كاندیدانی پارتی: كار بۆ بەهێزكردنی پێگەی كوردستان دەكەین

هەولێر-KDP.info- بەشێك لە كاندیدانی پارتی لە سنووری پارێزگای هەولێر ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئەگەر دەنگی پێویستیان هێنا و چوونە بەغدا، كار بۆ بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی بڕگە و ماددەكانی دەستوور دەكەن.
شێروان حەیدەری، كاندیدی ژمارە 9ی لیستی 184ی پارتی لە سنووری پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاند: "ماددەی 140 یەكێكە لەو ماددانەی دەستووری عێراق كە ئێمە پێشتر وەك پارتی زۆر پێداگریمان كردووە بۆ جێبەجێكردنی و، تا كێشەی ئەو ناوچانەیش مابێ، كێشەكانی ئێمە لەگەڵ عێراق نابڕێنەوە، ئەمجارە هەموو هەوڵێك بۆ جێبەجێكردنی دەستوور بە گشتی و ماددەی 140 بە تایبەتی دەدەین، چونكە چارەنووسی ئەو ناوچانە، پەیوەستە بە ماددەی 140ی دەستوورەوە، تا ئەو ماددەیە وەك خۆی جێبەجێ نەكرێت، عێراق ئارامی بە خۆیەوە نابینێت، لە هەمان كاتدا هەوڵ دەدەین بۆ نەهێشتنی برسیكردن و سزای بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستان، جگە لەوەیش هەوڵێكی جیددی بۆ بەدەستهێنانی بەشی كوردستان لە بودجە و داهاتەكاندا دەدەین، هەوڵ بۆ گەڕانەوەی پرەنسیپی شەراكەت و تەوافوق دەدەین و، لە هەموویان گرینگتر، هەوڵ دەدەین بۆ دەوڵەتێكی دەستووریی مەدەنی، بۆ بەرگریكردن لە مافە ڕەواكانی كوردستان لە بەغدا، لەگەڵ ئاوەدانكردنەوەی كۆی ناوچە زیانلێكەوتووەكان و قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانەی لەو ناوچەن كە بەم دواییە داگیر كراون".
شاڵاو ئەمین پیرداود، كاندیدی ژمارە 10 دەڵێ: "لە پێناو هەرێمی كوردستاندا دەچینەوە بەغدا، لە بەغدا كار دەكەین بۆ بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان، یەكێك لەو خاڵانەی كە دەمەوێت كاری لەسەر بكەم و كاری لە پێشینەی من دەبێت، گرینگی بە پێشمەرگە دەدەم، هەوڵ بۆ دابینكردنی ماف و پێداویستییەكانی پێشمەرگە دەدەم، چونكە پێشمەرگە بوو توانی ئێمە بپارێزێت و گەورەترین شانازی بۆ گەلی كوردستان تۆمار بكات، هەروەها كار بۆ بەدەستهێنانەوەی مافی جووتیاران دەكەم، جگە لەوە، گرینگی بە كەرتی كشتوكاڵ دەدەم، هەروەها كار بۆ جێبەجێكردنی بڕگە و ماددەكانی دەستوور دەكەم، بە تایبەتی ئەو ماددانەی كە پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە و لەلایەن بەغداوە پێشێل كراون".
كەریم كاوە كەریم، كاندیدی ژمارە 11 لەسەر لیستی پارتی لە لقی 26ی چۆمان، گوتی: "دەمانەوێت دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان بەدەست بهێنین، هەروەها دەمانەوێت یەكڕیزیی نیشتمانی لەسەر دەستی پارتی بگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا پێداگری لەسەر هەموو مافەكانی گەلی كوردستان دەكەین و نامانەوێت چیدیكە مافی گەلی كورد پێشێل بكرێت، هەروەها كار بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئیتحادی دەكەین، كە دامەزراندنی ئەو ئەنجوومەنە شتێكی زۆر گرینگە بۆ كوردستان، لەبەر ئەوە مافی ڤیتۆ بە كوردستان دەدات، پەیامی پارتییش، پەیامێكی نەتەوەییە و دەمانەوێت خزمەتی خەڵكی خۆمان بكەین".
ڤیان محەممەد حوسین، كاندیدی ژمارە 12، ئاماژەی دا: "ئەگەر سەركەوتین، بەرنامەی كاری ئێمە، بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە خۆی لە 14 خاڵدا دەبینێتەوە، دەبینە بەرگریكار لە هەموو مافەكانی قەوارەی هەرێمی كوردستان، بە هەموو ئەو شتانەی كە هەیەتی و بە هەموو ئەو مافانەی كە لێی ستێندراونەتەوە، هەروەها لە دژی نەمانی تەوافوق و كەمینە و زۆرینە دەوەستینەوە، جگە لەوەی وەكوو كەسێكی تەندروستكار بەدواداچوون و دابینكردنی بودجەی تایبەت و دابینكردنی دەرمان و ناردنی لە كاتی خۆیدا، ئەركی ئێمەیە، ئەمە جگە لەوەی یاسایەك هەیە بە ناوی یاسای بیمەی تەندروستی كە خەوتووە لە پەرلەمان، ئێمە كاری لەسەر دەكەین و هەوڵ دەدەین خوێندنەوەی بۆ بكرێت و پەسەند بكرێت، هەروەها جەخت لە ماف و ئازادییەكان دەكەینەوە".
ڕابین شێروانی








