قوتابیان و لاوان: لیستی 184، لیستی زامنكردنی مافەكانمانە بۆیە دەنگی پێ دەدەین

سۆران-KDP.info- قوتابیان و لاوان دەڵێن، لیستی 184، لیستی بەدیهێنانی دەستكەوتی زیاتر و پاراستنی كوردستانە، بۆیە بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی لە لیستی پارتی دەكەن و رۆژی هەڵبژاردن دەنگ بەو لیستە دەدەن.
پارتی دیموكراتی كوردستان، بە لیستی ژمارە 184 و لە ژێر درووشمی "دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان"، دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كردووە، چینوتوێژە جیاوازەكانی كوردستانیش بە جۆش و خرۆشەوە پشتگیریی خۆیان بۆ لیستی پارتی دووپات دەكەنەوە.
محەممەد بارزان، كە گەنجێكی دانیشتووی شارۆچكەی مێرگەسۆرە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "دەنگی گەنجانی مێرگەسۆر بۆ لیستی پارتیە، چونكە ئەوەی بەرگری لە كوردستان كردووە و قوربانیی زۆری داوە، هەر پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، بۆیە ئێمەیش جگە لە پارتی، دەنگ بە هیچ لیستێكی دیكە نادەین، چونكە دەزانین تەنها پارتی بەرگری لە مافەكانی ئێمە دەكات و پارێزگاری لە دەستكەوتەكانیش دەكات".
داخواز مونیر، قوتابیی بەشی یاسا لە زانكۆی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان روونی كردەوە: "ئێمە بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە لیستی 184 دەكەین و سەریش دەكەوێت، چونكە دەنگی من و قوتابیان بۆ ئەو لیستەیە، لەبەر ئەوەی بەرهەمی خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و داستانەكانی گەلی كوردە، كە چۆكی بە دوژمن دادا و لێنەگەڕا دوژمن بێتە پێشەوە و پاشەكشەی پێ كرد، بۆیە بۆ سەركەوتن و ئارامی و ئاوەدانیی كوردستان، دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی دەدەین".
ڕزگار شەریف، گەنجێكی دانیشتووی سۆرانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی دا: "لیستی پارتی، لیستی گەنجانە، لیستی داهاتووی ئێمە و كوردستانیانە، لیستی پێكەوەژیان و ئاوەدانیی كوردستانە، هەر ئەویش پاشەڕۆژی گەلی كوردستان بەرەو ئارامی و سەربەخۆیی دەبات، بۆیە بۆ وەرگرتنەوەی مافە زەوتكراوەكانمان، دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی دەدەین، چونكە تاكە لیستە كە خزمەتی گەلی كورد دەكات و دەتوانێت مافەكانی گەلی كورد بەدەست بهێنێت، بۆیە ئەگەر بمانەوێت كوردستان پارێزراو بێت، شەڕەف و كەڕامەتی گەلی كورد پارێزراو بێت، ئەگەر بمانەوێت خاوەن ئیرادەی خۆمان بین، دەبێت هەموومان دەنگ بە لیستی ژمارە 184 بدەین".
خەلیل سەعدوونیش، كە قوتابیی بەشی مێژوویە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دەنگی ئێمەی قوتابیان، بۆ لیستی 184ی پارتییە، چونكە لیستی پێشمەرگە قارەمانەكانە، لیستی بەرگریكردنە لە مافی كوردان و تاكە لیستە كە خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان دەكات و بەرگری لە دەستكەوتەكان دەكات، بۆیە داوا لە هەموو قوتابیان دەكەم دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی بدەن".
ڕابین شێروانی




