نێچیرڤان بارزانی له بانگەشەی هەڵبژاردن لە دهۆك ئاماده دهبێت

دهۆك-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٨ی پارتی دەڵێت، هاتنی جێگیری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پشكداریكردن لە بانگەشەی پارتی لە دهۆك، هاندەرێكی بەهێزە.
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ پشكداریی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان لە دهۆك دەكات و گوتارێكیش بۆ پاڵپشتیی لیستی ١٨٤ـی پارتی پێشكەش بە لایەنگر و جەماوەری پارتی دەكات لە پارێزگای دهۆك.
عومەر ئۆرەیی، بەرپرسی لقی ١٨ی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگهیاند: "جێگیری سەرۆكی پارتیمان، ئەمڕۆ دێتە دهۆك و ئێمەیش وەك هەموو كادر و ئەندام و جەماوەری لقەكانی پارتی لە پارێزگای دهۆك، بەخێرهاتنی دەكەین و وای دەبینین ئەمە هاندەر و پاڵپشتییەكی بەهێزە بۆ پارتیمان و، خۆشمان ئامادە كردووە و هەموومان پێكەوە پشكداریی بانگەشەی هەڵبژاردن بكەین و پشتیوانییش لە لیستی ١٨٤ـی پارتی بكەین".
ئۆرەیی گوتیشی: "هاتنی جێگیری سەرۆكی پارتی لەم كات و ساتەدا، گرینگییەكی زۆری هەیە بۆ پارتیمان لە دهۆك و، دەبێتە هۆی ئەوەی دەنگەكانی پارتی لە ناوچەكەماندا زیاد بكەن".
گوتیشی: "خەڵكی پارێزگای دهۆك، پارتی بە خاوەنی خۆیان دەزانن و هیچ بەدیلێكیان بۆ پارتی نییە، هیچ كەسیش ناتوانێت جەماوەرەكەی پارتی هەڵخەڵەتێنێت، چونكە ئەوان زۆر هۆشیارن و دەزانن ئەگەر پارتی و بارزانی نەبووبان، ئێستا حەشدی شەعبی لە ناوچەكەدا بە دڵی خۆیان هاتوچۆیان دەكرد و بڕیارەكان بە دەست وڵاتانی دەرەوە دەبوون".
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەیشی دا: "هەموومان دەزانین ناوچەكە بەرەو جەنگێكی گەورە دەڕوات و دەبێت هێزێك بتوانێت پارێزگاریمان لێ بكات، كە ئەویش تەنیا پارتییە".
كـــاروان بـــاعەدری




