كاندیدانی پارتی: لێناگەڕێین بەغدا بە ئارەزووی خۆی یاسا پێشێل بكات

سلێمانی-KDP.info- كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لیستی ١٨٤، دەڵێن، لە ئەنجوومەنی نوێنەران، كار بە بەرنامە تۆكمەكەی پارتی دەكەن بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد.
سامان عەبدوڵڵا، كاندیدی ژمارە ١٠، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ: "كارنامە و پڕۆژەی لیستی ١٨٤ی پارتی دیموكراتی كوردستان، تێر و تۆكمەیە و كار بە بڕگەكانی دەكەین، تاوەكوو مافە دەستوورییەكانمان بۆ هەرێمی كوردستان بە دەست بێنین، هەروەها هەوڵ دەدەین كار بۆ كەمئەندامان بكرێت، چونكە تا ئێستا هیچ بۆ ئەو توێژە نەكراوە و حكوومەتی عێراق پەراوێزی خستوون".
هێشوو رێبوار، كاندیدی ژمارە ١٣، ئاماژە دەدات: "بەپێی تایبەتمەندی و پسپۆڕیم، كار بۆ گەڕاندنەوەی بودجە دەكەم، كە لە ساڵی ٢٠١٤ـوە بڕدراوە، كاریش بۆ ئەوە دەكەم كە هیچ پڕۆژەیاسایەك لە بواری ئابووریدا بە بێ كورد تێنەپەڕێندرێت".
دكتۆر سەردار قادر، كاندیدی ژمارە ٦، ڕایدەگەیێنێت: "هەوڵی جیددی دەدەین بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە و كارنامەی پارتیمان، كە ئەویش بە یەكڕیزیمان لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەتوانین وەدی بێنین."
شێخ كەمال سۆڵەیی، كاندیدی ژمارە 17 لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دەڵێ: "من وەك شارەزایەكی یاسایی، دەمەوێت كار لەسەر ئەو 55 ماددە دەستوورییەی عێراق بكەم، كە حكوومەتی بەغدا پێشێلی كردوون و تایبەتن بە كورد، پێویستیشە هەموویان بخرێنە واری جێبەجێكردن و مافەكانی كورد دابین بكرێن، ناشبێت لێبگەڕێین بەغدا بە ئارەزووی خۆی هەر یاسایەك ویستی، پێشێلی بكات، لەگەڵ جێبەجێكردنی تەواوی ئەو پڕۆژەیەی كە پارتیمان بۆ حكوومەتی داهاتووی عێراق هەیەتی".








