كاندیدانی پارتی لە دهۆك: لە پێناو مافی میللەتی خۆمان لە بەغدا تێدەكۆشین

ئاكرێ-KDP.ino- كاندیدانی پارتی لە سنووری لقی 9ی پارێزگای دهۆك دەڵێن: "وەكوو پارتی، بەرنامەیەكی بەهێزی نەتەوەییمان هەیە و بەرنامەی خۆمان جێبەجێ دەكەین و، لە پێناو مافی میللەتی خۆماندا لە بەغدا، تێدەكۆشین".
پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ هەڵبژاردنی رۆژی 12-5-2018ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە لیستی ژمارە 184 بەشدارە و، بەرنامەیەكی نەتەوەیی لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر ئامادە كردووە، بۆ ئەوە كاری لەسەر بكات.
د. ڤیان سەبری، سەرۆكی لیست و كاندیدی ژمارە یەك لە پارێزگای دهۆك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە بەغدا هەموو توانایەكی سیاسی و دیپلوماسی و رۆشنبیریی خۆم تەرخان دەكەم بۆ بەهێزبوونی گوتار و قەوارەی سیاسی و رۆڵ و سەنگی هەرێمی كوردستان، هەروەها بەرگری لە مافی دەستووری و دەستكەوتی ڕیفراندۆم و خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە و مافی ئافرەتان دەكەم و، پاڵپشتیكردن لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییە حكوومییەكانیش، لە بەرنامەمدایە".
د. عەبدولڕەحمان سلێمان زێباری، كاندیدی ژمارە 6 ڕاگەیاند: "لە پێناو میللەتی خۆماندا دەچینە بەغدا، بۆ ئەوەی مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان بەدەست بێنین، تاوەكوو دەگەین بە بڕیاردان لەسەر دەوڵەتی سەربەخۆ، دیارە كە پارتییش تاكە حیزبی نەتەوەییە لە خەمی تەواوی خەڵكی كوردستاندایە".
لای خۆیەوە، غازی ڕەمەزان، كاندیدی ژمارە 10، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "خەبات دەكەم بۆ ئەوەی مافە دەستووری و داراییەكانی كوردستان وەربگرینەوە و سەرژمێری ئەنجام بدرێت و پشكی كوردیش زیاتر بكرێت، هەوڵیش دەدەین لێكتێگەییشتن لە نێوان لایەنە عێراقییەكاندا دروست بكەین لەبارەی مافی سەربەخۆیی كوردستانەوە".
خەلیل قادر هەركی، كاندیدی ژمارە 11، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "كار دەكەم بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی لیستی پارتیمان و، هەوڵی دابینكردنی شاییستە دارایی و دەستوورییەكانی گەلی كوردستان و ماددەی 140 و سەرژمێریی گشتی و، دابینكردنی ژیانی شاییستە بۆ پێشمەرگە دەدەین".
نەشوان بەرزنجی








