سکرتێری پێشووی یەکێتیی قوتابیان: پڕۆژەی تواناسازی ھی ئێمە بوو نەک خەڵکی دیکە

هەولێر-KDP.info- سکرتێری پێشووی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان ئاشکرای کرد، پڕۆژەی تواناسازیی قوتابیان ھی یەکێتیی قوتابیان بووە، نەک خەڵکی دیکە و دەڵێ، ئەوان پڕۆژەکەیان داوەتە پەرلەمان و چەندین ئۆڤەری دیکەیان بۆ قوتابیان وەرگرتووە لە زانکۆکانی جیھان.
عیرفان عەزیز، سکرتێری پێشووی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی تواناسازیی قوتابیان بیرۆکە و فکرەی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بووە و ئەوکات خۆم سکرتێری ڕێکخراوەکە بووم و پڕۆژەی تواناسازیمان پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کرد، بەڵام تا لە پەرلەمان کاری لەسەر کرا و پەسەند کرا، کابینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆتایی ھات و دکتۆر بەرھەم ساڵح لە شوێنی نێچیرڤان بارزانی بووە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەوکات پڕۆژەکە گەیشتە سەرۆکایەتیی ئەنجومەن و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئەوان بە دەرفەتیان زانی جێبەجێی بکەن و کاریان بۆ کرد، بەڵام لە بنەڕەتدا پڕۆژەکە ھی ئێمە بووە، وەک یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، نەک خەڵکی دیکە."
عیرفان عزیز ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "جگە لە پڕۆژەی تواناسازی، چەندین پڕۆژەی دیکەمان ھەبووە و لە ڕێگەی پەیوەندییەکانمان لەگەل زانکۆ پێشکەوتووەکانی جیھان ژمارەیەکی بەرچاوی قوتابیمان ڕەوانەی دەرەوە کرد بۆ خوێندنی باڵا، لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێتیی قوتابیانی کوردستان توانی بەشداری لە دەیان کۆنفرانسی زانکۆکانی جیھاندا بکات و پەیوەندی و سەردانمان بۆ زانکۆکانی ئەمەریکا و فەرەنسا و بەریتانیا و چەندین وڵاتی دیکە ھەبووە و ئۆڤەرمان بۆ وەرگرتنی قوتابیان وەرگرتووە، لەوەشدا قوتابیان و وەزارەتی خوێندنی باڵاش سوودمەند بوونە."
قائید میرۆ




