كاندیدانی پارتی: بەرگریكارێكی سەرسەختی مافە دەستووری و یاساییهكانی هەرێمی كوردستان دهبین

هەولێر-KDP.info- بەشێك لە كاندیدانی پارتی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەڵێن، چوونمان بۆ بهغدا بۆ ڕێگری كردنه لە دەركردنی هەر یاسایەك كە دژی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان بێت.
كاوان ئیسماعیل، كاندیدی ژمارە 1 لەسەر لیستی پارتی لە پارێزگای هەولێر، گوتی: "ڕێگری دەكەم لە دەركردنی هەر یاسایەك كە دژی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان بێت، هەروەها كار دەكەم لەسەر دەركردنی ئەو یاسانەی بەپێی دەستووری عێراق دەبووایە دەرچووبانایە و تا ئێستا دەرنەچوونە، كە تەوافوقی سیاسی لە عێراقدا دەپارێزن".
بەشیر خەلیل، كاندیدی ژمارە 2 دەڵێت: "لە رووی ئایینییەوە دەمانەوێت ئەو پەیامە بە بەغدا بدەین كە ئەگەر ئەوان بیانەوێت بە ناوی ئایین و مەزهەبەوە پێشێلی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكانی كوردستان بكەن، ئێمە پێیان دەڵێین، ئەو ئایینەی كە ئەوان لە رێگەیەوە ماف بە خۆیان دەدەن، هەمان ئایین ئەو مافەی بە ئێمە داوە، هەروەها هەوڵی گەڕانەوەی پارەی جووتیاران دەدەین كە تێكەڵ بە سیاسەت كراوە، جگە لەوەش، زۆر جەخت لە زامنكردنی مافی هەموو پێكهاتە و نەتەوەكان دەكەینەوە".
محەممەدئەمین فارس، كاندیدی ژمارە 3ی پارتی لە سنووری لقی 10،دهڵێت: "دەمەوێت لە كاتی چوونم بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، بایەخ بەو پڕۆژانە بدەم كە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندان، هەروەها دژی ئەو پڕۆژەیاسایانە دەوەستمەوە كە دژی گەلی كوردستانن، لەگەڵ ئەوەیشدا هەوڵی دابینكردنی بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەكانی ئاو و بەنداوەكان دەدەم، لهگهڵ دابینكردنی بودجە بۆ هێزی پێشمەرگە، ئەوە كاری لەپێشینەی من دەبێت لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ئەوەی كوردستانێكی بەهێز و ئاوەدانمان هەبێت".
میادە محەممەد اسماعیل، كاندیدی ژمارە 4 لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەگەر دەنگی پێویستم هێناو چوومە ئەنجوومەنی نوێنەران هەوڵی پاراستنی یەكڕیزی ماڵی كورد دەدەم، بۆ ئەوەی لە بەغدا وتارێكی یەكگرتوومان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان بە دەست بهێنێن، ههروهها بەرگریكارێكی سەرسەخت دهبین لە مافە دەستووری و یاساكانی هەرێمی كوردستان، كە تا ئێستا پێشێڵ كراون لەلایەن بهغداوه، ههروههاو كار دەكەین بۆ ئەوەی پێگەی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بەهێز بكەین".
ڕابین شێروانی




