو بووین و نە کۆڵ دەدەین.  گرەومان کردووە وەک پارتیش و وەک گەلی کوردستانیش ھەر دەبێ سەر بکەوین.

به‌ڕێزان و خۆشه‌ویستان، خۆتان باشتر دەزانن کەوا ئامانجى پارتی لەو مێژووە درێژەدا، تەنیا مافەکانی ئـێوە بووە. مافی کورد و کوردستان لە کوێ بن، پارتیش له‌و شوێنه‌یه‌. ئـەمە بنەمایەکە بە نەگۆڕی ماوەتەوە و ھیچ ڕۆژێکیش ناگۆڕێت.

پارتی ھیچ ڕۆژێک لە ڕۆژان دەستی لە بچووکترین مافی ئـێوە ھەڵنەگرت. بەردەوامیش باجی ئـەم سیاسەتە ڕوون و بێ پێچ و پەنایەی خۆی داوه‌ته‌وه‌‌.  لێرەش بەدواوە ھەر ئـەو باجە دەدەین تا دەگەین بەو مافانه‌ی كه‌ پێشمه‌رگه‌كانمان خوێنیان بۆ دا و خه‌باتیان بۆی كرد.

خۆشه‌ویستان، ئـێوە مافی خۆتانە ژیانێکی خۆش و سەربەرزانە بژین کە ھەموو لایەک تیایدا یەکسان بن چ وەک نەتەوە، چ وەک مەزھەب و ئـایین. پارتیش ھەر بۆ ئـەوە مه‌به‌سته‌ دروست بووه‌ و هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش خه‌بات ده‌كات.

ئـەو خەباتە پڕ قوربانییەی کوردستان لەو پێناوەدا، ئـەمڕۆ بارەکەی کەوتووەتە سەر شانی ئـێوەی کچ و کوڕانی وڵات کە بە شانازییەوە ئـێوە شایانی ئـەوه‌ن ئه‌و بارە گرانەن هه‌ڵگرن.

ئـێمە دڵنیاین کەوا ئـێوەی لاوانی وڵات ناھێڵن پارتییە تێکۆشەرەکەتان لە ململانێی دیموکراسیدا یەک ھەنگاو دوا بکەوێ، ئێوه‌ی لاوانی وڵات ناهێڵێن یەک چرکە پارته‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌تان ڕیزی پێشەوە بەر بدات.

پارتی وەک چۆن لە ڕۆژی لەدایکبوونیەوە سه‌ركێشى خەباتی دیموکراسی بووە،  ئـەمڕۆش دیسان لە سایەی ماندووبوونی به‌رده‌وامى ئـێوەدا ھەر به‌ سه‌ركێشى خه‌بات دەمێنێتەوە.


لاوانی به‌ڕێز،
كچ و كوڕانی خۆشه‌ویست،
نابێ ئـێوە ڕێگا بدەن ھیچ لایەنێک بتوانێ یەک ھەنگاو پێش پارتی بکەوێتەوە.  پارتی، پارته‌كه‌ی ئێوه،‌ دایک و باوکی خەباتی دیموکراسییە له‌ كوردستان. دواکەوتنی پارتی واتە دواکەوتنی خەبات و بزاوی دیموکراسی.

ناحەزانی پارتی باش دەزانن کەوا بەرزترین چرای خەبات وا بە دەستی ئـێوەوە. ئـەوان باش دەزانن کەوا درێژترین ھەنگاو ئـەو ھەنگاوانه‌ن كه‌ پارتییەکان دەیھاوێژن. گەورەترین دەسکەوتی وڵاتیش ھەر بە خەباتی پارتی بەدی دێ.  لەبەر ئـەوە تەنیا ئـەوەیان لە دەست دێ پاشقولتان بگرن و هه‌وڵى ڕاوه‌ستاندنى ھەنگاوەکانتان بده‌ن، كه‌ هه‌رگیز ناتوانن.

خۆشه‌ویستان،
بۆ ئێمه‌ مایەی سەرسوڕمانە کە ناحەزانی پارتی لە ناوخۆی ھەرێمدا سڵ لە ھیچ ھێڵێکی سوور ناکەنەوە. ئـەوان دژی پارتی دەچنە ھەر سەنگەرێکەوە تەنانەت ئـەگەر لەسەر حیسابی مافی ڕەوای گەلی کوردستانیش بێ. ھەرچەندە کە مەحاڵە کەس بتوانێ جێ بە پارتی لەق بکات و بیبەزێنێ.  خۆشه‌ویستان به‌ پاڵپشتیی ئێوه‌ ڕەگی پارتی قووڵە وەکو ڕەگی کێوەکانی گارە و شاھۆ و سەفین.

ئـەندام و لایەنگرانی پارتی، ھەروەھا ئـەو جەماوەرە فراوانەی کە ساڵه‌های ساڵە خۆی لە بەرەی پارتیدا دەبینێ، چاوەڕوانین ئـەم جارەش، به‌ ده‌نگدانتان، سندووقه‌كانی ده‌نگدان به‌ سه‌ركه‌وتنى پارتى ڕازاوه‌ بكه‌ن.  ئـێمە زۆر دڵنیاین له‌وه‌ی جەماوەری پارتی به‌ ئاسانى سار نابێته‌وه‌ و ڕێگاى خۆى ون ناكات.

ململانێی ئـەمجارە تەنیا ئـەوە نییە ململانێیەکی حزبییانەی نێوان پارتی و چەند لایەنێک بێت،  بەڵکو ململانێ یە لەنێوان ڕەش و سپیدا. ململانێ یە لەنێوان دۆڕان و بردنەوەی دۆزی سیاسیی گەلی کوردستاندا. ئـەوان کە ململانێی پارتی دەکەن، دەیانەوێ کوردستان بە دۆڕان بدەن، ئـەمەش ئـەو ھێڵە سوورەیە کە حیسابیان بۆ نەکردووە.

دەبێ ئـێوە ئـەوەشتان لە بیر بێت کە پارتی، حزبی ترس و دوودڵی نییە. ئـێمە لەوەتەی ھەین وشەی ترسمان لە قامووسی خۆماندا سڕیوەتەوە.  ترس و دوودڵیی ئـێمە،  تەنیا بۆ مافی ڕەوای گەلی کوردستانە، ئـەگینا ئـێمە ئـەوپەڕی باوەڕمان بە خۆمان ھەیە.

ئـێمە ھیچ ڕۆژێکیش نەمانگوتووە ئـێمە بێ ھەڵەین! بەڵام ھەموو ھەڵەیەکی ئـەمڕۆ شایانی ئـەوەیە بەیانی ڕاست ببێتەوە. کێشەی نێوان پارتی و ناحەزانی پارتی ئـەوە نییە کێ ھەڵەی زۆرە و کێ ھەڵەی کەمە! کێشەکە ئـەو دوو ھێڵە جیاوازەیە کە ھەر لایەک گرتوویەتی.  ڕێگای ئـێمە، ڕێگای پارتی، ڕێگای بەدیھێنانی مافە ڕاستەقینەکانە، ڕێگای ئـەوانیش بۆ ئـێوە بەجێ دەھێڵم خۆتان پێناسەی بکەن!

خۆشه‌ویستان، قسەیەکی کوردەواری ھەیە دەڵێ: (دار بە پیری ناچەمێتەوە!).   پارتی ئـەو دارە پیرەیە کە نە پیلانى کەسانی ناوخۆیی وا دەکا بچەمێتەوە، نە بە ھێزی ڕەشەبای دوژمنانیش دەچەمێتەوە.

پارتی لە مێژووی دووری خۆیدا نسكۆى بینیوه‌، بەڵام ھەموو جار ھەڵساوەتەوە و جارێکی دیكه‌ بووه‌ته‌وه‌ شۆڕه‌سوارى چاپووكتر له‌ جاران. بێگومان ھەمووشی بە پاڵپشتیی کۆمەڵگەی کوردەواری و ئـێوەی ڕەسەن بووه‌.

ئـێوە دڵنیا بن، ھەموو خەونێکی سەر ئـەم خاکە شایەنی بەدیھاتنە. لەبەرئـەوە ئـێوە دڵنیا بن کەوا خەونی گەورە و بچووکی ھەمووتان بەدی دێن:

خەونی سیاسیتان،

خەونی ئـابووریتان،

خەونی ئـاوەدانیتان،

خەونی ڕۆشنبیری و پێشکەوتنی زمانی کوردی،

ھەروەھا خەونی تاک به‌ تاکی مرۆڤی کوردستان، لە ژیانێکی بەختەوەرانەدا کە ھەمووی مافی زوڵاڵى خۆتانە.

پارتی لە ھەموو مێژووی خۆیدا پاسەوانی ئـەو خەونانەی ئـێوە بووە. مەگەر ئـەو پاسەوانە مردبێ، ئـەگینا ئـەو خەونانەی ئێوه‌ هه‌موو به‌دی دێن.

پارتی قوتابخانه‌ى پێگەیاندنی نەوە دوای نەوەی وڵات و حزبی دروستکەری کەسایەتییە نیشتمانییە. پارتى دروستكه‌رى بڕوا و متمانه‌ى ھاووڵاتیی کوردستانە، کە ھاوڵاتییەکی وشیارە بە کێشەی سیاسیی خۆی.
پارتی حزبی خەونەکانی شەرەفخانێ بدلیسی و ئـەحمەدێ خانی و حاجی قادری کۆیی یە. سەروەرمان ئـەحمەدی خانی کە باسی خەون و خەیاڵی خۆی دەکات، دەڵێ ئـەگەر ئـەو خەونانەی من ڕۆژێک لە ڕۆژان بەدی بێن، ئـەوا:

من دێ عەلەما کەلامێ مەوزوون

عالی بکرا ل بانێ گەردوون

کەلامێ مەوزوونێ خانی، قسەی بەجێ و ھەقی خانی، بە درێژاییی ٧٢ ساڵ، ئـاڵایەک بووە بە دەستی پارتییەوە. دەبێ ئـەو ئـاڵایە ھەر بڵند بێ و ئێوه‌ ئه‌و ئاڵایه‌ به‌ بڵندی ڕابگرن و هه‌رده‌م له‌ ئاسماندا به‌ شه‌كاوه‌یی بمێنێته‌وه‌.

جه‌ماوه‌ری به‌شه‌ره‌فی كوردستان،
ئه‌مرۆش، لە پێناوی بەرزیی ئـەو ئـاڵایەدا كه‌ 72 ساڵه‌ پارتی خه‌باتی بۆ ده‌كات، ھەروەھا بۆ ئـەوەی ئـەو ئـاڵایە بەسەر سەرمانەوە ھەر شه‌كاوه‌ بێت:

بڕۆن دەنگ بدەن..
دەنگ بدەن بە پارتی، ده‌نگ بده‌ن بە لیستی ژمارە ١٨٤ی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەنگی ئـێوە داھاتوو دروست دەکات، ھیچ بیانووێک مەدۆزنەوە بۆ دەنگنەدان. دیسان دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌، هیچ بیانووێن نه‌دۆزنه‌وه‌ بۆ ده‌نگنه‌دان، ئـێوە بزانن کەوا بەشداریتان داھاتوو دەگۆڕێ.

خوای گەورە مێشک و دەستی داوە بە مرۆڤ، بۆ ئـەوەی گۆڕین بکات لە دنیادا.
بڕۆن دەنگ بدەن، ده‌نگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان بده‌ن، ده‌نگ بە حزبە ڕەسەنەکەی خۆتان، دەنگ بدەن بە بارزانی، ئـەو كه‌ڵه‌پیاوه‌ ماندووه‌ى ھەزاران میلی دەبڕی،  لەپێناو خەونێکی منداڵ و ژن و پیر و لاوی ئه‌م وڵاته‌.

بدەن بەو خوێنانەی سەدان ساڵە تێکەڵی خاک دەبن..

دەنگ بدەن بەو ناڵه‌ و ھاوارانه‌ى ھێشتا وان لە گوێى ئێمه‌دا..

دەنگ بدەن بەو ھەنگاوانەی ماندوو و شل نابن و ناوەستن..

ده‌نگ بده‌ن به‌ لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان..

خۆشه‌ویستان،
ئـێمە بۆ ئـەوەی سبەینێ دروست بکەین، دەبێ بەردەوام ئـاوڕ له‌ دوێنێ بدەینەوە.  ئـێوە گه‌لێكتان قوربانى داوە،  باوک و باپیرتان خوێن و ئـارەقەی ڕێشت، دایک و داپیرتان فرمێسکی سڕی، ھەمووشی لەپێناو دروستکردنی داھاتوودا. ئـەو داھاتووەش ئـێستا وا لە نێوان پەنجەکانی خۆتاندایە.
ڕوون و دیارە بۆ هه‌موولایه‌ك کەوا ھەر ئـێمە بووین وڵاتمان ئـاوەدان کردەوە،  ئـێمە بووین ھەرێمی کوردستانمان کردە بەشە ڕازاوەکەى عێراق.  ئـێمە بووین ھێمنی و تەناھیمان دابین کرد. ئـێمە بووین خۆشگوزەرانیمان کرد بە بارێکی نەگۆڕ لە خەونی ھاووڵاتیدا.
لەمەودواش جارێکی تر،  ھەر بە گەرم و گوڕییەکەی جاران دەست پێ دەکەینەوە. سەرلەنوێ پرۆسه‌ى ئـاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی به‌ پشتیوانیی ئێوه‌ دەست پێ دەکەینه‌وه‌.
ئێمە دوای ئەوەی دەچینەوە بۆ بەغدا، جارێکی تر درێژە دەدەینەوە بەو خەباتەی لە ۲٠٠٥ەوە دەستمان پێ کردووە. بەشداریی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بۆ پاراستنى مافه‌كانى گه‌لى كوردستان زۆر گرنگە.
جارێکی تریش بۆ ئاشتى و یه‌كڕیزى، درێژە بە ڕۆڵ و ڕێبازی خۆمان دەدەینەوە. هه‌مووان پێویستیان بە ڕۆڵی ئـەرێنیی پارتى دیموكراتى کوردستانە لەپێناو یەکڕیزیی ناوخۆدا. پێویستیمان به‌ یه‌كڕێزییه‌ تا لە ئاست چاوەڕوانییەکانی هەرێمدا بین.

گرینگترین دوو کێشەی ئێمە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیدا،  یەکەمیان مافی هەرێمە لە داهاتی گشتیی وڵات، دووەمیشیان کێشەی مادەی (140)ـه‌، کە ھەرێم زیاتر له‌ دوازدە ساڵە چاوەڕوانە جێبەجێ ببێ.

ئەو دوو کێشەیە پێش هەموو شت داوای یەکڕیزیی نێوان خۆمان دەکەن وەک لایەنەکانی ناوەخۆی هەرێم. لە ئێستاشەوە من تکا دەکەم، پێویست نییە ئەو ناکۆکییانەی نێوان خۆمان ببەینە بەغدا. بەغدا کێشەی خۆی زۆرە و ناتوانێ فریای ئـێمە بکەوێ. ئـێمە لە کوردستان دەتوانین تیماری دەردی خۆمان بدۆزینەوە.

دواجار دیسان داواتان لێ دەکەمەوە:

دەنگ بدەن بە لیستی ژمارە ١٨٤

دەنگ بدەن بە پارتی کە دایکی خەباتی سیاسی و خۆشگوزەرانی و ئـاوەدانییە لەم وڵاتەدا.

دووبارە سڵاو. ھەزاران سڵاو بۆ یەکە یەکەی ھاووڵاتیان لەم نیشتمانە خۆشەویستەدا.

سڵاو لە شەھیدان و بنەماڵەیان..
سڵاو لە پێشمەرگە..
لە ژن و منداڵ..
لە گەورە و بچووکی کوردستان..
سڵاو لە موسڵمان و کریستیان و ئـێزیدی..
سڵاو لە فەیلی و شەبەک و کاکەیی..
سڵاو لە کورد و عەرەب و تورکمان و ئه‌رمه‌نى

ڕۆژی ده‌نگان پێكه‌وه‌ ده‌چینه‌ سه‌ر سه‌ندووقه‌كانی ده‌نگدان بۆ ده‌نگدان به‌ لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان.

ئـێوەش ھەر لە خۆشیدا بن.

ئێواره‌كى خۆشتان بۆ ده‌خوازم.

 

هەواڵی پەیوەندیدار