٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كاندیدانی پارتی: بەرگری لە دەستكەوتەكان دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر دەڵێن،  گەر متمانەی هاووڵاتیانیان پێ بدرێت، لە ئەنجومەنی نوێنەران بەرنامەی پارتی جێبەجێ دەكەن و بەرگری لە دەستكەوتەكان دەكەن و دەیانەوێت دەستكەوتی زیاتریش بۆ گەلی كورد بەدەست بهێنن و كار بۆ گەڕانەوەی هەموو ئەو مافە دەستووری و یاسایی و داراییانەی هەرێمی كوردستان دەکەن، کە لە بەغدا زەوت كراون.

 

د. محەمەد شاكر، كاندیدی ژمارە 13ی پارتی دیاری كرد: "بەرنامەی من جێبەجێكردنی بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەرنامەی پارتی دیار و ئاشكرایە و بەرگری لە دەستكەوتەكان دەكەین و دەمانەوێت دەستكەوتی زیاتریش بۆ گەلی كورد بەدەست بهێنین، دەمانەوێت ماددە دەستوورییەكان جێبەجێ بكەین، كە تا ئێستا زۆربەیان پێشێل كراون، کە ئەگەر جێبەجێ بكرێن لە بەرژەوەندیی گەلی كوردە."

 

ناسر یوسف، كاندیدی ژمارە 15ی لیستی پارتی لە پارێزگای هەولێر، دەڵێ: "من كار دەكەم بۆ بە دەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان، داكۆكی لەسەر مافی گەلی كورد دەكەم، هەموو هەوڵی خۆم دەدەم بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق، بەتایبەتی ئەو ماددانەی كە پەیوەندییان بە مافی گەلی كوردەوە هەیە، هەروەها هەوڵ بۆ پێكەوەژیان دەدەم كە ئەوە دروشمێكی سەرەكیی پارتییە، هەوڵ بۆ چاكسازیش دەدەم و دژی گەندەڵكاران دەوەستمەوە."

 

ئەبووبەكر دێوانە حەمد، كاندیدی ژمارە 19ی لیستی پارتی لە لقی 10 دیاری كرد: "ئەنجومەنی فیداڵی گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە، لەبەر ئەوەی هەر كاتێك هەر پرۆژەیاسایەك لە لایەن حكوومەتی ناوەندەوە دەرچوو، ئەگەر ئەو هەرێمانە كە بریتییە لە ئەنجومەنەكان، ڕازی نەبوون دەتوانن بە گوێرەی ئەو بڕگە دەستوورییەی كە باسی كردووە ئەو بابەتە هەڵبوەشێننەوە، یان ڕەخنەی لێ بگرن، یان ڤیتۆی بكەن، بە دوای ئەو ماددە دەستووریانەدا دەگەڕێین كە سوودی بۆ خەڵكی كوردستان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە دامەزراندی ئەنجومەنی هەرێمەكان سوودێكی زۆری هەیە، چونكە دەكرێت ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان سوودێكی زۆر لەو بڕگە دەستوورییە وەربگرین، بۆیە كاركردنی ئێمە گەڕانەوەی هەموو ئەو مافە دەستووری و یاسایی و داراییانەی هەرێمی كوردستانە لە بەغدا."

 

هەدار زبێر، كاندیدی ژمارە 20ی لیستی پارتی، ڕوونی كردەوە: "وەكو پارێزەرێك و كچە ئەنفالێك زیاتر لە 8 ساڵ وەكو پارێزەرێكی خۆبەخش توانیومە لە بەغدا بەرگری لە مافی كەسوكاری ئەنفالكراوان بكەم، ئێستاش پەیام و پرۆژەی من خزمەتكردنە بە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و هێزی پێشمەرگە، چونكە ئێمە وەكو كورد خاوەن پێنج قەزییەی گەورەی جینۆسایدین، لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، لەوانە ئەنفال، هەڵەبجە، بارزانییەكان، كوردانی فەیلی، ڕاپەڕینی 1991، لە هەر پێنج كەیسەكەدا بڕیار لەسەر سێ شتی زۆر گرنگ دراون، لەوانە هێناوەی ڕووفاتی قوربانییەكان، بە جینۆسایدناساندن، لەگەڵ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفالكراوان، بۆیە كاری سەرەكیی من كاركردن دەبێت لەسەر ئەو پێنج كەیسە".

 

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار