هێمن ھەورامی: تاراوگە بەم پشتیوانییەیان، موژدەی سەركەوتنی پارتییان ڕاگەیاند

ئەڵمانیا-KDP.info- ھێمن ھەورامی، لە بەردەم جەماوەرێكی بەرفراوانی پارتیدا لە ئەڵمانیا گوتی، ئەمڕۆ تاراوگە بەم پشتیوانییە گەورەیەیان، موژدەی سەركەوتنی پارتی و لەگۆڕنانی ئیرهابی فیكرییان راگەیاند.
لە چوارچێوەی بەرنامەی ورد و هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، لە شاری ئێسنی ئەڵمانیا، ناوچەی دوسڵدۆرفی پارتی، كەرنەڤاڵێكی جەماوەریی بەرفراوانیان بە ئامادە بوونی ھێمن ھەورامی، ئەندامی سەركردایەتی و سەرپەرشتیاری بانگەشەی ھەڵبژاردنەكان لە ئەورووپا، ساز كرد.
ھەورامی، بە وردی پەیام و هەڵوێستی سەركردایەتیی پارتی و روانگەی سەرۆك بارزانیی پێ ڕاگەیاندن و بایەخی بەشداری و بردنەوە و پێگەی یەكەم و بەهێزیی پارتی، بۆ ئەو جەماوەرە نەپساوەی پارتی لە تاراوگە شی كردەوە.
هێمن ھەورامی گوتی: "ئەمرۆ تاراوگە بەم پشتیوانییە گەورەیەیان، موژدەی سەركەوتنی پارتی و لەگۆڕنانی ئیرهابی فیكرییان لە تاراوگەوە راگەیاند. ئەم پەرتەوازیی و لەیەكترترازانەی كوردی گەڕاندەوە بۆ ئەو مەدرەسە فیكرییەی كە ئیرھابی فیكری بەرھەمی دەھێنێت و تەنھا سزایەك كە قابیلیانە، گەلی كورد پێیان بڵێن، ئیدی بەسە. ھەر ئەمەیشە وەھای كردووە سەركردایەتیی پارتی ڕوونتر بدوێت و پەردەكان لەسەر ڕاستییەكان لابەرێت.
ھەورامی پێی وایە، تاوەكو ئەو پەردەیە لانەدرێت، كورد ناگاتە شوێنە ھەقیقییەكەی خۆی، چونكە دەستنیشانكردنی دوژمن، لە لەناوبردنی ئەستەمترە، بۆیە ئەوانەی ھەوڵی لەناوبردنی پیرۆزییەكانی كورد دەدەن، شكست دەبەن و، پارتی و گەلە زوڵمدیدەكەیشی، دەستی زاڵمان لەناو دەبات.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی، ئەوەیشی گوت: "دیدگا و سیاسەتی ئێمە، بۆ چوونەپەرلەمانی عێراق بەو مانایە نییە، كە دەستمان لە سەربەخۆیی ھەڵگرتبێت، بەڵكوو دەمانەوێت لە عێراقدا تاوەكو كاتی سەربەخۆیی، مافە ڕەواكانی گەلی كورد سازشیان لەسەر نەكرێت، وەك چۆن لە ڕابردوودا هەندێك حزب بۆ بەرژەوەندیی تاكەكەسی كوردستانیان كردبووە خەنجەری قەدیان بۆ پاراستنی خۆیان، ئیتر ئەوە بەسەر چوو".
سەنگەر ھەورامی




